کۆنفرانسی نەتەوەیی مەریوانناسی ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی سەرماوەز بە هیممەتی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان و بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئەم شارە، بە بەشداریی بەرچاوی توێژەران و نووسەران و خەڵکی شاری مەریوان لە حاڵی بەڕێوەچوون دایه.
ئەم کۆنفرانسە میوانداری دەکات لە نووسەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
ڕۆژی ڕابردوو بە پێشوازیی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی مەریوان، میوانانی باشووری کوردستان لە سنووری باشماخ به دەستە گۆڵ پێشوازییان لێکرا.
بەگوتەی بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسی مەریوانناسی، دوو ئامانج لە پشت بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسەدایە، یەکەمیان دووبارە ناسین و دووبارە خوێندنەوەی مەریوان لە هەموو بوارەکان و ئامانجی دووهەمیش ناساندنی ئەم شارە بەدەرەوەیە.
فاتح مستەفایی، دەبیری کۆنفرانسی مەریوانناسی لەم بارەیەدا بە هاژەی گوت: کۆنفرانسی مەریوانناسی لە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە کە بەڕێوە بچێت کە لەبەر تەشەنەی پەتای کرۆنا بەڕێوەبردنی کۆنفرانس دواخرا.
مستەفایی ڕایگەیاند: سەرەتا لێژنەیەکی زانستی بۆ تاوتوێی تەوەر و بابەتەکان پێک هات. بانگێشتی زانایانی ئەم بوارە کرا تا لەسەر هەڵبژاردی بابەتەکاندا بڕیار بدەن. ۵۵ وتاری زانستی لەبارەی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئاو و خاک و ئابووریی مەریوان بۆ دەبیرخانەی ئەم کۆنفرانسە هات و لە کۆتاییدا ٢٢ وتار وەرگیرا.
دەبیری کۆنفرانسی مەریوانناسی هەروەها گوتی: ئەم کۆنفرانسە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاری شاری مەریوان بەڕێوە دەچێت. هەروەها کتێبی کۆنفرانسی مەریوانناسی کە بریتیە لە سەرجەم وتارەکانی کۆنفرانس بڵاو کرایەوە و دەتوانێ سەرچاوەیەکی زانستیی باش بێ بۆ کەسانی لێکۆڵەر.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی مەریوانناسی، پێشانگای وێنە کۆنەکانی شاری مەریوان و پێشانگای پەیکەرە دارینەکانی هونەرمەند "عومەر پزیشک" لە هۆڵی نیگارخانەی شاری مەریوان بە بەشداریی بەڕێوەبەران و میوانانی کۆنفرانس و بەرپرسانی شار کرایەوە.