ئەمڕۆ ٤ـی سەرماوەز ڕۆژی جیهانیی نا بۆ توندوتیژی دژی ژنانە
بە دەستپێکی ۲٥نۆڤامبەر (٤سەرماوەز) ڕۆژی جیهانیی نا بۆ تووندوتیژی دژی ژنان زۆربەی چالاکڤانانی مافی ژنان لە وڵاتانی جیاواز بە بەڕێوەبردنی هەڵمەت و کۆبوونەوەکان، خوازیاری پشتگری زیاتری ژنان و پێداچوونەوی بەسەر ئەو یاسایانەی کە لەسەر ژنان داندراون.
لە کێها وڵات زیاتر لەسەر ئافرەتان توندوتیژی هەیە؟
توندوتیژی دژ بە ژنان هیچ چین و توێژ و وڵاتێکی ناناسێت. لە وڵاتێک زیاترە و لە وڵاتێک کەمتر، ئەوەش پەیوەندی بە گەشەی فەرهەنگ و فێرکاریی کۆمەڵگا و یاساکانی ئەم کۆمەڵگایە هەیە.
خانمانی وڵاتانی باکووری ئوروپا لە هێمنایەتییەکی زۆر چاک بەهرەمەندن بەڵام خانمانی وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان، توورکیە، عەڕەبستان، هیند، پاکستان، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(خاورمیانە) و باکووری ئەفریقا لە بەردەم خراپترین جۆری توندوتیژی جەستەیی و ڕۆحیدا قەرار دەگرن.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ڕوانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان؟
ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان دەڵێت:《هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە لەسەر بنەمای ڕەگەز کە بتوانێت ببێتە هۆی زیانی جەستەیی، جنسی یا خود دەروونی ژنان 》 پێناسەی بۆ کردووە.
ئاگانامهی" نا بۆ توندوتیژی دژ به ژنان" لە ساڵی ۱۹۹۳ ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو توندوتیژیانه لەوانەیە لە لایەن کەسانێک لە هەمان ڕەگەز، کەسانی ئاسایی، ئەندامانی بنەماڵەکان و دەوڵەتەوە ئەنجام بدرێت.
جۆرەکانی دەستدرێژی سەر ژنان
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە یەکێک لە خوێندنەوەکانی خۆی سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان بەو ئاکامە گەیشتوە کە هەر ۱٨ چرکە، خانمێک هێرش یا هەڵسووکەوتی خراپی دەگەڵ دەکرێت.
بەشێک لە ئەسەواری توندوتیژی لەسەر جەستە دیارە، بەشێکی دیکە چەندین جۆر لە هەڵسووکەوتەکان، توندوتیژییەکان و دووبەینەکییەکانن(تبعیض) کە ئاسەواری لەسەر جەستە دیارنیە و لێکەوتەکانی دەتوانێیت خراپتر و تاڵتر لە کوشتن بێت، لە کوشتندا کەس دەمرێت و سەختی ژیانی کۆتایی دێت بەڵام لە مەسەلەی دەستدرێژی سێکسی کەس ناچارە تا کۆتایی تەمەنی دەگەڵ نیسێی ڕەشی ئەم ڕووداوە بژی.
دەستدرێژی ئاشکرا
دەستدرێژی جنسی، دەستدرێژیکردنە سەر هاوسەر، توندوتیژی ناوماڵ، هاوسەرگیری زۆرەملی، ئەسید پڕژاندن، بە باشتر زانینی منداڵی کوڕ، هەڵسووکەوتی خراپ دەگەڵ بێوەژنان، لاتاو پێدادان، لەشفرۆشی بەزۆری، دووگیانیی زۆرەملی، خەتەنەکردنی کچان، کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان، توندوتیژی دژی ژنانی فەرمانبەر و خزمەتکاری ژن، توندوتیژی لە بەندیخانە هەموویان نموونەگەلێک لە توندوتیژی ئاشکران.
دەستدرێژی شاراوە و بێ سیما
دڕۆکردن، نەفەقەنەدان، گرینگینەدان بە داواکارییەکانی ژن، جیاکردنەوەی ژن لە منداڵەکانی یا بنەماڵەی، بوختانکردن، سنوودارکردنی ژن لە دەڤەری جۆغرافیایی یان ڕێگەپێندانی بۆ کار و خوێندن و ...
وێنەگەلێک لە توندوتیژی شادراو و بێ سیمان.
۱.دەستدرێژی جنسی
ژنان باوترین قوربانیانی دەستدرێژین و زیاتر دەستدرێژیکەرەکان پیاوانێکن کە دەگەڵیان ئاشنان. دەستدرێژی جنسی بەواتای نزیکیکردنی جنسی لەگەڵ کەسێک بەزۆر و بێ ڕەزامەندی ئەوە. دەستدرێژی جنسی تەنیا هێرشێکی جەستەیی و جنسی نییە، بەڵکوو ئازاری قووڵی ڕۆحی و دەروونیشی بەدوادا هەیە.
ئەم توندوتیژییە، ڕەنگە هەمووکات ئاکامەکەی کوشتن نەبێت بەڵام زۆرجار هەڕەشە بە کوشتنی لەگەڵدایە.
۲.دەستدرێژیکردنە سەر هاوسەر
دەستدرێژیکردنە سەر هاوسەر زەمانێک لەلای یاسا گرینگی پێ نەدەدرا و یا چاوپۆشی لێ دەکرا بەڵام ئێستا وەکوو تاوانێکی قەبووڵنەکراو دژ بە ژنان دێتە هەژمار.
۳.توندوتیژی ناوماڵ
ژنان زیاتر لەبەردەم قوربانیبوونی ئەم دەستدرێژییەدان و دەگەڵ کەسانی دەستدرێژیکەر مەحرەمن. ئەو کەسانە دەتوانن هاوسەر، باب یا برا بن.
٤.هاوسەرگیری زۆرەملی
هاوسەرگیری زۆرەملی بە هاوسەرگیرییەک دەکوترێت کە یەک یا هەردوو لایەن بەپێچەوانەی خواستی خۆیان ناچار بە هاوسەرگیری بن. هاوسەرگیری زۆرەملی لە باشووری ئاسییا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا باوە. دابونەریتی مارەیی و جیاز کە لە زۆرێک لە وڵاتی دونیا هەیە یەک لە هۆکارەکانە. هاوسەرگیری زۆرەملی هەندێک جار لە ئاکامی شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە ڕوو دەدات و بە وەرگرتنی کچێک لە یەکێک لە بنەماڵەکان کۆتایی پێ دێت.
٥. بە باشتر زانینی منداڵی کوڕ
بە باشتر زانینی منداڵی کوڕ، دابونەریتێکە کە ڕیشەی لە نایەکسانی ڕەگەزی هەیە و لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا باوە. لە نێوان مەزهەبەکان و چین و توێژی کۆمەڵگا دەبیندرێت.
٦. ئەسید پڕژاندن
ئەسید پڕژاندن یا هێرشکردن بە ئەسید، بەکاری پڕژاندنی ئەسید لەسەر جەستەی کەسێک (بە هۆشیاری تەواو و بە مەبەستی زیان گەیاندن یا تێکدانی جوانی کەسێک سەبارەت بە وەرگرتنەوەی تۆڵە یا چاوچنۆکی) دەگوترێت.
۷. هەڵسووکەوتی خراپ دەگەڵ بێوەژنان
بێوە، ژنێکە کە لە هاوسەرەکەی جیابوبێتەوە یا هاوسەرەکەی مردبێت. لە کۆمەڵگاکانی کەمتر گەشەکردوو بێوەژنەکان کەسانێکن کە مافیان نەدراوە و ئازادیان لێ ستێندراوەتەوە.
نیگای قورسی خەڵک یەکێک لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر بێوەژنانە.
٨. لاتاو پێدادان
مزاحیمەت بۆ خانمان ئاستی کۆمەڵگای هەموو وڵاتاندا بە شێوەیەکی زۆر باو هەیە و تاوان دێتە هەژمار. ڕێژەیەکی زۆر لە قوربانیانی لاتاو پێدادان بەجێی دەربڕینی ناڕەزایەتی و سکاڵا، هەوڵ دەدەن بەخێرایی ئەم شوێنە جێبهێڵن.