تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۱۴
وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه‌ لەگەڵ شاعیر و نووسەری کورد مامۆستا ئاسۆ

دیارە ئەدەبی هەر گەل و نەتەوەیەک بە شێعر، پەخشان، نووسین و وەرگێڕان پێناسە دەکرێ. لە ڕێگه‌ی ئەو کاروانەدا زۆرن کەسانی خامە ڕەنگین که توانیویانه بە خزمەتی ماندوونەناسانەی خۆیان ئه‌دەبیاتی کورد پێ به پێی ئه‌دەبیاتی جیهانی به‌رەو ئاقاره نوێیەکان به‌رن. که‌سانێک که گشتی ژیانیان بێ به‌‌رامبه‌ر بۆ دەوڵه‌نه‌ندتر کردنی کتێبخانه‌ی گه‌ل ته‌رخان کردووە و حازرن به دەیان جاری تر ته‌مه‌نیان بگه‌ڕێنه‌وە و سە له‌نوێ و ئه‌مجاریان به ورەیه‌کی به‌رزتره خزمه‌ت بکه‌ن.

هەواڵدەری هاژە به ئەرکی خۆی زانی لە بەشی فەرهەنگ و ئەدەبدا دانیشتنێکی لەگەڵ بەڕێزیان پێک هێناوە کە سرنجی ئێوەی بەڕێز بۆ ئەو وت‌ووێژە ڕادەکێشین.

هاژه ـ مامۆستا تکایە بیوگڕافێک لە سەر خۆتان بفەرموون؟

من ناوی تەواوم محەممەد سەعیدی نەجاڕی بە نازناوی "ئاسۆ"، ساڵی 1335ی هەتاوی لە ئاوایی "سارۆقامیش" سەر بە "چۆمی جەغەتوو" لە بەشی "فەیزووڵڵابەگی" لە دایک بووم، دەورانی سەرەتایی قوتابخانەم هەر لەوێ تەواو کرد و بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووم لە شاری سەقز و دواتر بۆ خولی دواناوەندی  چووم بۆ شاری بۆکان و لە قوتابخانەی "کوروشی کەبیر" درێژەم بە خوێندن‌دا و لە ساڵی 1348ی هەتاوییەوە تا ئێستا وەک مامۆستایەکی قوتابخانە و زانکۆ لە بۆکان نیشتەجێم و لە سەردەمی مامۆستای قوتابخانەشدا لە ڕەوتی خوێندن نەوەستام و توانیم پلەی کارناسی باڵا "ماستێر" لە لەقی ئەدەبیاتی فارسیدا لە ساڵی 1380 لە زانکۆی تەورێز وەرگرم.

هاژه ـ چۆن دەستان به شێعر کرد، ئایا ئەو هەستە لە پێشدا لە ئێوەدا بوو یا کەسانێکتان لە دەورە بوو کە ئەو هونەرە لە ناخی ئێوەدا بار بێنن؟

هەموو هونەرێک دەبێ لە پێشدا "بالقوە" بێ تا بە "بالفعل" بگات، یانی "بالفعل" ئیمکانات و دەوروبەر دەزانێ.

ئەو هەستە دەبێ لە ناخت دابێ تا پەروەردە بکرێ و باڵا بگرێ، بەڵام "بالقوە"ی من لە دووەمی سەرەتاییەوە کە خولیای شێعر بووم و دەمتوانی شێعر بڵێم، لەو جێگەیەش‌ڕا کە لە دەرسی "فارسی"دا بە پێچەوانەی هاوڕێیەکانم هەر کات دەگەیشتمە شێعر زۆر خۆشحاڵتر دەبووم تا ئەوەی کە بێم وەک ئەوان "نەسر" بخوێنمەوە.

لەبەر کردنی شێعر بۆ من زۆر ئاسان بوو بەڵام بۆ هاوپۆلەکانم زۆر سەخت بوو، ئەما "بالفعل"کەی لەو شوێنە ڕا کە بابم مەلا بوو و کوردی زانێکی باش بوو، جۆرێک کە کتێبخانەکەی پڕ بوون لە کتێب و دیوانە شێعرەکانی "خورشید و خاوەری قەدیم"، "مەنیجە و بێژەن"، دیوانی نالی، قانع، مەولەوی و ئەوانی‌تر، لە لایەکی‌تریشەوە گوندی "سارۆقامیش" شوێنێکی سیاحی لە تەنیشت چۆمی "جەغەتوو" بوو کە دڵی هەموو کەسێکی دەڕفاند. ئاغای دێیەکەمان مامۆستا "حەسەن سەلاح سۆران" بوو کە ئەویش شاعیرێکی گەورە بوو کە یه‌که‌مین کتێبی لە ساڵی 1344ی هەتاویدا چاپ کرا و هەر ئەو دەم لەزەتی کتێب چاپ کردنم دی و ئاواتی ئەوەم بوو ڕۆژێک وەک مامۆستا "سەلاح سۆران" ببمە شاعیر، چون ئەو لە ڕاهێنانی کوردی نووسینی من ڕۆڵی سەرەکی هەبوو جۆرێک کە لە پۆلی سێیه‌م و چوارەمی سەرەتاییدا دەمتوانی کوردی بنووسم.

هاژه ـ بۆ یەکەم جار لە کوێ شێعرتان خوێندەوە چ شێعرێک بوو؟

لە ساڵی 1351ی هەتاوی کە تەمەنم 16 ساڵ بوو و قوتابێکی دواناوەندی بووم. قەسیدەیه‌کی فارسی خۆم بە نێوی "شب شعر" خوێندەوە و ئامادەبووان زۆریان پێ‌خۆش بوو و پێشوازێکی گەرمی لێکرا، بەڕاستی هەر ئەو دەم چێژم لە شێعر و شاعیری وەرگرت.

 

هاژه ـ بەرهەمەکانتان چەند دانەن و چ بەشێک لە خۆ دەگرن؟

لە شێعرەکانم لە پێشدا کتێبی تەوژمی خەیاڵ "شێعری تا ساڵی 1370"ی هەتاوی، گەزیزە "شێعری 1373-1370"ی هەتاوی، پەیکی شادی "شێعری1386_1373"ی هەتاوی، نەورۆز "1392_1386"ی هەتاوی، جومعەکان "1394_1392"ی هەتاوی کە چاپ و بڵاوکراونەوە.

دواتر ڕۆمانێکم بە نێوی "ڕێبوار" کە لە ڕاستی بە عیشق و زەوقێکی تایبەتەوە نووسیومە کە لە ساڵی 1373وە ئامادەی چاپە وەلی ئەو ساڵ هەلومەرجەکە ڕەخسا کە بە چاپی بگەیەنم.

هەروەها تاقمێک لە نەزم و نەسرەکانی مامۆستا هێمنی بۆخۆم گوڵبژێرم کردوون و بۆ سەر زمانی فارسی وەرمگێڕاونەوە و لە کتێبێک بە نێوی "از کجا تا بە کجا" لە یەکێتی نووسەرانی کورد (لە هه‌رێمی کوردستان) چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە پێشوازیکی بێوێنەی لێکرا هەر بۆیەش سی دییەکەی ئەو کتێبەم داوە بە "سەرای هێمن" لە مەهاباد تا بتوانن ئەوانیش بە چاپی بگەیەنن و من بۆخۆم ئیختیاری تەواوم داونێ تا ئەو کارەی بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە شێعری "بەرەو موکریانی" مامۆستا هەژارم بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە و هەروەها "سەفەرنامەی حاجی سەرتیپ"م لە زمانی فارسی ڕا بۆ سەر زمانی کوردی هێناوەتەوە. دوو دانە سەفەرنامەش کە ئی خۆمن بە نەسر و شێعر نووسیومن و ئامادەی چاپن.

لێکۆڵینه‌وەکانیشم بریتین لە دیوانی میسباح، دیوانی وەفایی کە چاپ کراون و دیوانی حەمدی، مەحوی و نالیم ئامادەی چاپن.

ژیان نامەی خووشم کە تا ساڵی 1388ی هەتاوی نووسیومە ئێستا کتێبێکی بە نێوی "ژ ـ یانی ژیان" کە بە سەبکی "چێشتی مجێور"ی مامۆستا هەژاری نووسیومە. کۆی گشتی ئەو مەقالانەش کە لە زانستگاکان ئاراسته و یا لە گۆڤارەکاندا چاپم کردوون، خڕم کردوونەوە و کردوومەتە کتێبێک بە نێوی "چەند گەڵا بە دەم باوە" کە ئێستا تایپەکەی بەرەو تەواو بوونه. هەر بۆیەش ئەمن وەک شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ لە مەیدانی ئەدەبدا کارم کردووە.

هاژه ـ له سەر لێکۆڵینه‌وە و شیکاریتان له سەر دیوانی شاعیران تر تکایه زیاتر بدوێن.

من تا ئێستا پێنج بەرهەمی شێعرم بە بێ پێشەکی چاپ کردووە. لە کتێبی دووەم "گەزیزە"دا پێشەکیلەیەکی چکۆلەم بۆ نووسی و لە ئاخرین کتێبی شێعریم "جومعەکان" لەوێدا هەڵوێستم گرتووە و پێشەکییه‌کی 15 لاپەڕەییم بۆ نووسیوە کە لە سەردەمی لاویم شێعری نوێ وای ڕەبەق پەیدا کردبوو کە شێعری کلاسیک ڕووی لە کزی کردبوو، من لە کابرای مونتەقیدی سنەییم بیست کە کورد ئاڕشیوی نییە لە حاڵێکدا ئەو قەت نەیزانیبوو کە حەمدی، مەولەوی، شێخ ڕەزا، نالی و مەحوی چەندە شاعیرێکی چاکن، ئەحمەدی خانی ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە هەموویان گەورەترە، هەر بۆیەش بەرەی ئەودەم کە دنیای ئەوڕۆ مۆدگەرایی پەیدا دەکرد و ئەدەبیاتی کلاسیک وەلاندرابوو، هەر ئەو دەم بڕیارم دا کە دوای کتێبی "گەزیزە" شێعر نەڵێم، ئەگەر چاوێک لە ئاخرین شێعری کتێبی "گەزیزە" و ئاخرین شێعری کتێبی "پەیکی شادی" کە سێهەمین کتێبە بکەی، بۆت دەردەکەوێ کە نزیکەی 14 ساڵیان فەرقە یانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا شێعری خۆم هەر چاپ نەکرد. بەڵکوو، هاتم پێداچونەوەم بە سەر دیوانەکانی شاعیراندا دەست‌پێکرد.

یه‌که‌مین دیوان، دیوانی "میسباح" بوو کە پێداهاتمەوە. بەداخەوە شاعیرێکی وەک "میسباح" کە شاعیرێکی گەورەی "غیڕامی"یە، دیوانەکەی بە هەڵە چاپ کرابوو که‌چی دوای پێداچونەوە و چاپی نوێ پێشوازێکی بێ‌وێنەی لێکرا.

هەستم کرد دوای وی "وەفایی" باشترین شاعیرە کە دیوانەکەی "محەممەد عەلی قەرەداغی" لە سەدا 30 غەڵەت بوو، لە حاڵێکدا ئەو بەڕێزه نزیکەی 6-5 نوسخەی لە بەر دەست دابوو بەڵام نەیتوانیبوو هەڵیانسەنگێنێ و بزانێ کە کامیان لە کامیان چاکترە، لە حاڵێکدا من هەر لەو ئاڕشیوەی کە ئەو لە پاوەرەقی نووسیبووی کەڵکم وەرگرت و توانیم وەفاییەکی تا نزیک 98دەرسەد دروست ساغ بکەمەوە، هەڵبەت ئەویش بڕێک هەڵەی تێدا بوو کە لە چاپی سێهەمی (1395) وەفایی تەواویم ڕاست کردنەوە هەر بۆیەش من لە سەر چاپی سێهەمی وەفایی ئیدیعام هەیە که بە تەواوی ڕێک و پێک و بێ‌هەڵەیە.

دوای دیوانی "وەفایی"، هاتم دیوانی "نالی"م شەرح کرد و لە گەڵ ئینتشاراتی مێهرەگان لە مەهاباد قەراردادم بەستووە و ئەو بڕیاری داوە کە بە چاپی بگەیەنێ و دەزانم ڕۆژێک دێ ئەو دیوانەی "نالی" لە کلاسەکانی خوێندن وەک وانەیەک دەگووترێتەوە.

دوای دیوانی "نالی"، "حەمدی"م تەواو کرد کە ئینتشاراتی کوردستان بڕیاری داوە بە چاپی بگەیەنێ، دوای دیوانی "حەمدی"، دیوانی "مەحوی"شم تەواو کرد بەڵام تا ئێستا بۆ چاپەکەی هیچ ئینتشاراتێک قەراردادی لە گەڵ واژۆ نەکردووم.

هاژه ـ ئایا بێجگە لە شێعری کوردی، شێعری فارسی‌شتان هەیە؟

بەڵێ، من نزیکەی 20دەرسەدی شێعرەکانم فارسین، بەڵام پێم‌خۆشە ئەو شتە بۆ مێژوو بمێنێ، بۆ شێعری فارسی مامۆستا هێمن لە زەوقی دام.

لە ساڵی 1363ی هەتاوی شەوە شێعرێک بە بۆنەی جێژنی لە دایک بوونی پێغەمبەر (د.س) لە بۆکان بەڕێوە دەچوو و مامۆستا هێمن‌یش تەشریفی لەوێ بەشدار بوو و من بۆ یه‌که‌م جار بە خزمەتی دەگەیشتم.

من لەوێ غەزەلێکی کوردی و شێعرێکی فارسیم خوێندەوە کە دوای تەواو بوونی خوێندنەوەکەم، مامۆستا وەک باوکێکی دڵسۆز فەرمووی: "ئەتۆ بۆچی شێعری فارسی دەڵێی، ئەوان سەعدی و حافزیان هەیە، شێعری تۆیان بۆچییە".

بەڕاستی ئەو قسەیە زۆر مەنتقی وەبەر دڵم کەوت و ئەوجار ئیهتمامێکی زۆرترم بە شێعرە کوردییەکانم دا، بەڵام نزیکەی سەدا بیستی شێعره‌کانم فارسین، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمن بە زانست لەقی ئەدەبیاتی فارسیم خوێندووە لە حاڵێکدا زمانی کوردیم بە "عەشق و ئەوینە"وە خوێندووە و لە هیچ قوتابخانە و زانکۆیەک فێری نەبووم، هەر بۆیەش جار جار شێعری فارسی دەڵێم، بەتایبەتی کاری وەرگێڕانی "کوردی بە فارسی" ئەنجام دەدەم. چون بۆخۆم لە سەر ئەو بڕوایەم ئەگه‌ر ئێمە زمانی کوردی خۆمان بۆ سەر زمانەکانی‌تر وەرنەگێڕینەوە، بە دڵنیاییەوە کەسێکی بێگانە بۆ ئێمە دڵی لێنادا کە بێت ئەدەبیاتی ئێمە وەرگێڕێتەوە. بەڵکوو کوردێکی ئینگلیزی زان دەبێ بێ بەرهەمێکی کوردی بکاتە ئینگلیزی، یا کوردێکی فارسی‌زان دەبێ بێ بەرهەمێکی کوردی بکاتەوە فارسی. جا هەر بۆیە من بە ئەرکی سەر شانی خۆمی دەزانم کە شێعری کوردی کەسانی وەک مامۆستا "هێمن" و "هەژار" هەر ڕێک بە وەزن و قافیەی شێعرە کوردییەکە بکەمەوە فارسی تا لەو ڕێگایەوە پێناسەی گەورە پیاوانی ئەدەبیاتی خۆمان بە نەتەوەکانی دیکەش بناسێنم.

هاژه ـ لە شێعر‌دا چ شتێک سنوور بۆ ئێوە دیاری دەکات؟

لە شێعردا "جۆغڕافیا" سنوور بۆ من دیاری دەکات، کاتێک کە لە تاران و تەورێز دەبم شێعری فارسیم چاکتر بۆ دێ، کاتێک لە کوردستانی عێراق دەبم شێعری نوێ لاپەڕەکانی دەفتەرم دەبڕێ.

لە بن هەر شێعرێک کە گووتوومە، شوێنی گووتن و ڕێکەوتەکەیم نووسیوە. چون من لە سەر ئەو بڕوایەم کە نووسینی وان دەرفەت دەدا بە مونتەقید و ڕەخنەگر کە بزانێ شاعیر، شێعری لە کوێ و لە چ بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هۆنیوەتەوە و دەبێ لە هەڵسەنگاندندا ئەوە لە بەر چاو بگرێ.

هاژه ـ قالبی شێعرەکانتان زۆرتر بۆ چ لایەکدا دەشکێنەوە؟

گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە قالبیان بۆ شێعر دیاری کردووە نزیکەی 14 دانەن کە من ئەوان بە وەسیلە دەزانم و هەر کەس لەو وەسیلەیەدا نەتوانێ پەیامی خۆی بگەیەنێ زەعیفە، من حەتا شێعری نیمایی بە قالب دەزانم تا سەبک. من بۆخۆم زۆرتر عاشقی غەزەلم، وەلی لە دووبەیتی ڕا بگرە تا ڕووباعی و شێعری نوێ و قالبەکانی‌تر شێعرم گووتووە. بەڵام "هەستی شێعر" کە بۆخۆم نێوی "تەوژم"م لە سەر داناوە و ئەو تەوژمە، لەو ساتەدا بۆ مێشکی من دەگەڕێتەوە کە لەوێدا شێعری خۆشەویستی، نیشتمان‌پەروەری، شیوەن، ئەزموونی ژیان و... کە هەن، شێعرم لە دەوروبەر سەرچاوە دەگرێ و لێرەدایە کە من قالب بۆ شێعر هەڵنابژێرم بەڵکوو شێعر بۆخۆی بەر دەرگام پێ‌دەگرێ و بۆخۆێ قالب و وەزن بۆخۆی دیاری دەکا.

هەر چەند ئەوە بە زەعفی خۆمی دەزانم کە زۆرتر لە "غەزەل" کەڵک وەردەگرم و لە غەزەلیشدا زۆرتر بۆ وەزنی (فاعلاتن، بحری رمل) دەچم، چون ئەو دووانەم زۆر پێ‌خۆشە دەنا لە تەواوی قالبەکان شێعرم هەیە.

هاژه ـ کێها شێعرتان لە بەینی هەموو شێعرەکانتان پێ‌خۆشترە؟

هەموو شێعرەکانم وەک عەولادی خۆم وان و هەموویانم خۆش‌دەوێ، چون هەموویان دەربڕی هەستی کاتێکی دیاری کراوی ژیانم بوون کە لەو عەینەدا گووتوومە. به‌ڵام ئەگەر وەک مونتەقیدێک لە شێعری خۆم بڕوانم دەزانم ئه‌گەر 5 شێعری خۆم بۆ هەڵبژێرن، دەتوانم لەو بەینەدا باشترین شێعرم هەلبژێرم، بەڵام، هیچ کات ناتوانم بڵێم کە کامیان خراپترین شێعر دێتە ئەژمار. چون شێعرە خراپەکەی خۆشم پێ‌خۆشە، بۆیە دەربڕی هەست و ئیحساسی خۆم بووە.

دەبێ ئەوە بڵێم کە هەموو شاعیرێک، شێعری خۆی لە ئی خەڵکی پێ‌خۆشترە، چون ئەوە دەردی خۆیەتی کە نووسیوێتی. ئەگەر شاعیرێک بە شێعری کەسێک بڵێ بریا ئەو شێعرە ئی من بایە، ئەوە حەسادەت نییە، بەڵکوو غیبتەیە.

غیبتە خۆشە، ئەلان من بۆخۆم دەڵێم بریا هیچ شێعرێکم نەبایە و مەسنەوی "بەرەو موکریان"ی مامۆستا هەژار ئی من بایە. چون لە سەر ئەو باوەڕەم کە مامۆستا هەژار لەو شێعرەدا سەلماندوویەتی کە چ توانایەکی لە شێعر دا هەیە.

هاژه ـ چ شاعیرانێک زۆرتر لە سەر بەڕێزتان شوێندانەریان بووە؟

لە پێشدا مامۆستا "حەسەن سەلاح سۆران" لە سەر من شوێندانەر بووە، لە ساڵی 1363ی هەتاوی کە مامۆستا "هێمن"م ناسی هەموو کەسم لە پێش چاو کەوت، بۆ من وەک یەکەم باوکی شێعریم وابوو.

مامۆستا هێمن، مامۆستا "حەقیقی" بە من ناساند، کە مامۆستا حەقیقی‌م دی، دەتگووت لە شێعردا باوکی دووەمم دۆزیوەتەوە، چون ئەوەندە لە لام خۆشەویست بوو، ئەمن و بەڕێزیان بۆ یەک  وەک (پیر و مراد) وا بووین.

دواتر کە مامۆستا "هەژار"م ناسی بەڕاستی ڕێگە و زیکری من لەوێدا تەکمیل بوو، یانی ئاواتم ئەوەیە کە چ بە قەڵەم و چ بە کردەوە 1دەرسەدی مامۆستا هەژار بم.

ئەوجار مامۆستایانێکی وەک نووری، سەید کامیل ئیمامی، ئەفخەمی کە لە خزمەتیاندا بووم و شتیان لێ فێر بووم.

بە گشتی بۆ لەتافەتی شێعر "هێدی و هێمن" ڕێڕەوی من بوون و مامۆستا "هەژار"یش  بە "سەلابەت و قایمی" بۆ من ڕێچکەی ژیان بوو یانی هێدی و هێمن فێریان کردم کە چۆن شێعر بڵێم و هەژاریش فێری کردم کە چۆن بژیم.

هاژه ـ چ هونەرمەندانێک شێعری ئێوەیان بە گۆرانی گووتۆتەوە؟

بۆخۆم زۆرم عەلاقە بە گۆرانییە و ئەوەی گۆرانیبێژیشە خۆشم دەوێ. زۆر گۆرانیبێژ هەیە کە دێ ئیزن وەردەگرێ کە شێعریکی من دەکاتە گۆرانی، کە ئەمن نە تەنیا ئیزنی پێدەدەم بەڵکوو شانازیش دەکەم کە شێعری من بە گۆرانی دەڵێتەوە.

چون من لە سەر ئەو باوەڕەم کە هەر کات شێعر بە گۆرانی گووترا ئەوجەل شێعرەکە ئی خەڵکە و شاعیر دەبێ فەخر بەخۆی بکات کە شێعرەکەی چۆتە نێو کۆمەلانی خەڵکەوە و هەموو چین و توێژێک گوێی لێ ڕادەگرێ.

یه‌که‌م کەسێک کە شێعری منی بە گۆرانی گوتۆتەوە خوالێخۆشبوو "ئیسمایل ئاغای چۆگانی" بوو. دواتر هونەرمەندانێکی وەک "حەسەن دەرزی"، "ناسر ڕەزازی"، "تاهیر خەلیلی"، "خەبات مەولوودی"، "حەسەن زیافەتی"، "سەید عەلی قۆڕەیشی" و هەروەها ئەو هونەرمەندانەی کە زەماوەند و شایی گێڕن بێجگە لە وەی کە شێعری من دەڵێنەوە، نە تەنیا بۆخۆشم "بەند"یان بۆ دادەنێم بەڵکوو پێیان دەڵێم کە چۆنی بڵێنەوە.

هونەرمەندانێکی وەک خوالێخۆشبوو  "ئیسماعیل سه‌ردەشتی"، "ڕزگار شەڕەفکەندی" و "ئاوات بۆکانی" شێعر و بەندەکانی منیان گوتۆتەوە.

من لە سەر ئەو بڕوایەم کە "بەندی گۆرانی شێعرە"، چون بەند دەبێ قافیە و وەزنی هەبێ. گۆرانی بە شێعر و حەنجەرەی گۆرانیبێژ بە هێزتر دەبێ. ئەگەر حەنجەرەی گۆرانیبێژ خۆش‌بێ بەڵام شێعرەکە ناخۆش‌بێ یا ئەگەر دەنگی گۆرانیبێژ ناخۆش‌بێ بەڵام شێعرەکە خۆش‌بێ، زۆر وەبەر دڵان ناکەوێ و وەرناگیرێ، چوون "دەنگ‌خۆش و شێعر تەواوکەری یەکترن".

بەندی گۆرانی بەشێک لە شێعر دێتە ئەژمار، چون بەند بێژێک کە (فی‌البداهە) گۆرانی دەڵێ جۆرێک لەتافەتی تێدا بەدی دەکرێ جۆرێک کە حاڵەتی "نەزمی" لە "شێعرییەتێکەی" زۆرترە. بەڵام لە بەشی هونەرێکەیدا ئێمە هەموومان شاعیرین.

شاعیریش دەتوانێ وەک وان (فی‌البداهە) شێعر ساز کات، جیاوازی شاعیر و گۆرانیبێژ لەوەیدایە کە شاعیر کاتی شێعر گووتن "فکر" دەکاتەوە وەلی گۆرانیبێژەکان بە هۆی ڕاهێنانی زۆر (فی‌البداهە) دەیڵێن.

بۆیە ئەو چینەی کە بەندبێژن بەڕاستی هونەرمەندن و پێم‌حەیفە کە بفەوتێن، چون ئەوە دەوڵەمەندی ئەدەبی کوردە کە گۆرانیبێژی شاییەکانیشیان شاعیرن.

زۆر کەس وشەی شایەری پێ عەیبە، لە حاڵێکدا شایەر هەمان شاعیرن، کاتێک کە ئێمە خوێندەوارمان نەبوو تەواوی "بەیتەکان"، شایەرەکان سینگ بە سینگ بۆیان پاراستین. چون لە گووتنەوەی بەیتەکاندا ئاوازدانەر، چیرۆک‌نووس، شاعیر و دەنگ خۆش بوون، بۆیە توانیان ئەوانمان بۆ بپارێزن.

ئەگەر ڕۆژێک "بەیتەکانی ئێمە ون بن یانی ئەدەبیاتی زارەکی ئێمە ون بوو"ە، چون ئەو بەیتانە "دەرد، ناخۆشی و خۆشی ئێمە نیشان دەدەن و دەتوانن دیفاع لە مەزڵوومییەتی ئێمە بکەن". بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بمانهەوێ لە سەر سەوەتەی ئەدەبیاتی گەلانی جیهان کوردیش ڕێز و حورمەتەێکی هەبێ، ئەوە لە سایەی بەیتەکانێتی کە دەتوانێ ئەو جێگایە بۆخۆێ مسۆگەر کات.

 

هاژه ـ شاعیر بوون چ تامێکی بۆ مامۆستا ئاسۆ هەبووە؟

من شایەد لە زۆر شتی ژیانم پەشیمان بم، بەڵام هیچ کات لە شاعیر بوونم پەشیمان نیم. چون ئەوەی دەرد و ناڕەحەتی، نەداری یا کێشەی خێزانی بێ، هەمووی بە گووتنی یەک شێعر دادەماڵدرێ.

حەبی خەم و ژانەسەری من شێعرە و ئەوانیش هەرچی خەم و ناڕەحەتییە بۆم بە فەرامۆشی دەسپێرن. هەروەها خۆشەویستی و حوبی دڵی خەڵک بۆ شاعیر، باشترین سەروەت و دەوڵەمەندییە.

ئەگەر حەق بڵێم مامۆستای قوتابخانە و شاعیری منیان کرد بە "ئاسۆ" و هەر بۆیەش خۆم بە مەدیونی شێعر دەزانم کە توانیم بە وەسیلەی ئەو کەلێنێک لە ئەدەبی گەلەکەم پڕ کەمەوە.

هاژه ـ هه‌نووکه بارودۆخی شێعری کلاسیک لە موکریان‌ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە پێچەوانەی زۆر کەس من بە شاعیرانی بەرەی ئێستا خۆش بینم. ئەوە بوونی شێعری نوێ و کۆنە کە کەلێنێکی زۆری لە نێو شاعیراندا ساز کردووە و یه‌کێتی نێوان ئه‌وانی شەمزاندووە.

ئێستا چاوێک بە ئەنجومەنی ئەدەبی شارەکاندا بخشێنی، دەبینی هەر یەکەی لە نێو خۆیدا دوو سێ باڵی لێکەوتۆتەوە. شایەد ئەو قسەیە بۆ من گران تەواو بێ بەڵام بە ڕاشکاوی دەیڵێم کە "هەر ئەنجومەنێکی ئەدەبی کە چووم تەنیا 20 دەرسەدی بە پتەوی کار دەکەن".

من دڵنیام کە موکریان "لانکەی پتەوی ئەدەبی کوردییە". شاعیرەکان دەبێ لە سەر تەواوی قالبەکان کار بکەن، چون بەداخەوە زۆر کەس هەن کە لە قالبەکان ناگەن و نازانن شێعر بڵێن و "لە ترسی گێرە بوونەتە وشتر"، جا بۆیە دەڵێن کۆنە! لە بەرامبەردا کەسی واشمان هەیە کە بە تازەگەری و شێعر گووتن‌ لە باری سەلابەتەوە وەپێش هێمن و هەژاری کەوتوون کە ئەو کەسانە بۆ ڕۆژی خۆی وەدیار دەکەون.

شێعری موکریان پێشکەوتنی تێدایە و به‌رەو دواوە ناگەڕێتەوە. چون هونەر لە هەر کاتێکدا کە مرۆڤ بیبیسێ چێژی لێدەبا، شێعر چۆن بگووترێ زۆر گرینگە نەک ئەوەی کە لە کوێ گووترابێ. من لە سەر ئەو بڕوایەم کە هونەر کاری بە دەوڵەت و پەرچەم نییە بەڵکوو فەقەت بۆ میللەت و ئەدەبیاتەکەی دەگەڕێتەوە.

هاژه ـ  ماوەیەک لەوە پێش هەجوێکتان بڵاوبۆوە کە قسە و باسێکی بە دوای خۆیدا هێنا جۆرێک کە هێندێک کەس دەیانگووت ئاسۆ نەدەبا ئەو کارەی کردبا...

دەبێ ئەوە بزانن، کە هەموو شاعیرێک یەک دەستە ئەدەبیاتی هەیە کە بە "پاش مەرگە" دەناسرێن.

"پاش مەرگە" ئەو شێعرانەن کە شاعیر پێ‌خۆش نییە لە سەردەمی ژیانیدا بڵاو بنەوە، ئەو شێعرەش ئەمن لە دەستم دەرچوو و من بە هیچ شێوە ڕازی نەبووم کە چاپ بکرێ و ئێستاش ئەو کتێبەم بە خاتری ئەو شێعرە لە پێش چاو کەوتووە.

من هەر خەیاڵی ئەوەم نەبوو کە ئەو شێعرەی بڵاوکەمەوە و هیچ کات حاشاشی لێناکەم کە ئەوە شێعری من نییە، بەڵێ، شێعری خۆمە و لە ساڵی 1370ی هەتاوی گووتوومە.

بەسەرهاتی ئەو شێعرەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەو کە ئەو دەم کە جحێڵ بووم و تازەش کتێبی "تەوژمی خەیاڵ"م چاپ کردبوو و لە گۆڤاری "سروە"دا قەڵەمم لێدەدا و ناسیاویم لەگەڵ کۆچ‌کردووان کاک ئەحمەد قازی و مارف ئاغایی پەیدا کردبوو. بەڕێزێک بە نێوی "محەممەد موڕتەزایی" لە ژمارەی 15ی گۆڤاری (ادبستان) کە پتەوترین گۆڤاری ئەو سەردەم بوو، چوو بوو لەوێدا بێ‌حورمەتی بە هێمن، هەژار و حەقیقی کردبوو و نازانم کێ فێری کردبوو کە بڵێ ئەوانە شاعیرانەی دەرەجە سێن.

لە ژمارەی 16ی (ادبستان) بەڕێزێک بە نێوی "ناسر سینا" وڵامی "موڕتەزایی" دەداتەوە کە ئەتۆ کێی دەرەجەبەندی بۆ شاعیرانی ئێمە دەکەی و ئەگەر دەشیکەی بۆ لە (ادبستان)دا دەیکەی ئەگە ڕاست دەکەی لە گۆڤارە کوردییەکانی "ئاوێنە" و "کوردستان"دا ئەو کارەت کردبا و بەڕێز "سینا" هەر لەوێدا لە زمان موڕتەزاییەوە وڵامی خۆی دەداتەوە کە نەخێر بەڕێز سینا، ئەگەر پێت وایە من لایەنگری شێعری نەوم، باسی هەموو بەڕەڵایەکم دەکرد، باسی سەعیدی نەجاڕیشم دەکرد، لە حاڵێکدا من موڕتەزەویم نە دیتووە و نە ناسیویشمە. ئەو بێ‌حورمەتی بە من کردووە، خۆ نەدەکرا خۆشی بەقوربان بکەم، ئەو دەمیش من لاو بووم و ئیحساسات گرتبوومی و ئەو هەجوەم نووسی کە بۆ مامۆستا حەقیقیم خوێندەوە، پێ‌ناخۆش بوو و گووتی نابێ ئەو کارە بکەی، ئەو بەڕێزە ڕێی خۆی دەڕوا ئێمەش ڕێی خۆمان دەڕۆین.

هەر بۆیە بەردێکم لە سەر دانا، تا ئەوەی کە دوای 25 ساڵان ئەو شێعرەم لە گۆشەیەکی ماڵێ دیتەوە، چاوم لێکرد هەجوێکی سەرکەوتوویە، ڕوانیم نە کابرا ماوە و نە بە هیوای نووسینەوە و نە بە هیوای چاپی بووم، بەڵام گووتم با بۆ یادگاریش بزانن کە شێعری هەجویشم هەبووە، لە دەفتەرە‌کەمدا دوو هەجو بوون کە چوو تایپ بکرێ، لەوێدا نامەم بۆ ناردن کە هەر دووکیان دەرهاوێن، بەڵام نەیانزانیبوو کە یەک دانەیان لێ دەرنەهاویشتووە و ئەوکات کە کتێبەکە لە سنەی چاپ کرابوو و لە دەستم دەرچوو.

چون شاعیر شێعری خۆی لە بەرە و هەڵە‌کانی نابینێ و ئەوە ئەرکی ویراستارییەکەی دەکەوتە سەر شانی چاپخانە، کە بەداخەوە نەیکردبوو. ئێستاش دوای ئەو مەسەلەیە، ئەو کتێبەم لە پێش چاو کەوت و لەو وت‌ووێژەدا ڕایدەگەیەنم کە لەو شێعرە بێزارم و تازە هیچ کتێبێکی من بەو شێعرەوە چاپ ناکرێ.

هەڵبەت پێش بڵاوبوونەوە کتێبەکە ئەو شێعرەمان لێدەرهێنا، مەگەر ئەوەی کە لە دەستمان دەرچووبێ. لەمە بەو لاوە لەو شێعرانە چاپ ناکرێن، چون ئەوانە شێعری "پاش مەرگە"ن.

جا بۆیە لێرەشەوە هەر لەو بنەماڵەیە عوزر دەخوازم، چون ئەو شێعرە ئی زەمانی لاویمە و ئیحساساتی هەڵس‌وکەوتم کردووە و هەر بۆیەش لێیی پەشیمانم.

هاژه ـ زۆر سوپاس بۆ مامۆستا ئاسۆی شاعیر، وەرگێڕ، نووسەر و لێکۆڵه‌ری بواری فەرهه‌نگ و ئه‌دەبیاتی کورد که به دڵێکی ئاوڵا وڵامێکی پرسیارەکانیتانی ئێمه‌تان داوە.

زۆر سوپاس بۆ هاژه و هه‌موو خوێنه‌ران و به‌ردەنگانی بەڕێزیشتان.