تاریخ: ۱۴۰۰/۸/۸
نەمانی حەزی خواردن یەکێک لەنیشانەکانی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارەیە
بەگوێرەی پێگەی ڕۆژنامەی "ئێکسپرێس"ی بەریتانی، پزیشكانى بەریتانی باسیان لەوەکردوە، زەردهەڵگەڕانی پێست‌و سپیبوونی چاوەکان‌و نەمانی حەزی خواردن‌و لەدەستدانی کێشی جەستە بێ هۆکار، سەرجەمیان ئاماژەی تووشبوونن بەنەخۆشیی شێرپەنجەی پەنکریاس.
 
ئەو پزیشکانە وتویانە درووستبوونی ئەو نیشانانانە بەهۆی کەڵەکەبوونی بەرهەمی شیبوونەوەی بیلیرووبینن لەناو خوێندا، هۆشداریشیانداوە لەوەی نابێت لەدەستدانی بێ هۆکاری حەزی خواردن‌و کێشی جەستەو هەستکردن بەماندوێتیی‌و بێهێزیی تا و لەرزلێهاتن‌و ئازاری سک پشتگوێبخرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پزیشکان ڕێنماییانداوە لەکاتی هەستکردن بەو نیشانانە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت‌و پشکنینی پزیشکیی پێویست ئەنجامبدرێت‌و چارەسەر وەربگرێت.
شێرپەنجەی پەنکریاس گرێیەکی خراپە لەپشتەوەی شانەکان‌و کەناڵەکانی پەنکریاسەوە درووستدەبێت‌و وەکو یەک تووشی ژنان‌و پیاوان دەبێت. خواردنەوە کحوولییەکان‌و جگەرەکێشان‌و خواردنی خواردەمەنییە چەورو تیژەکان گرنگترین فاکتەرەکانی تووشبوونی نەخۆشییەکەن.
هەرچی نیشانەکانییەتی ڕوون‌و دیاریکراونین، بۆیە گرێ شێرپەنجەییەکە گەشە دەکات‌و تادەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو ئاشکرانابێت.