تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۴
ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی حاجی قادر قادری بەڕێوە چوو

ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی عەبدولقار قادری، ناسراو بە هیوا، شاعیر و نووسەری مەهابادی ئەمڕۆ، ۴ی سەرماوەز بە بەشداریی تاقمێک لە هونەرمەندان و نووسەران لە گڵکۆی ناوداران بەڕێوە چوو.

جەعفەر قادری، کوڕی خوالێخۆشبوو لەبارەی ژیانی ئەم کەسایەتییە گوتی: مامۆستا هیوا سەرەڕای ئاگاداری لە بواری زانستی ئایینی و ئەدەبی، لە بواری پەروەردە و ڕاهێنانیشدا ڕۆڵی هەبووە و لە ساڵی ١٣٧٣وە خانەنشینی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان بوو.

جەعفەر قادری هەروەها ڕایگەیاند: لە دوای خانەشینی، خوالێخۆشبوو بە دانانی چاپەمەنیی "هیوا" لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خۆی و نووسەران و شاعیرانی شاری مەهاباد و دەوربەر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.

مستەفا کۆکەیی، نووسەر و لێکۆڵەر لەبارەی کەسایەتیی عەبدولقادر قادری گوتی: مامۆستا هیوا یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە لە شاری مەهاباد زەحمەتێکی زۆری بۆ نووسەران و تێکۆشەرانی بواری فەرهەنگ و ئەدەب کێشاوە. هەروەها ناوبراو بەهۆی بوونی پێوەندی باش لەگەڵ نووسەرانی شارەکانی دیکەی کوردستان، توانایی ڕاپەڕاندی کارە فەرهەنگییەکانی هەبوو.

کۆکەیی هەروەها ڕایگەیاند: مامۆستا هیوا بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ نووسین و وەگێڕان و شێعر و چیرۆک تێپەڕاند و خزمەتێکی باشی بە فەرهەنگ و ئەدەبیی کوردی کرد. ناوبراو کەسایەتییەکی بە بیر و باوەڕ و نیشتمانپەروەر و نووسەرێکی داهێنەر بوو و لە زۆربەی بوارەکان وەک مێژوو، چیرۆک، شێعر، فۆلکلۆر، وەگێڕان و... کاری کردووە.

سەیدسمایل شاهۆیی، شاعیر و نووسەری مەهابادی لەبارەی چالاکییەکانی عەبدولقادر قادری گوتی: لە زۆر یەک لە بوارەکانی فەرهەنگی خاوەن‌ بەرهەمگەلێکی بەکەڵک بوو بە تایبەت لە بواری وێژەی منداڵاندا کارگەلێکی بەرچاوی کردووە.

سەیدسمایل شاهۆیی هەروەها ڕایگەیاند: مامۆستا هیوا خاوەنی کۆمەڵێک چیرۆکی بەهێز بوو کە هێندێک لە چیرۆکەکانی ناوبراو کران بە نمایشنامە و لە ڕادیۆ مەهاباد کەڵکیان لێ وەرگیرا.

عەبدولقادر قادری ناسراو بە هیوا ساڵی ١٣١١ لەدایک بووە و قۆناغی خوێندنی لە شاری مەهاباد تا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم درێژە پێدا ساڵی ١٣۴۶ توانی بڕوانامەی لیسانس لە زانکۆی تاران وەربگرێت. ناوبراو مامۆستای قوتابخانەکانی مەهاباد بوو و تا ساڵی ١٣٧٣ خزمەتی خۆی لەو بوارە درێژە دا.

 بەشێک لە بەرهەمە چاوپکراوەکانی بریتین لە:

هەژارنامە، باخچەی بەهەشت، ئاڵەکۆک، چوارچیرۆک، دایە مەمدە بە گورگی، تەفسیری دوو سووڕەتی قوڕئان بە شێعر، گەنجینەی هیوا و گڕوکاش.

حاجی قادر قادری خاوەن بڵاوگەی هیوا بوو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا مۆڵەتی بۆ دەیان کتێبی بە زمانی کوردی و فارسی وەرگرتووە و لە چاپ داون.

حاجی قادر قادری لە ڕێکەتی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ی کۆچی هەتاوی کۆچی دوایی کرد تەرمەکەی لە گڵکۆی ناودارانی ژمارە دووی شاری مەهاباد بەخاک سپێردرا.