تاریخ: ۱۴۰۰/۸/۲۹
گرفتەکانی تڕافیکی ناوەندی شاری مەهاباد
هاژه- لە سەرەتای پێکهاتنی شاری مەهابادەوە بەشی ناوەندیی ئەم شارە شوێنی بازرگانی و خزمەتگوزاری بۆ شارستان و شارەکانی دەوروبەری بووە. زیاتر لە  سەدەیەکە شەقام و کۆڵانەکانی ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە بەڵام بەردەوام ڕێژەی  ناوەندە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانی زۆر بووە و چڕییەکەی بەرزبۆتەوە. 
 
 
گەرچی چڕبوونەوەی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و بازرگانی لە خاڵێکدا لە ڕووی دەستپێڕاگەیشتنەوە بەسوودە بەڵام تڕافیکی کەڵەکەبوو بەم هۆیەوە گرفتێکی بێ چارەسەر و وێرانکەرە و لە شاری مەهاباد ئەم دیاردەیە بۆتە قەیرانێک. 
بەپێی ڕێساکانی شارسازی دەبێ زۆربەی ناوەندەکانی بارزگانی و خزمەتگوزاریی مەهاباد وەکوو بانکەکان، قووتابخانەکان و پاساژەکان لە شەقامەکانی لاوەکی دابن. 
لە ئێستادا توانایی گەورەکردنەوە و نەشتەرگەری جەستەیی لە بەشی ناوەندیی شاری مەهاباد نییە و ناتوانرێ گرفتەکانی تڕافیکیی ئەم شارە بنبڕ بکرێ بەڵام بە هێندێک گۆڕانکاریی دەکرێ گرفتەکان تا ئەندازەیەکی زۆر چارەسەر بکرێن. 
جگە لە سازبوونی گرفتی پیسبوونی هەوا و چڕێتی ناوەندەکانی بازرگانی و خزمەتگوزاری، پارکی ئوتوموبیلەکان، تڕۆمیلی تاک سەرنشین، سەرپێچیی پارککردنی قەدەغە و تەنانەت شێوازی هەڵسووکەوتی هێندێک شۆفیر لەگەڵ شارۆمەندان گرفتگەلێکی ترن کە بەشی ناوەندیی شاری مەهاباد لەگەڵی بەرەوڕوویە.
ڕاگرتنی تڕۆمبیلەکان لە هەرتک بەری شەقامە تەنگەبەرەکان بۆتە ڕەوتێکی نەگۆڕ و پارکی دووبڵ و چەندخولەکی و چەندچرکەییی هێندێک لە لێخوڕەکانیش گرێپووچکەی تڕافیکیی بەردەوامی لێ دەکەوێتەوە. 
 
 
گەرچی تێچووی جارێک پارککردن لە پارکینگەکان زۆر نییە بەڵام زۆربەی شۆفیرەکان و بازاڕییەکان ئەم نرخەیان پێ زۆرە و پێشوازیی لێ ناکەن. 
هێندێک شۆفیریش خوویان گرتووە بە کەڵکوەرگرتنی هەمیشەیی لە تڕۆمبیل و هەر شوێنێک کە بیگەنێ ئۆتۆمەبیلی لێ پارک دەکەن.
ئەو ڕەوتە هەڵەیە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شارەکانی جیهان کەڵکوەرگرتن لە دووتەگەرە لە بەشی ناوەندیی شاردا وەک فەرهەنگێک جێکەوتووە و پیاسەکردنی چەند خولەکی بابەتێکی ئاساییە.
لە زۆربەی شارەکانی جیهان وەک هێڵسینکی، پاریس، لەندەن، لێخوڕینی تڕۆمبیل لە بەشی ناوەندیی شاردا پێویستی بە دانی باج و پیتاکە.
شەقامپێوان بە تڕۆمبیل لە شاری مەهاباددا کلتوورێکی هەڵەیە کە لەنێو گەنجانی مەهاباددا جێکەوتووە و لە ئێواراندا بە ئەوپەڕێ خۆی دەگات. 
ترۆمبیلگەڵێک کە بێ ئامانج لە ناوەندی شاردا دەخولێنەوە و هیچ کارێکی تایبەتیان نییە. 
بەپێچەوانەی ڕای گشتی تووندئاژۆتن ترافیک سازدەکا چوون وێستان لە خێرایی باڵادا تڕۆمبیل بە تەواوی ڕادەگرێت و دووبارە هەستانەوەی کاتێکی زۆرتری دەوێت لەبەرامبەر ماشێنێکدا کە بە هێمنی ڕێگا دەبڕێ. 
ترافیکی هاوئاهەنگ و ڕەوان لە بەشی ناوەندیی شاردا جگە لە کەمکردنەوەی ماوەی گەیشتن بە شوێنی مەبەست، ڕۆڵێکی گرینگیشی لە ئاسایشی دەروونیی سەرنشیناندا هەیە.
دابەزاندی ئاستی قەڕەباڵغی و چڕێتی لە ناوەندی شاردا ئەرکێکی گرینگی بەرپرسانە کە دەبێ لەبەرچاوی بگرن.
گۆڕینی خووخدەگەلێکی چەشنی پارکی دووبڵ، شەقامپێوی تڕۆمبیلی و پەرەی فەرهەنگی بایسیکیلسواری و پیاسەڕۆیی لەئەستۆی ڕاگەیاندن و بنەماڵەکانە کە دەبێ گرینگی پێبدەن. 
زۆرکردنی پۆلیسی هاتووچۆ بۆ چاوەدێریی زۆرتر و لابردنی مۆلەتی پارککردنی تڕۆمبیل لە هێندێک شوێن بە شێوەی کاتی، دەتوانێ ئاڵوگۆڕ لە کرداری تڕافیکیی شارۆمەنداندا سازبکات.
 
سەرهەنگ حاتەم ئیبڕاهیمی سەرۆکی بەڕێوەرایەتیی هاتووچۆی مەهاباد هاوپەیوەند لەگەڵ ئەم باسە، لەسەر ئەم بڕوایەیە کە مەهاباد هەمیشە پێشەنگی شارە فەرهەنگییەکانی وڵات بووە بەڵام ئەو خاڵە کە ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و مردنی بەم هۆیەی تێدا لەسەرێیە بۆی جێگای پرسیارە.
 
 
 
ئەو هەروەها ئاماژەی بە دیاردەکانی جووڵەی خۆنواندن بە ئۆتۆمۆبیل، هاتووچۆی لەڕادەبەدەری ئۆتۆمۆبیلە تاک سەرنشینەکان و خولانەوەی بێ ئامانجی گەنجان بە ئۆتۆمۆبیل لەنێو شاری مەهاباددا کرد و کوتی چارەسەریی ئەم خەسارە پێویستی بە فەرهەنگسازی و چاوەدێریی وردتری بنەماڵەکان هەیە. 
ئیبڕاهیمی ڕوونیکردەوە کە چارەسەریی گرفتە تڕافیکییەکان بە سزادان هەنگاوێکی هەڵەیە و ڕێکارێکی کاریگەر و ئاوەزمەندانە نییە. 
ئەو بە هێنانە بەرباسی ئەم خاڵەی تڕافیکی شاری مەهاباد لەسەر ژیانی هەموو شارۆمەندان شوێندانەرە کوتی لە ئێستادا بەشی ناوەندیی شار واتە شەقامەکانی شارەداری، مەیدانی ئاردی، مەلاجامی، چواڕڕای ئازادی، سێڕای وەفایی، مەیدانی ساعەت و ... لەگەڵ ئاریشەی تڕافیک بەرەوڕوون، بەشێوەیەک کە تڕافیکی بەشی ناوەندی تەنانەت شارۆمەندانی گەڕەکەکانی شەهرەکی کارمەندان و پەراوێزی شاریشی لەگەڵ خۆی سەرقاڵ کردووە. 
سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی مەهاباد لە درێژەدا ویڕای دەربڕینی ئەم خاڵە کە لە کاتێکدا هەموو فەرمانگەکان، قووتابخانەکان، ناوەندەخزمەتگوزاریی و بازرگانییەکان لە ناوەندی شارددا کەڵەکە بوون سازبوونی گرێی تڕافیکی دوور لە چاوەڕوانی نییە.
حاتەم ئیبڕاهیمی هەروەها کوتی: مێژووی سازکردنی شەقامەکانی مەهاباد بۆ زۆرتر لە ٥٠ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا تواناییی وەخۆگرتنی ئەم ڕادە لە تڕافیکییان نییە. 
 
 
ئەو هەروەها بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تڕافیکی مەهاباد هەنگاوی هەمەلایەنە بە پێویست دەزانێ و پێیوایە لەپەنا ئەو کارەدا دەتوانین بە گواستنەوەی نووسینگەی بانکەکان بۆ گەڕەکەکان، سازکردنی ئاڵوگۆڕ لە هەڵسووکەوتی ئاژۆتنی شارۆمەندان، کەڵکوەرگرتن لە پارکینگ،  فەرهەنگسازی و ... چرێتیی تڕافیکی ناوەندی شاری مەهاباد کەم بکەینەوە.
 
ناوەندسڕینەوە لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی چەشنی بانک، کلینیک و نۆڕینگە پزیشکییەکان هەنگاوێکی گرینگی سەرەتاییە.  
چەندین ئەزموونی ناسەرکەوتوو لە بواری بەشداریپێدانی ئەندازیارانی ڕاوێژکاری شارەکانی تر بوونی هەیە کە لەواندا لەجیاتی کەڵکوەرگرتن لە کارناسان، خوێندکاران و فێرخوازانی پێ ڕەتێنراوە، بۆیە بەشداریپێکردنی کارناسانی خۆماڵی، ئامادەکردن و بەئەنجامگەیاندنی گەڵاڵەکان چالاکتر دەکات.
بۆوێنە لە کاتێکدا کە گشت مەتەبە پزیشکییەکان لە بەشی ناوەندیی شاردا و لە باڵاخانە چەندنهۆمییەکانی بێ پارکینگدا جێگیرکراون بوونی تڕافیکی قورس لە ناوەندی شاردا دوور لە چاوەڕوانی نییە.
بۆیە گەڵاڵەی داهێنەرانەی چەشنی پارکی پزیشکی، ڕاگواستنی مەتەب و نۆڕینگەکان بۆ دەرەوەی بەشی ناوەندیی شار، ئەو هەنگاوانەیە کە شاردەداریی مەهاباد دەتوانێ لەبەر چاوی بگرێت و پێی ببێتە سەرمەشقی شارەکانی تر. 
دانانی لاینی تایبەت گەرچی یارمەتیی ڕەوانبوونی تڕافیکی داوە بەڵام هێندێک کەسی دژبەریشی هەیە کە دەڵێن دوکانەکانی لەبرەو خستووە. 
لە کاتێکدا گۆشەی ڕۆژهەڵاتی شەقامی جمهوری ئیسلامی بۆ پارکی ئیزنپێنەدراو تەرخان کراوە هێندێک لە پسپۆڕان دانانی لاینی تایبەت بە تێپەڕبوونی دووچەرخە، ماتۆڕ و ئورژانسیش بەپێویست دەزانن هەتا وێڕای ئەوەی پێش بە پارکی نایاسایی بگرێت تڕافیکیش ڕەوانتر بکات.
 لاینی تایبەت بۆ شەقامی چوارڕای ئازادی بەرەو سێڕای وەفاییش دەتوانێ ڕێژەی تڕافیک کەمبکاتەوە.