تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۱۳
بارزانی مزگێنی داهاتوویه‌کی گه‌ش بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌دات

به‌ ڕاپۆرتی هاژە بە گێڕانەوە لە مێهر، ڕۆژی ڕابردوو مه‌سعوود بازرانی په‌یامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی بڵاوکرده‌وه‌ و تێدا هیوای خواست ساڵی ٢٠١٧ ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە هه‌رێمی کوردستان و هەموو جیهان.
ئاماژه‌شی دا که‌ "ساڵی ٢٠١٦، بەهۆی ڕەوشی خراپی ئابوورییه‌وه‌ لە ئەنجامی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر، بارگرانییەکی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی سەختیی گوزەران. "

بارزانی ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ "کوردستان خاوەن گەلێکی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەکانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئیستاش تێ دەپەڕێت و ئایندەیەکی زۆر گەش چاوەڕێی دەکات. "

هه‌روه‌ها باسی له‌ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم کردووه، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمدا و وتی: "ئێستا خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین نزیکەی تەواوی خاکی کوردستان ئازاد کراوە."

سه‌باره‌ت به‌ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش بارزانی وتی:"ڕۆژی ٢٠ـی١١ـی٢٠١٦، لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، هەڵوێستی خۆمم ڕاگەیاند و داوام لە حزبەکان کرد بکەونە گفتوگۆ و بگەنە ڕێککەوتن. دوای ئەو پەیامە چەند دانیشتنێک لەنێوان حزبەکان بەڕێوەچووە، من ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنی حزبەکانم و هیوادارم بگەنە چارەسەری گونجاو، چوونکە چیتر نابێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێت. "

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆتاییدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵیت که‌ " ناوچەکە لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە و گەلی کوردستان ئێستا لە هەموو کات زیاتر داوای یەکڕیزیمان لێ دەکات. بۆ ڕەوشی ناوخۆیش لەسەر هەموومان پێویستە، هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەکانی ئێستا وەربگرین. "

 هیواشی خواست که‌  ساڵی ۲۰۱۷ کێشە و قەیرانەکان کۆتاییان بێت و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەکه‌دا بکێشێت و کۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینکار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی