تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۹
مێژووی بوونی کوردەکان لە ئەرمەنستان
 
 


 

مێژووی بوونی کوردەکان لە قەفقاز بۆ سەردەمی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە و لەوانەیە بتوانین لە سەردەمی خەڵکانی هیند ئوروپاییدا پەیدۆزییی بکەین.

گەرچی لەم بوارەدا بەڵگەنامە مێژووییەکان دەگەمەنن بەڵام هێندێک لە خاوەنڕایان لەسەر ئەم بڕوایەن کە لە سەدەی یەکەمی پێش زایین، گەورە شانشینی ئەرمەنستان ناوچەی کۆردئۆن داگیر دەکات و هێندێک سەرچاوەش ئەم ناوچەیان بە کوردستان نێو هێناوە.

دواتر کۆردئۆن پەیوەستی خاکی کۆماری ڕۆم دەکرێت و بە ماوەی چوار سەدەیە لەژێر دەستی ڕۆمییەکاندا دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی چواری زایینی بۆ جاری دووهەم دەبێتەوە بە بەشێک لە ئەرمەنستان و هەتا ساڵی ٤٢٨ی زایینی بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.

هەڵبەت ڕووبەری کۆردئۆن لەوەی ئێستا پێی دەڵێن کوردستان چکۆلەتر بووە و زۆرتر باشووری زەریاچەی وان و دەوروبەری ناوچەی ئامەدی لەخۆ گرتبوو.

دەتوانین بڵێین کە تێکەڵبوونی کوردەکان و ئەرمەنستان لەو سەردەمەڕا دەستی پێکردووە.

 
 
 
 

بە پێکهاتنی پەیوەندیی ڕکابەرانەی نێوان زلهێزەکانی ئەو سەردەم یانی ئیمپڕاتووڕیی ئێران و ڕۆم کوردەکان دەوری لەمپەریان هەبوو.

دوای گرتنی ئەم ناوچەیە لەلایەن موسوڵمانەکانەوە لە سەدەی حەوتی زانیینیدا ئەوجار ئەم ناوچەیە بوو بە لەمپەر لەنێوان ڕۆمی ڕۆژهەڵاتی و خیلافەتی ئیسلامی.

لەم دەورەیەدا کوردەکان و ئەرمەنییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان چ لە بواری کلتووری و چ لە بواری ڕامیاری لێکتر جیابوونەوە. ئەرمەنییەکان ئایینی مەسیحییەتیان وەک ئایینی فەرمیی خۆیان هەڵبژارد لە کاتێکدا زۆربەی کوردەکان ڕوویان لە ئایینی ئیسلام کرد.

جیاوازییەکان لە هەڵبژاردنی ئایین لە ڕوانگەی ئەو دوو بەرەیەدا خۆی نیشان دا، بەشێوەیەک کە ئەرمەنییەکان بەپێچەوانەی کوردەکان لەجیات بایەخە ڕۆژهەڵاتییەکان، بایەخە ڕۆژئاواییەکانییان وەرگرت.

بەڵام وێڕای ئەو جیاوازییانە ژیانێکی ئاشتیانەیان پێکەوە بەڕێ کردووە و ڕاپۆڕتی مێژوویی زۆر کەم لە بابەت کێشە و گرفتی ئەم دوو گەلە بوونی هەیە.

 
 

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا دەورگێڕێکی نێونەتەوەیی تر خۆتێهەڵقوتانەکانی خۆی لە کاروباری ناوچەکە دەست پێکرد. ڕووسییە کە بە چاکسازییەکانی پێتێری کەبیری هاتە ناو جەرگەی زلهێزەکانەوە دەستی کرد بە بەرفراوانکردنی قەڵەمڕەوی خۆی. ئەو دەستێوەردانانە بوو بە هۆکاری سازبوونی شەڕ لەنێوان ڕووسیا، ئێران و ئیمپڕاتووریی عوسمانی لە سەردەمی هاوچەرخدا.

لە کاتی شەڕی نێوان ڕووسیا و عوسمانی، ئیمپڕاتووری عوسمانی هەڵوێستی زۆر تووند و تیژی لە بەرامبەر کەمینە ئایینییەکانی وەک ئیزەدییەکان و مەسیحییەکان پەیڕەو و کرد و بەزۆر بەرەو ناوچەی قەفقاز کۆچی پێکردن.

هێندێک لەسەر ئەم بڕوایەن کە ڕیشەی بوونی کوردەکان لە ئەرمەنستان و قەفقاز بۆ کوردە ئیزەدییەکان دەگەڕێتەوە. 

دواتر ئەو کوردە موسوڵمانانەی بەرەو ئەرمەنستان کۆچیان کردبوو بەهۆی هاوچەشنیی ئایینی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان چوونە ئەو وڵاتە.

دوای شۆڕشی ڕووسیە، دەوڵەتی نوێی کۆمۆنیستیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٢٣دا بە دروشمی "مافی چارەی خۆ نووسین" کۆمارێکی خودموختاری لە کۆماری ئازەربایجاندا بە نێوی کوردستانی سوور دامەزراند. ئەم بابەتەی لە بەشی کوردەکانی ئازەربایجاندا بەشێوەیەکی ورد دێنینە بەرباس.

 

 
 

حەشیمەت

بەپێی هێندێک سەرچاوە، لە کاتی دەسەڵاتداریی سۆڤییەتدا زۆرتر لە هەشتاهەزار کورد لە ئەرمەنستان دەژیان کە نیوەیان کوردی ئیزەدی بوون.

لە سالی ٢٠٠٢دا توێژینەوەیەک لەلایەن رێکخراوەی ئاسایش و هاوکاریی ئوروپا و دەوڵەتی ئەرمەنستان لەسەر کەمینە نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە لەچاپ درا. لەم توێژینەوەیەدا کوردەکان و ئیزەدییەکان وەک دوو نەتەوەی جیاواز باس کرابوون و ڕێژەی کوردەکان ٦هەزار و ڕێژەی ئیزەدییەکان ٥٧هەزار کەس خەمڵێندرابوون. بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە ئێستادا نزیکەی سەت هەزار تاکی کورد لە ئەرمەنستاندا ژیان بەسەر دەبەن.

بە پێی وتاری گۆرین، کوردە موسوڵمانەکان زۆرتر سەر بە ئایینزای شافیعین و لە سۆفییەکانی دوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی ئەژمار دەکرێن. کوردە موسوڵمانەکان لە نزیک سنورەکانی ئازەربایجان و کوردە ئیزەدییەکان لە ناوەڕاست و دەوربەری ئاڕاڕات نیشتەجێن.

 
 
 
 

ژیانی کۆمەڵایەتیی کوردەکان لە ئەرمەستان

گەرچی ڕێژەی کوردەکان لەو وڵاتە بەرچاو نییە بەڵام دەوری کاریگەر و بەرچاویان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئەم وڵاتەدا هەیە. ئێستا کوردەکان بە شێوەی جیا جیا لە شارەکانی ئەبوویان و ماسیسدا دەژین. هەروەها ڕێژەیەکیشیان لە گوندەکان سەرقاڵی کشتوکاڵ و باغدارین.

کوردەکانی ئەرمەنستان بە زاراوی کرمانجی قسان دەکەن و هەروەها زۆربەشیان دەتوانن بە ئەرمەنی و هایڕێنی بئاخەفن. هێندێکیشیان جگە لەم زمانانە ڕووسیش فێربوونە.

کوردە ئیزەدییەکانیش بە زاراوەی کرمانجی قسان دەکەن. دەتوانین بڵێین ئەو کرمانجییەی ئیزدییەکان قسەی پێ دەکەن ڕاوێژێکی ڕەسەن لە زاراوەی کرمانجییە.

ئیزەدییەکان بەشێوە گرووپ گرووپ و جیا جیا لە ناوچە گوندییەکانی ئاراگاتس، ئارماویر، ئاچمیادزین و ماسیسدا نیشتەجێن.

لە ساڵی ١٩٢٩دا خوێندن بە زمانی کوردی لە ئەرمەنستان دەستی پێکرد. لە قووتابخانەکانی ئەرمەنستان هەم بۆ کوردە موسوڵمانەکان و هەم بۆ کوردە ئیزەدییەکان خوێندن بە زمانی دایکی مسۆگەرە. بۆ کوردە ئیزەدییەکان هێندێک خوێندنگاش بۆ فێربوونی ئایین ئیزەدی تەرخان کراوە.

لە قووتابخانە تێکەڵاوەکانیش، ئەو پۆلانەی زیاتر لە پێنج قووتابیی کوردیان هەبێ دایکوباوکەکان دەتوانن داخوازی بکەن کە مناڵەکانیان فێری ئەدەبیاتی کوردی بکرێن.

 

 
 

هونەر و وێژە

کۆمەڵگای کوردەکانی ئەرمەنستان چەندین ڕێکخراوەی نادەوڵەتییان هەیە وەک ڕێکخراوەی نەتەوەیی ئیزەدییەکانی ئەرمەنستان و جیهان.

لە ساڵی ١٩٣٤دا یەکێتی نووسەرانی ئەرمەنستان لقی نووسەرانی کوردی ئەرمەنستانی کردەوە کە ئەم بەشە توانی هەتا ساڵی ١٩٧٠ زیاتر لە ٥٠هەزار سەردێڕ کتێب بە زمانەکانی کوردی، ئەرمەنی و ڕووسی لەسەر بوارە جیاجیاکانی ژیانی کوردەواری بڵاوبکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٩دا ئاکادیمیا زانستی ئەرمەنستان دێپارتمانی کوردشناسیی بۆ بەڵگەمەندسازی و توێژینەوە لەسەر گشت لایەنەکانی کلتووری کوردی و هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندییەکان کورد و ئەرمەنستان دامەزراند.

لە ئەنیستووتی ڕۆژهەڵاتناسیی مۆسکۆ، خوێندکارەکانی زمان و وێژەی کوردی چالاکیی بەرچاویان هەیە و لەم بارەوە ڕێژەیەکی زۆر پەڕتووک، وتار و لێکۆڵینەوەی زانستی بە زمانەکانی ڕووسی، ئازەری و ئەرمەنی بڵاوکراوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٤٦دا گروپێکی شانۆ بە ناوی "گرووپی شانۆی ئەلەگەزی" چەندین شانۆگەریی پێشکێش کرد. ئەلەگەز ناوی ناوچەیەکی کوردنشین لە باکووری ڕۆژئاوای ئیرەوانە.

 
 
 
 

لە ساڵی ١٩٢١دا یەکەم کتێبی کوردی بە ناوی "شەمس" لە سۆڤییەت لەچاپ دەدرێت کە ڕێنووسەکەی بە ئەلفوبێی ئەرمەنییە و لەلایەن کەسێک بە ناوی "هاکووب خازاریان" ناسراو بە "لازۆ"وە لە شاری ئاچمیادزینی نزیک ئیرەوان بڵاوبۆتەوە.

لە ساڵی ١٩٢٨ بۆ یەکەم جار ئەلفوبێی کوردی بە لاتینی، لەلایەن دوو ڕووناکبیری کورد بە ناوەکانی ئیسحاق مارگۆلۆف و عەرەب شەممۆ دادهێنرێت و لە ساڵی ١٩٢٩دا لە ئیرەوان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

کوردناسی بۆ یەکمجار لە ساڵی ١٩٦٢دا لە زانکۆی ئیرەوان دەکرێ بە بوارێکی زانستی. ئەم بوارە لەلایەن کوردناسێکی ئەرمەنی بە ناوی ئۆرێلی پەرەی پێدرا و یەکەمین پڕۆژەی گشتگیر لەسەر مووزیکی کوردی لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی کۆمیتاس وارداپێت کە خۆی مووزیکناس و قەشەیەکی ئەرمەنی بوو ئەنجام درا.

یەکەمین ڕۆمانی کوردیش بە سەردێڕی "شوانی کورد" لالەیەن عەڕەب شەممۆوە هەر لە ئەرمەنستان بڵاوکرایەوە.

 

 
 

ڕۆژنامە

ڕۆژنامەی چوارلاپەڕەییەکەی "ڕێێا تازە" کە درێژترین خولی بڵاوکردنەوەی لەنێو ڕۆژنامە کوردییەکاندا هەیە لە ئیرەوانی پێتەختی ئەرمەنستان دامەزرا.

ڕۆژنامەی ڕێیا تازە لە ٢٥ی مارسی ١٩٣٠ بۆ یەکمجار هاتە وەشاندن و هەتا ساڵی ١٩٣٤ بە هاوکاریی ڕۆژنامەوانانی ئەرمەنی بڵاودەکرایەوە. لە ساڵی ١٩٣٤دا یەکەمین بەڕێوەبەری کوردی ئەم ڕۆژنامەیە "جەردوویی گەنجۆ" دەستی بەکار کرد.

تا ئێستا زۆرتر لە ٤هەزار و ٨٠٠ ژمارەی لێ بڵاوبۆتەوە و ٨٩ساڵ چالاکیی شوێندانەری هەبووە و بە یەکێک لە دێرینترین چاپەمەنییەکانی کوردی ئەژمار دەکرێت.

ئەم ڕۆژنامەیە زۆربەی بابەتەکانی لەسەر فۆلکلۆر و کلتووری کوردەکانی ئەرمەنستانە و هێندێک جاریش بابەتی پەیوەندیدار بە کوردەکانی ناوچەکانی تری تێدا چاپ بووە.

ڕێیا تازە لە دەورەی سۆڤییەتدا پشتگریی دەوڵەتیی هەبوو و لە ئێستادا بەشێوەی سەربەخۆ لەلایەن کوردەکانی ئەرمەنستان بەڕێوەدەچێت و بێبەرامبەر لەنێو خەڵکدا بڵاودەکرێتەوە.

 

 
 

ڕادیۆ

ڕادیۆ کوردیی ئیرەوان لە ساڵی ١٩٣٠ چالاکییەکانی خۆی دەستپێکرد. ڕادیۆیەکی دەوڵەتی، کە لە سەرەتادا بەرنامەکانی خۆی بە شێوەی حەفتانە و هەر حەفتەیەی ٥تا١٠ خولەک بڵاودەکردەوە و زۆرتری هەواڵەکانی بانگەشەی سۆڤییەت و نووچەی حیزبی کۆمۆنیست بوو. بەڵام وێڕای ئەوانەش کوردی ئەرمەنستان بە بیستنی مانشێتی "ئیرەوان خەبەر دەدە" دڵییان دەگەشایەوە.

لە ساڵی ١٩٣٧ ڕادیۆ کوردیی ئەرمەنستان و ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی تری کوردەکانی ئەرمەنستان داخران. چالاکیی ڕادیۆ هەتا ساڵی ١٩٥٥ ڕاوەستا. دوای ساڵ ١٩٥٥ و کرانەوەی دووبارەی ڕادیۆ ماوەی بەرنامەکانی گەیشتە ١٥خولەک و هەتا ساڵی ١٩٦١ گەیشتە کاتژمێرێک و نیو.

لە ئێستادا ڕادیۆ چوار فەرمانبەری هەیە. "کەرەمی سەیاد" بەرپرسی ئێستایەتی و ماوەی بڵاوبوونەوەی پرۆگرامەکانی نیو کاژێرە. ئەم ڕادیۆیە لە بواری هەواڵ، فۆلکۆر، ئاوازی کوردی و شانۆ و هاوکێشەکانی کوردستان چالاکی دەنوێنێ.

مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٥٨دا و لە ماوەی مانەوەی لە یەکێتیی سۆڤییەتدا ڕادیۆ کوردی ئەرمەنستان گوندە کوردنشینەکانی ئەرمەنستانی بەسەرکردۆتەوە.