تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۳
مەقبەرەتوشوعەرا و کڕۆنا
سەعدوون مازووجی
 
ئەمڕۆ بەری بەیانی دۆستێک کە لە مشوورخۆرانی شاری مەهابادە تەلەیفوونی کرد و بیر و بۆچوونی منی سەبارەت بە  مەقبەرەتوشوعەرا پرسی. دیار بوو دەچوو بۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بەو باس و بابەتە. منیش عەرزم کرد وەختی خۆی زۆرم دەمەتەقە لەسەر ئەو شوێنە هەستیارەی شار و بگرە وڵاتەکەمان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو باسە لە ڕۆژەڤ دانەماوە. ئەو دەم و ئێستاش هەر وابیر دەکەمەوە کە دەبێ کەسی دیکە لە تەنیشت هێمن و هەژار نەنێژین و بۆ ڕاستایی ئاوەدانێ وا باشە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێ خۆشەویستێکیترمان لەو کەرتە بەخاک بسپێردرێ. نازانم بڵێم بەداخەوە یان بە خۆشییەوە کەسی ئاواش نەماوە بە خاکی ئەو شوێنەی بسپێرین. ئەگەر کەسێکیش هەڵکەوت پێیخۆش بوو کۆچ کردووەکەی خۆی لە خەڵکی هەڵاوێرێ ئەوە قەتعەی هونەرمەندان دیاری کراوە. لە ڕوانگەی منەوە هونەرمەند و نێودار لەگەڵ خەڵک دەژین و لەگەڵ خەڵک دەمرن و بەهیچ جۆرێک لە ژین و لە مردندا لە خەڵک هەڵنابڕێن. سەرەڕای هەمووی ئەوانە بەڕاستی باسەکەش سواوە و جێی بۆ درێژەدان نەماوە. 
 پاشان کە هەواڵەکانم چێک کرد سەروەخت بووم، بەداخەوە سەید نەجمەدین ئەنیسی ناسراو بە بەهاری مەهابادی کۆچی دوایی کردووە. هیوادارم ڕووحێکی شاد و گەردنێکی ئازادی بەنەسیب بێ و کەس و کاری سڵامەت و سەبوور بن. ئەو جار سەری خۆم خوێندەوە و بۆم دەرکەوت دۆستەکەم لەو پێوەندییەدا منی دواندووە.
 پاشان دوورتر ڕۆیشتم و هاتەوە بیرم دوو ساڵ لەمەوبەر، بەر لە هاتنی پەتای کڕۆنا مەرگ لە کوردستان بەگشتی و مەهاباد بەتایبەتی جازبەیەکی هەراوی پەیدا کردبوو. هونەرمەند یەک لە دوایەک دەمردن و لەسەر شانی جەماوەر، جار بەتەبایی و جار بەشەڕ لە سینگی گردی نێودارانی مەهاباد قایم دەکران. زۆر کەس کە ئەو ڕێوڕەسمانەیان دەدیت لە دڵی خۆیاندا وازیان لەو ژیانە نەگبەتەی ئێستا دەهێنا و ئارەزووی مەرگیان دەکرد. شارەکان هەموو دەحەولی ساز کردنی مەقبەرەتوشوعەرا کەوتبوون و... 
هەر وەک هەموو دەزانین تەواوی تێکۆشانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە سامانی مادی و مەعنەوەییە، یەکێک لە لایەنەکانی سامانی مەعنەویش نێو و نێوبانگە. زۆر ڕەوایە مرۆڤ لە درێژەی ژیانیدا بەشێوەیەکی ئاسایی بەشوێن وەدەس هێنانی نێوبانگەوە بێ و بەو بۆنەوە لەوانەیە کەس سەرکۆنەی نەکا. بەڵام ئەگەر بێتوو تەماحێ بکا و لە ڕادەی ئاسایی بترازێ ئەوا تووشی کێشەی جۆراجۆر دەبێ و لەوانەیە سەر و ماڵیشی تێدابچێ. 
 وەدەس هێنانی نێوبانگیش هەر وەک سامانی مادی هاسان نییە. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بکەین ئەو دوو بەشە واتا سامانی مادی و سامانی مەعنەوی وێڕای جیایی ، تێکەڵاویش هەن و لەسەر یەکتر کاردنەوەیان دەبێ. زۆر جار مرۆڤ لە سامانی مادی ڕا بە سامانی مەعنەوی و نێو و نێوبانگ دەگا و بەپێچەوانە هەڵدەکەوێ لە سامانی مەعنەویش ڕا بە سامانی مادی دەگا. تێکەڵ کردنی ئەو دوانە لەو سەردەمەدا و بە یارمەتی سۆسیال میدیا، بۆتە دیاردەیەکی زۆر ناحەز و وەک پەڵەیەک بە ڕووخساری مرۆڤی ئەو هەرێمەوە نووساوە.
 پەتای کڕۆنا ئاڵوگۆڕی زۆر جیاوازی لە کۆمەڵگای ئێمە و مرۆڤایەتی دا پێكهێنا. یەکێك لەو ئاڵوگۆڕانە ناوەرۆک و مەفهوومی مەرگ بوو کە بە نۆبەی خۆی کاردانەوەی لە سەر ناوەرۆکی ژیانیش دانا. کڕۆنا هەم ئەو هەرمانەی کە لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردن دەکەوتەوە لە مەرگ ستاندەوە و هەم تاڵییەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو داشکاند. بەچەشنێک ئیتر کەمتر کەس ئارەزووی مەرگ و هەڵگیران بە شانان و نێژران لە تەنیشت نێودارانێکی  وەک هێمن و هەژار دەکا. چوونکە ئەو ئارەزووە مومکین نییە. لەسەردەمی کڕۆنادا هەموومان وەک یەک و بێ جیاوازی و هەراوهوریا سەر دەنێینەوە. ئیتر ئەوانەی لە درێژەی ژیاندا بە نێوبانگ نەگەیشتبن لە مەرگدا پێی ناگەن. 
 دەبێ بزانین کە مەقبەرەتوشوعەراش بەشێکە لە شاری خامۆشان و هەرمانی لێ نییە، هەرمان و جاویدانە بوون لە بەستێن و سینگی ژیان دایە. بۆ گەیشتن بەهارمان دەبێ بەشێوەیەکی جیاواز بژین، نەک بە شێوەیەکی جیاواز بمرین.
 هەر بۆیە تکا دەکەم لە بەرپرسانی پێوەندیدار چ ئەوانەی کەرتی دەوڵەتی و ئیدارین و چ ئەوانەی مشوورخۆر و هەیئەت ئومەنان بەسەبک و شێوازی ڕابردوو کە زۆر خەساربار بوو بابەتەکە نەبزێون. زەمان زۆر گرفتی چارەسەر کردووە، سەر کردنەوەیان بەسەڵاحی هیچ لایەک نییە.