تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۷
فایەق بێکەس لە مامۆستایەتی قوتابخانەوە هەتا نووسینی شێعری کوردی
"فایق عەبدوڵڵا به‌گ" بە فایەق بێکەس ناسراوە. بنچینه‌ی بنه‌ماڵه‌یان له قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتووه‌ته سلێمانی و خۆی له ساڵی ١٩٠٥ی زایینی‌دا له گوندی سیته‌ك هاتووه‌ته ژیانه‌وه، ئه‌و دێیه‌ش بیست كیلۆمیترێک له باكووری ڕۆژهە‌‌ڵاتی سلێمانی‌یه‌وه‌ دووره کە ئەو سەردەم ناوەندی "شارباژیر" ‌‌‌‌‌‌بووه.
"بێکەس" ساڵی یه‌كه‌م‌ و دووهه‌می ته‌مه‌نی له سیته‌ك به‌سه‌ربردووه‌و، پاشان ماڵیان هاتووه‌ته‌وه‌ سلێمانی. هه‌ر به مناڵی باوكی له حوجره‌ی فه‌قێ وەبه‌ر خوێندنی ناوە.
له ساڵی ١٩١١دا باوكی به ئیشی میری نێرراوه بۆ خانه‌قین و له‌وێوه‌ بۆ به‌غدا بەڕێ کراوە. له به‌غداوه ئه‌نێرێ به دوای ماڵ ‌و مناڵه‌كه‌‌یدا و ئه‌یانباته‌ لای خۆی. پاش ساڵێك خۆی چووه بۆ توركیا و ئه‌وانی له به‌غدا به‌جێهێشتووه. ئیتر فایەق بێکەس دوای ئەم ڕۆیشتنە باوكی نه‌دیوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌مه‌ سه‌‌عیدی برا گه‌وره‌ی له ئاوی ده‌جله‌دا ئه‌خنكێ و دوابه‌دوای ئه‌و دایكیشی كۆچی دوایی ده‌کات و فایق ئه‌كه‌وێته‌ لای خاڵی. ئه‌ویش‌ پاش چه‌ند مانگێك ئه‌مرێ ‌و فایق ‌‌و تاهیری برای ‌بچووكی به بێكه‌سی ئه‌مێننه‌وه.
ئه‌و ساته‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهان هه‌ڵده‌گیرسێت، ڕێی هاتوچۆی نێوان به‌غدا و سلێمانی ده‌گیرێت. "حاجی ئه‌مینی كاكه حه‌مه‌"ی مامی له‌ سلێمانییه‌وه ئه‌نێرێته‌ لای "حاجی عه‌لی ئاغا"، ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بووه، كه‌ چاودێری فایق ‌و براكه‌ی بكات و هه‌ر میراتێكیان له باوك ‌و دایكیانه‌وه بۆ مابێته‌وه بۆیان خه‌رج بكا. ئه‌ویش ئه‌یانداته ده‌ستی کەسێک بەناوی "حه‌به‌خان" کە خێزانی ئه‌فسه‌رێكی خه‌ڵکی سلێمانی بووه‌ و له به‌غدا دانیشتووه.
ژنه‌كه‌ش ئه‌یانخاته ژێر باڵی به‌زه‌ییی خۆی ‌و ورده ورده پێشیان ئه‌خوێنێت. دوو سێ ‌ساڵێك به‌م جۆره ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن.
له ساڵی ١٩١٧دا كه‌ساسییه‌كی زۆریان تووش ده‌بێ. له ساڵی ١٩١٨دا حه‌به‌ خان ئه‌یانباته‌وه بۆ سلێمانی بۆ لای "حاجی ئه‌مین"ی مامیان و لەوێوە بەجێیان دەهێڵێت.
فایەق له سلێمانی ئه‌خرێته‌ قوتابخانه ‌و له پۆلی سێهه‌مدا وه‌رئه‌گیرێ‌ و تا ساڵی ١٩٢٣ له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌موو ساڵێ به یه‌كه‌م ده‌رئه‌چێ. له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌ر ئاره‌زووی مامی ئه‌چێته‌ قوتابخانه‌ی "علمیه‌" له كه‌ركووك. به‌ڵام بۆی جێبەجێ نابێت له‌وێ بخوێنێت، هەر بۆیە ده‌چێته‌ به‌غدا و ساڵی ١٩٢٤ – ١٩٢٥ له "دار العلوم" به‌سه‌ر ئه‌بات. له‌وێش لەبەر بژێوی ژیان له ساڵی ١٩٢٧دا بۆ سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه. 
له ساڵی ١٩٢٨دا بۆ ماوه‌ی چه‌‌ند مانگێك له هه‌ولێر ژیاوه. له‌‌و سه‌رده‌مه‌دا "قاله‌ی ئایشه‌ خان" ئه‌ندازیاری ئه‌شغاڵ بووه ‌و سه‌رپه‌رشتی كردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر - ڕه‌واندز - ڕایاتی كردووه. بێ‌که‌‌س دۆستی له ئه‌شغاڵ دامه‌زراندووه‌. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بێ‌كه‌س ئه‌بێ به مامۆستای "زانستی" و له ساڵی ١٩٢٩دا ئه‌بیستێ باوكی له مه‌رعه‌ش له توركیا مردووه. له ساڵی ١٩٣٠دا به هه‌ر ده‌ردی ‌سه‌ریه‌ك بووه به‌دوای میراتی بابیدا دەچێتە توركیا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به نائومێدی ئه‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شه‌شی ئه‌یلوول له دژی هه‌ڵبرژادنه ساخته‌كه‌ی ده‌زگای پادشایه‌تی ڕوویدا. بێ‌كه‌س یه‌كێك بوو له‌و نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی سه‌ركرده‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یان كرد و تێیدا برینداریش بوو.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و ڕۆڵه‌دا ئه‌یگرن ‌و ئه‌یخه‌نه به‌ندیخانه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م به‌شداربوون ‌و سه‌ركرده‌یییه‌ی له‌سه‌ر کاریش لایئه‌به‌ن. هۆنراوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی "ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتوونی تۆم..."ی له ناو به‌ندینخانه‌دا نووسیوه‌ته‌وه.
ئه‌و ساته‌ی له‌ به‌ندینخانه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه، قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی تێدا بڵێته‌وه ‌و پێی بژی. له ساڵی ١٩٣٣دا میری وه‌ر‌ئه‌گرێ به مامۆستا ‌و ئه‌ینێرێته‌ مۆرتكه‌ی بازیان ‌و پاشان بۆ ته‌وێڵه‌ دەنێردرێت. له هاوینی ١٩٣٥دا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه مامۆستایه‌ك، له‌وانه‌ش یه‌كێكیان مامۆستا گۆرانی شاعیری به‌ناوبانگ بووه، به‌شداری له کۆرسێکدا كردووه له به‌غدا بۆ مامۆستایان ئاماده‌ كراوه. بێ‌كه‌س له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستای قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بازیان بووه.
له ساڵی ١٩٣٧دا له وزه‌ی میریدا نامێنێت. مامۆستایه‌كی نه‌ترسی وه‌ها له سلێمانیدا هه‌بێ گیانی خه‌بات ‌و كوردایه‌تی بڵاو بكاته‌وه، دووری ئه‌خاته‌وه بۆ حیلله‌ و پاش ساڵێك ئه‌ینێرێ بۆ عه‌ماره. به‌ڵام بێ‌كه‌س ڕازی نابێت بچێت و ده‌ست له ئیشه‌كه‌ی هه‌‌ڵئه‌گرێت و بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە. له‌وێش قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه و تا ساڵی ١٩٤١ وانه‌ی تێدا ده‌ڵێته‌وه. هەر دوای ئەم ڕووداوانە ئەبێتە مامۆستای قوتابخانه‌كانی میری ‌و تا ساڵی ١٩٤٨دا له قه‌ره‌داغ ‌و سلێمانی ‌و سورداش‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ مامۆستا ئه‌بێت.

بێ‌كه‌س جگه‌ له زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی و تاڕاده‌یه‌ك ئینگلیزیشی زانیوه‌. به‌تایبه‌تی له عه‌ره‌بیدا ده‌سێكی باڵای هه‌بووه. هۆنراوه‌یه‌كی زۆری عه‌ره‌بی له‌به‌ربووه.
فایق بێکەس شاعیرێکی نیشتمانپەروەر و دژی بێگانە پەرەستی و پڕوپوچ بوو. لە سەردەمی خۆیدا پاش "خانی" و "حاجی قادر" یەکێک لە دەگمەن ئاڵاھەڵگرانی نیشتمانپەروەری بووە. ھۆنراوەی "بیست و حەوت ساڵە"کەی ناوبراو، یەکێک لە ھۆنراوەی ھەرە مەنشوورەکانی وێژەی کوردی ئەژمار دەکرێت.
بێ‌كه‌س دووژنی هێناوه‌، ژنی هەوەڵی له ساڵی ١٩٣٥دا، به‌ڵام ‌پاش ساڵێك به نه‌خۆشی ده‌رده‌باریکه كۆچی دوایی كردووه ‌و مردنه‌كه‌ی كارێكی زۆری كردۆته سه‌ر ده‌روونی بێ‌كه‌س ‌و وای لێكردووه ماوه‌یه‌ك گۆشه‌گیری ببێت.
له‌م ژنه‌ی كچێك و له ژنی دووهه‌می دوو كچ ‌و كوڕێكی بووه، کە کوڕه‌که‌شی شاعیری گه‌وره‌ "شێرکۆ بێکەس" ه‌.
شایانی ئاماژەیە بێکەس لەڕێکەوتی ١٢ی دێسامبەری ١٩٤٨دا کۆچی دوایی دەکات و لەسلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.