تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۵
کورتە پێناسەیەکی کتێبی " مێژووی زانایانی ئایینی موکریان"
دوکتۆر محەممەد فروهەندە
 
 
کتێبی "مێژووی زانایانی ئایینی موکریان" کە نووسراوی مامۆستای وردبین و ژیر و زانای مەهابادی، کاک محەممەد ئەحمەدیانە، لە پەخشانگای "کوردستان"، لە شاری سنە و لە ساڵی ۱٤۰۰ی کۆچی هەتاوی لە  ٥٦۸ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە. ئەو بەرهەمە جگە لە پێشەکییەکی کورت، لە چەند بەشی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە بەشی هەوەڵ بە گشتی باسی حوجرە و مەلا و فەقێ و ڕەنگدانەوەی ئیسلام لە ئەدەب و فولکلۆری کوریدایە. بەشی دووهەم باس و بەسەرهات و ژیان‌نامەی چاردە مامۆستای گەورە و دەرس‌وێژی ناوچەی موکریانە. بەشی سێهەم کە لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین بۆخۆی دوو بەشە؛ لە بەڵگەو ئیجازەنامە و وێنەی کەسایەتییەکان پێکهاتووە. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی ناوەرۆک و جێگە و پێگە و بایەخەوە سووکە ئاوڕێک بدەینەوە سەر ئەو بەرهەمە و بە کورتی بیناسێنین؛ دەبێ بڵێم کە: ئەو بەرهەمە، بەرهەمێکی بەهێز و پێز و پڕناوەرۆک و فرەڕەهەند و پڕبایەخی بەستێنی کەسایەتی‌ناسی و مێژووی مامۆستایانی ئایینیی موکریانە کە بەتێر و تەسەلی باسی چەند مامۆستای پێشەنگ و گەورەی ئایینی دەکا کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە بوارەکانی پەروەردە و پێ‌گەیاندنی کەسانیتر و هەروەها پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ناوچەی موکریان و تەنانەت ناوچەکانیتری کورستان هەبووە. کاک محەممەد بە وردبینی و هەستیارییەوە و بە تەرخان‌کردنی کاتێکی زۆر ئەو بەرهەمە پڕبایەخەی بەدیهێناوە و وەها بە تێر و تەسەلی باسی بابەتەکانی کردووە و کەلێن و قوژبنی سەرچاوەکانی پشکنیوە کە جێگای پرسیاری بۆ خوێنەر و بەردەنگ نەهێشتۆتەوە. 
 
 
   
ئەگەر خاڵە بەهێزەکانی ئەو کتێبە لە پەنا یەکتر دابنێین؛ پێڕستێکی دوور و درێژ پێکدێنن کە ئەمن لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند دانەیەک دەکەم:
 
1ـــ  کاک محەممەد دەو کتێبەدا زۆر جار  ڕێکەوت و تاریخەکانی لە ڕووی بەڵگە و ئیجازەنامەکان ساغ کردۆتەوە و بە خوێندنەوەی ئەوان بە دڵنیاییەوە کوتویەتی کە فڵان مامۆستا لە کوێ و کەنگێ و لە لای کێ ئیجازەی وەرگرتووە. هەر ئەوەش دەکرێ لە بەدەست‌ هێنانی زانیاری دیکە و ڕوون‌کردنەوەی شتی‌تردا شوێنی هەبێ؛ چوونکە بەداخەوە ئێمە زۆر جار دەبینین کە لێکۆڵەر کەڵکەڵەی ڕوون‌کردنەوەی ڕاستییەکانی نییە و بە دیتنی هەر سەرچاوەیەک و بیستنی هەر قسەیەک لە هەرکەسێک ــ بێ‌تێفکرین و دوو و سێ لێکردن ــ ئەوەی بیستوویەتی یا خویندوویەتەوە، لە بەرهەمەکەیدا تۆماری کردووە و ئەوەش لە داهاتوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی پڕ لە هەڵە و پەڵەی بێ‌بایەخ کە کەسانی‌تریش دوای ئەو، هەر بەو شوێنەدا دەڕۆن و ئەو هەڵانە دووپات دەکەنەوە. ئەوەش زیان و زەرەرێکی زۆری هەیە و توێژەرانی داهاتوو بە لاڕێدا دەبا. بە بڕوای من ڕوون‌نەکردنەوەی ڕاستییەکان، بە تایبەت ڕێکەوت و تاریخەکان، جا بە هەر هۆیەک بێت ــ چ لاوازی لە زانیاریدا و چ کەترەخەمی یا پەلەکردن و بە سەر پەلی هەڵەداکەوتن ــ، تایبەتمەندیی ئەو کەسانەیە کە بە تاڵووکە دیواری خانوچکەی بەرهەم هەڵدەچنن تاکوو زوو نێو دەرکەن و بەو سوێراوە ئاگری تینوویەتی نێوبانگی پووچ و پووک دامرکێنن، بەڵام بێ‌خەبەر لەوەیکە وەها خانوچکەیەک بە کزەبایەکی لاواز تێکدەقرمێ! یا وەکوو بێچووی بەرهاویشتراو لە نیعمەتی ژیان بێ‌بەش دەبێ و زوو لە ناو دەچێ. ئەوانە تێنەگەیشتوون کە ئەسپی تاڵووکە سەرسم دەدا و سواری کرچ و کاڵی خۆی هەڵدەدێرێ! بەختەوەرانە کەسایەتیی کاک محەممەد کە لە سەرچاوەی زوڵاڵی زانستی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان پاراو بووە و لە ژێر سێبەری ئەو بلیمەتە پەروەردە کراوە، تینووی سوێراوی نێودەرکردن نەبووە و لەسەرەخۆ و بە ئەسپایی بەرەو ئامانج هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و پارێزگاری و هەست و سۆزی مرۆڤایەتیی ئەو کەسایەتییە بۆتە هۆی ئەوەیکە بەرەو ڕوون‌کردنەوەی ڕاستییەکان تێهەڵچێ و بە هەستیاری و خەمخۆرییەکی زۆرەوە بەڵگە دەستنووسەکان بخوێنێتەوە و ڕاستییەکانیان لێ‌دەرکێشێ و متمانە بە سەرچاوە لێڵەکان نەکا کە تژین لە هەڵە و پەڵە.
 
     2 ـــ خاڵێکی زۆر بەهێزی دیکەی ئەو کتێبە ئەوەیە کە نووسەر بە تەواوی ڕوونی کردۆتەوە کە کام مامۆستا لە کوێی خوێندووە و دواییش فەقێکانی کێ بوون ــ بە تایبەت ئەو فەقێیانەی کە بەرچاو بوون و لە داهاتوودا بوونەتە کەسایەتی گەورە ــ؛ لە حاڵێکدا لە سەرچاوەکانی‌تردا جاری‌وایە دەبیندرێ کە فڵان کەسیان بە فەقێی فیسار مامۆستا داناوە کە دەیان ساڵ و بگرە زۆر زیادتریش پێش ئەو ژیاوە و قەتیشیان یەکتر نەدیوە! هۆی ئەو هەڵەیەش دیارە کە وردنەبوونەوە و تێنەفکرین و نەخوێندنەوەی بەڵگە و ئیجازەنامەکان و نەبوونی زانیاری تەواو لە سەر ژیانی کەسایەتییەکان و لاوازیی زانیاریی مێژووییە.
   3 ـــ کاک محەممەد جگە لەو کەسایەتییانەی کە دە پێڕستی کتێبەکەدا هێناونی، لە ژێر لاپەڕەکان و لە کەلێن و قوژبنی پاڕاگڕاف و دێڕەکاندا کەسایەتی‌گەلی‌تریشی ناساندووە و نێوی زۆر شوێن و عێل و تەنانەت زاراوەشی شی‌کردۆتەوە و لە هەر شوێنێک دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە، بە پەنجەی ڕەنگینی، لە زمانی قەڵەم، بە لووزەو زانیاری هەڵڕشتووە و لێزگەی مرواری پێکهێناوە و ئەوەش بایەخی کتێبەکەی هێندەی‌تر بەرز کردۆتەوە.
 
   4 ـــ نووسەر دەو کتێبەدا وێنەی کەسایەتییەکان و بەڵگە و ئیجازەنامە و دەستنووسەکانیشی هێناون، کە دەبنە هۆی ئەوەیکە خوێنەر و بەردەنگ جۆرێک پەیوەندی دەگەڵ ئەو کەسایەتی و خاوەنی ئەو بەڵگە و وێنە و دەستنووس و ئیجازەنامانە پەیدا بکا و تەنیا بە بیستن و لە ڕۆچنەی گوێوە نەیانناسێ بەڵکوو چاویش پشکی خۆی لە ناسین و دیتنی ئەوان وەرگرێ و وێنەی ئەوان لە ئاوێنەی زەیندا وێنا بکا؛ چونکە زۆربەی خوێنەران ــ بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان کەمە یا لەو ناوچە نەژیاون ــ ئەو کەسایەتی و ئەو بەڵگە و دەستنووسانەیان نەدیوە.
 
     5ـــ بڵاوکردنەوەی فتوای مەلاخەلیلی گۆڕۆمەری و خوێندنەوە و ساغ کردنەوە و شی‌کردنەوە و خستنە بەرچاوی خوێنەر و بەردەنگ بۆ هەوەڵ جار، بە چەشنێک کە خوێندنەوەی بۆ هەر خوێندەوارێک بووز بخوا، یەکی‌تر لە خاڵە بەهێزەکانی ئەو کتێبەیە، چونکە بێ‌گومان کەسانێکی زۆر چاوەنواڕی دیتنی ئەو فتوایە و خوێندنەوەی ئەو بوون و بە دیتنی کەیف‌خۆشن و چاویان ڕوون بۆتەوە. مەلاخەلیل دەو فتوایەدا داسەپاندنی جل و بەرگی فەڕەنگی لە لایەن ڕەزاخانەوە بە حەرام زانیوە و خەلیل‌ئاسا لە بەرامبەر ئەو نەمروودە ملهوڕەدا ڕاوەستاوە. هێندێک پێیانوایە کە لەژێر ڕووبەندی ئایینی ئەو فتوایەدا ڕەنگی نەتەوەخوازی شاردراوەتەوە و مەلا خەلیل هەست و سۆزی نەتەوەخوازانەی هەبووە و لە بەرامبەریشدا ڕەزاخانی گۆڕبەگۆڕی بێ‌فەڕ و بەدفەڕیش ئامانجی ئەوە بووە کە هەست و سۆزی نەتەوایەتی بسڕێتەوە و بە یەکڕەنگ کردنی جەماوەر باشتر بتوانێ سواری ملیان بێت و چەڵەمەی کۆیلەتییان دە مل بکا.
 
   6 ـــ هەرچەند ئەو بەرهەمە بە نێوی "مێژووی زانایانی ئایینی موکریان" نێودێر کراوە بەڵام لە ژێر پەردەی ئەو نێوە، هەڵگری زۆر بابەتی دیکەشە و بە بڕوای من دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر ــ نەک بە تەواوی ــ وەک مێژووی ئەندێشەی ناوچەی موکریان و مێژووی سیاسی، زانستی، فەرهەنگی، کولتوری، ئەدەبی و ... سەیری بکەین، چونکە نووسەر دەو کتێبەدا باسی حوجرە و مامۆستایانی دەرس‌وێژ و بە ناوبانگی ئەو حوجرانەی کردووە و ڕوونی کردۆتەوە کە لەو حوجرانە کام زانست و دەرسانە خوێندراون یا دەخوێندرێن و کام مامۆستا بۆ کام زانست لێهاتووتر و بەتواناتر بووە و لە زۆر شوێنیش باسی بیر و فکری ئەوانی کردووە کە بیریان کراوە بووە یان نا؛ نەتەوەخواز بوون یا دینداری تەک ڕەهەند؛ پێشکەوتن‌خواز بوون یا پێداگری نەریت و ڕابردوو؛ ئەگەر پێشکەوتن‌خواز یا نەتەوەخواز بوون، جەماوەر چۆنیان هەڵس‌وکەوت دەگەڵ کردوون؟ هەروەها ژیان‌نامەی ئەو مامۆستا و کەسایەتییانەی بە تەواوی ڕوون کردۆتەوە و ئەو زانیارییانەش بە جۆرێک بۆ مێژوونووسی و کەسایەتی‌ناسی و کۆمەڵناسی و ئاگاداری لە تێپەڕبوونی ڕەوتی عیلم و زانست کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێ. هەروەها ناساندنی شوێن و مزگەوتەکان و ڕوون‌کردنەوەی ڕێکەوتی بنیات‌نانیان، پێوەندی بە زانستی ئاوەدان‌کردنەوە و کۆنینەناسییەوە هەیە و لێکۆڵەری ئەو بەستێنە دەتوانێ کەڵک لەو سەرچاوەیە وەرگرێ. لەو شوێنانەش کە نووسەر باسی بیری نەتەوەخوازی و نوێ‌خوازی و بیرئاواڵەیی مامۆستایەک دەکا و بەربەرەکانی مێشک وشکانی وەدواکەوتوو دێنێتە گۆڕێ، پێوەندی بە مێژووی بیر و فکری خەڵکی ئەو ناوچەوە هەیە و ئەو بەرهەمە دەتوانێ سەرچاوەیەکی متمانە‌پێکراوی توێژەرانی ئەو بەستێنانە بێت؛ یا کاتێک کە باسی شۆڕشی مەلاخەلیل دەکرێ و باسی بەربەرەکانی ئەو دەگەڵ ڕەزاخان دێتە گۆڕێ و لێک‌دابڕان و دووبەرەکی عەشیرەکان وەدیار دەکەوێ، پێوەندی دەگەڵ پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەو ناوچە هەیە و بۆمان دەردەکەوێ کە هۆکاری تێکشکانی ئەو شوڕشە و جوانەمەرگ بوونی ئاواتەکانی ئەو گەلە، خۆخۆری و پشتی یەکتر نەگرتنە.
 
    ـــ لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم کە کاک محەممەد کاتێکی زۆری بۆ نووسینی ئەو کتێبە تەرخان کردووە و ماوەیەکی زۆری لە تەمەنی بەنرخی خۆی لەو پێناوەدا داناوە و زۆر یەک لە بابەتەکانی وەکوو وتار، پێشتر بڵاو کراونەتەوە؛ هەر بۆیە مامۆستا دەرفەتی هەبووە کە ئەگەر ئەو وتارانە کەم‌وکوڕییەکیان هەبووبێت، پێیاندا بچێتەوە و لێیان زیاد بکا یا هەڵەکانیان بسڕێتەوە ــ هەرچەند پێموایە  و ئەرخەیانم لەوەی کە بەرهەمەکانی کاک محەممەد، لەو بەستێن و بوارە پسپۆڕی‌یە تایبەتەدا، بە هۆی وردبینی و هەستیاری ئەو مامۆستایە هەڵەیان نابێ یا ئەگەر هەشیان بێت، زۆر دەگمەنە ــ . گەر بمهەوێ کورتی  ببڕمەوە دەڵێم کاک محەممەد دەو بەستێنەدا پسپۆڕە، چونکە بێجگە لە زانیاری و لێهاتوویی و ئاگاداری و هۆش و زەینی باشی خوداپێداوی، کوڕی مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیانە و لە ژێر سەرپەرشتیاری ئەو زانا هەڵکەوتەیە پێگەیوە و هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە فرچکی بە زانست و زانیاری و کەسایەتی‌ناسییەوە گرتووە و بە هۆی هاتوچۆی مامۆستا دەگەڵ کەسایەتییەکان و دیتنی ڕاستەوخۆی هێندێکیان و کەڵک وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوەباشەکانی کە بابی بەڕێزی دابینی کردبوون و بیستنی زانیاری زۆر لە زمانی مامۆستا ئەحمەدیان، لەو بارەوە بەئەزموون و لەکڵ‌دەرهاتووە و خوڵقاندنی وەها بەرهەمێک ــ بە تایبەت لە ناوچەی موکریان ــ ڕەنگە تەنیا لە دەست ئەو بهاتبایە و کەسی‌تر نەیتوانیبایە ئەو کارە بکا و ئەگەر کاک محەممەد هەنگاوی بۆ ئەو کارە هەڵنەهێنابایە، ئەو بەرهەمە بەنرخە لەکیس چووبایە و کەس چاوی بە دیتنی ڕوون نەبووبایەوە. پێموایە تاکەسواری ئەو گوڕەپانە_ واتە گۆڕەپانی "مێژووی زانایانی ئایینی موکریان" _ لەو ناوچە و مەڵبەندە، هەر ئەوە و تەنیا ئەو دەتوانێ ئەسپی خۆشبەزی قەڵەم لەو بەستێن مەیدانەدا لێنگ بدا. ئەگەر بڵێم کە کاک محەممەد ئەو بەرهەمەی جۆرێک خوڵقاندووە کە ناکرێ لەوە باشتر بێت و پێوە زیادکردنی دەبێتە هۆی دزێوی و تێکدانی و بە قەولی عەڕەبان "الزیادةُ عَلَی التّمامِ نُقصانُٗ"؛ پێموابێ مەرایی و زمان‌لووسی و قسەی بێ‌جێ‌ و ڕێم نەکردووە.
 
    ــ دوایین قسەم ئەوەیە کە: بڵاو بوونەوەی ئەو بەرهەمە، ڕووداو و خەبەرێکی خۆش و دڵخۆشکەر بوو بۆ گشت دڵسۆز و ئۆگرێکی فەرهەنگی و ئەدەبی و زانستی و سیاسی و مێژوویی و تەواوی بوارەکانی‌تری زانست و بە هاتنی ئەو کتێبە بۆ نێو کتێبخانەی کوردی، کتێبێکی بەهێز و پێز و پڕناوەرۆک و فرەڕەهەند و هەرمان بە کتێبخانەی کوردییەوە زیادبووە کە بۆ توێژەران و لێکۆڵەرانی داهاتوو سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و بەکەڵکە و هەرکەسێک دەتوانێ پشکی خۆی لێهەڵگرێ و لەو سەرچاوە هەڵێنجێ. گشت ئەو کەسانەی کە ئۆگریان بە مێژووی ئەو ناوچەیە هەیە ــ جا هەر لق و بەشێک لەو مێژوویە بێت ــ یا دەیانهەوێ ژیان‌نامەی کەسایەتییەکان بنووسن یا لە مەڕ بارودۆخی سیاسیی ڕابردووی ئەو ناوچەیه لێکۆڵینەوە بکەن یا لە بارەی ڕەوتی فکری و ئایینی و نەتەوەخوازی و کۆمەڵناسی و زانستیی ئەو خەڵکە توێژینەوە بکەن؛ یا لە سەر ئاسەوارناسی و ناساندنی بینا و مزگەوتەکان بابەت بنووسن یا بە گشتی مێژووی ئەو ناوچەیە بنووسن، سەرچاوەیەکی بەهیز و بڕواپێکراویان لەبەردەستدا دەبێ.