تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۴
وێنەگرێکی کورد وەک باشترین وێنەگری مێژوویی بۆ ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژێردرا
محەممەد مەعسون سوەر، فۆتۆگرافەرێکی شاری دیاربەکری باکووری کوردستانە، لە پێشبڕکێی فۆتۆگرافی مێژوویی نێودەوڵەتی ( Historic Photographer of the Year 2021) بەشدار بوو کە لە نێو ٤٠ وێنەگری جیهاندا، وەک باشترین وێنەگر هەڵبژێردرا.
سوەر بە ٢٦ وێنەی مێژوویی شارەکانی باکووری کوردسان بەشداری لەو پێشانگایەدا کردووە، بەڵام بە وێنەیەکی پەیکەری پاشای کۆماگە، کە پەیکەرەکە لە شاری سامسوری باکووری کوردستانە، لەسەر چیای نەمرود، توانیی ببێتە باشترین وێنەگری ساڵ و وێنەکە بە باشترین هەڵبژێردرا.
 
 
لە نێو وێنەکانی‌دا پەیکەری دوو پاشای کۆماگە لە نێو بەفر، کە سەرنجی بەڕێوەبەرانی ئەو پێشبڕکێیەی ڕاکێشاوە.
ئەو پیشبڕکێ جیهانییە ساڵانە لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت، هەزاران وێنەگر لە سەرانسەری جیهان بەشداری تێدا دەکەن، ٤٠ وێنە دەچنە قۆناغی فیناڵ و وەک باشترین وێنە هەڵدەبژێردرێن.
ئەو پێشبڕکێیە جیهانییە و لەلایەن History Hit TV, Sky History TV، دەزگای پاراستنی سروشتی بەریتانیا (Historic England)، کۆمەڵەی هونەری وێنەی مێژوویی و Trip Historic ئەنجام دەدرێت.
شایانی ئاماژەیە، محەممەد مەعسون سوەر لە ساڵی ٢٠١٧ دا بە دوو وێنەی دیاربەکر بەشداری لە هەمان پێشبڕکێدا کردووە، لەو پێشبڕکێیەشدا توانیوێتی لە نێو ٤٠ وێنە، وێنەکانی بە باشترین وێنە هەڵبژێردرێن.