تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۷
یادی جەلال مەلەکشا شاعیر و نووسەری کورد لە هەولێر کرایەوە
بە پێی هەواڵیی هاژە، ئەمڕۆ  ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاعیران و نووسەران و بنەماڵەی جەلال مەلەکشا یادی ناوبراو لە هەولێر کرایەوە.
ئەم یادە بە پێشنیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
مەڕاسیمەکە کاتژمێر ١٦ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی پێشەوای وەزارەتی ڕۆشنبیری دەستی پێکردووە.
  لەو یادكردنه‌وه‌یه‌دا سێ کتێبی چاپ کراوەی نوێی شاعیر به‌ دیاری درانە ئاماده‌بووان، کە بریتی بوون لە:

١.زڕەی زنجیری وشە دیلەکان - کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی جەلالی مەلەکشا
٢.گوێژەڵ - چیرۆك، نووسینی مەحموود دەوڵەت ئابادی ـ وەرگێڕانی جەلالی مەلەکشا.
٣.جه‌لالی مەلەکشا لە ئەدەبی کوردیدا ـ لێکۆڵینەوە ـ بە پێنووسی کۆمەڵە نووسەرێك.
جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناسراوی کورد ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی مەلەکشای سەرێ سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. لە ماوەی شەش دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کارا و چالاک لە مەیدانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا کاری کردووە و بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی گەلێک شیعر و چیرۆکی بەپێزی نووسیوە و یەکێک لە شاعیرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە و بە نەوەی دووەمی نوێکردنەوەی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار، ناوبراو دەورێکی کاریگەری لە بووژانەوەی شیعری کوردیدا گێڕاوە.
جەلال مەلەکشا پاش ٦٩ ساڵ تەمەن سەرەنجام لە ڕێکەوتی ۱۰ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەھۆی جەڵتەی دڵەوە لە گەڕەکی تەپەی قەوپاڵی شاری سنە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشان تەسلیم بە خاک دەکرێت.