تاریخ: ۱۴۰۰/۷/۲۷
کڕۆنا و لێکەوتە نامرۆییەکانی
حاجی عەبدۆڵڵا حەمزە

کڕۆنا ...، دەردێکە لە هەمووانە و هەمووان دەگرێتەوە و تەنیا دەردێکە کە یەکسانی تێدایە و هەڵاواردن لە نێوان هەژار و نەدار و دەستەڵاتدار و بێ دەستەڵات ناکات! زۆربەی ئێش و ئازار و دەردەکان، بە هەرەوەز و لێکنزیکبوونەوە و دڵداری و هاوخەمی و دراو و پارە چارەسەر دەبن و زۆربەی نەخۆشیەکان  ئەگەر چارەش نەکرێن بە سەردان و لێپرسین و ماچ و ڕامووسین و دە ئامێز گرتن و پێکەوە گەشت و سەیران کردن و پێکەوە خواردن و خواردنەوە سوکنایی و ئارامی بە گیان و لەشی نەخۆش دەدەن و ئێش و ئازار کەم دەکەنەوە... لە نەخۆشی و ناخۆشیەکاندا، مرۆڤەکان پەنایان بۆ شینی بە کۆمەڵ و نوێژ و  نزاو پاڕانەوەی بە کۆمەڵ و ئاشتەوایی بەکۆمەڵ و تەنانەت تۆڵەی بە کۆمەڵ دەبرد و کوڵی ناخیان پێ دادەمرکاند...! بەڵام ڤایرۆسی کڕۆنا ، ئەو ڕمووزنە وردیلەیە کە باڵی بە سەر هەموو کون و کەلێن و قوژبن و بەرز و نەوی و پانتایی ژیانی مرۆڤەکان دا کێشاوە و بڕستی هاونشینی و هاودەنگی و هاوسەیرانی و هاوژیانی و هاوخوانی و هاوکاری و هاوپۆلی و هاوسەفەری و هاوشینی و هاوخەمی، لێ بڕیون و ... بەرەی مرۆڤ کە خودا وای ساز کردوون بە کۆمەڵ بژین و خێزان و بنەماڵە و هۆز و ئاوەدانی و شار و هەرێم و ناوچە و وەڵات پێک بێنن و لە تەریکی و تەنیایی دوور بن... ئێستا کەتوونە دۆخێک، کە وەڵاتان سنوورەکانی زەوی و ئاوی و ئاسمانی بە ڕووی یەکتر دادەخەن و ڕێگای هەرێم و شاران بەربەست دەکرێن و شوێنەکانی زانستی و فەرهەنگی و ئایینی دادەخرێن و خەڵکی گەڕەک و کۆڵانەکان بە پارێزەوە بە لای یەکتر دا تێدەپەڕن و دراوسێیەکان پەنجەرە و دەروازەکان بەڕووی یەکتر دا ناکەنەوە و بنەماڵەکان بە پارێزەوە و بە بێزەوە کەل و پەلی خواردەمەنی و ئەو پێداویستیانەی باب یا بەرپرسی ماڵێ لە بازاڕ بۆیان دێنێتەوە، لێی وەردەگرن و هەر کۆخە و پژمین و هەناسە و بایەکی نێو زگ بۆتە گوللـە و بۆمب و ناپاڵم بۆ تەندرووستی ئەوانی دیکە...! ئەگەر کەسێک ساڵان ڕۆژێ دووجار دەست و چاوی بە سابوون شۆردبان، پێیان دەگووت : "حەمبەڵی" و گاڵتەیان پێ دەکرد! بەڵام ئێستا پشت و لەپی دەستی هەموو کەسێک ترووسکەی دەدا و کڕێژ و چڵک و قەڵشتی دەستەکان پاک بوونەوە، بەڵام هەر واش مەترسیان بۆ خۆیان و بۆ هاونشینەکانیان هەیە... ساڵان هەر کەس بۆ ئاودەست و کاری سەراو دەچوو دوای هاتنەوەی ڕەنگە دەستەکانی شتبان؛ بەڵام ئێستا پێش دانیشتن لە ئاودەست و پێشاو  تەنانەت ئەگەر بە پەلە بی و پانتۆڵەکەشت پیس بکەی دەبێ دەستەکانت بیست چرکە جوان بشۆری و ئەو جار بچیە "سەراو" ...!
ژیان بەراوەژوو بۆتەوە! کۆمەڵگە لێک دابڕاون و خێزانەکان دە ژوورەکان خزاون و تاکەکان لە بەر یەکتر هەڵدێن و پەیوەندیەکان بوونە  دەنگ و ڕەنگی مەجازی و نەخۆشیەکان لە یەکتر ئاشکرا ناکەن و پیر و پەککەوتووەکان لە هەموو کات بێنازترن! مردووەکان  بە بێ تابووت و گریان و شیوەنی کەس و کاریان و بە ونی و دوور لە چاوی خەڵک و خزمان ، دە خاک ڕادەکرێن ... ساڵان لە تەڵقیندا بە مردووەکانیان دەگووت: ئەی فڵانی ڕۆڵەی فڵان ئێستا دوو فریشتەی بەرگ سپی بە نێوی نکیر و منکیر دێن و پرسیارت لێ دەکەن...! بەڵام ئێستا، کارمەندانی بەشەکانی تەندرووستی بوونە فریشتە و بەبێ پرسیار و داپۆشراو بە بەرگی سپی ، مردووەکان دەنێژن و زۆربەی بنەماڵەکان بە گۆڕی خۆشەویستانیان نازانن و ناوێرن و ڕێگاشیان پێنادرێ دوای ناشتنیشیان سەردانی گڵکۆکانیان بکەن... ئێستا هەر کەس بەرپرسی پاراستنی لەش و گیانی خۆیەتی و ڕوخساری جوان وناحەزی مرۆڤەکان داپۆشراون و هەتا لە گەڵت نەدوێن نایانناسیەوە...! مرۆڤەکان بە کڕۆنا نەخۆش دەبن و هێندێک دەمرن و دەبنەبیرەوەری تاڵ و هەمیشە بۆیان بە پەرۆشین؛ بەڵام ویژدانەکانیش لەو کەشە ناخۆشەدا  بە گرانفرۆشی و داکردن و شاردنەوەی پێداویستی خەڵک زۆریان دەپۆتن یا ڕەش هەڵدەگەڕێن و مرۆڤەکان  بۆ هەتا هەتایە نەفرینیان لێ دەکەن و وەک پەڵەیەکی ڕەش دە لاپەڕەکانی مێژوودا نەخشیان دەکەن و پەسڵان و قیامەتێک لە مرۆڤ ڕابووە کە هیچ کەس بە بیری دا نەهاتووە ...
ئەو مرۆڤەی بە شاری جوان و باڵەخانەی دەیان نهومی و ماشێنی خێرا ئاژۆ  و ئامێرەکانی دیجیتاڵی زیرەک و بێ ئەژمار کەرەسەی جوان و سەیر و سەمەرە ، باڵی فیز و پۆزی لە هەوران دەدا و بە لەنجە هەسارەکانی دەپێوا و بە گەمیەی حەوایی بۆ شوێنێکی دیکەی ژیان بە بۆشایی ئاسمان و کەشکەڵانەکان (کەهکەشان) دا دەگەڕا و هێندیکان بۆ گەیشتن بە خودا و هێندێکیان بۆ سەلماندی نەبوونی خودا کێ بەرکێ یان دەکرد و هێندێک لە مرۆڤەکان وەها چووبوونە دە ناخی ئەتۆم و گردیلەکان، بەڕای خۆیان گرێپووچکە وفۆڕمۆڵی سازێنەری سازکراوەکانیان دیتبۆوە...!
کوانێن هەتا بتوانن پیش بە تەشەنەی کڕۆنا بگرن و بیوەستێنن یا بنەبڕی بکەن
(یا أَیُّهَا الْإِنْسانُ ما غَرَّکَ بِرَبِّکَ الْکَریمِ (سوره انفطار آیه ۶)