تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۱۳
"ئابووری کۆڵبەری" سەرچەشنێکی گونجاو بۆ ئابووری وڵات!

ئەرسەلان بورنا ـ شرۆڤەکاری سیاسی

 

پارێزگا سنوورییەکان هەردەم وەک یەکێک لە پێناسە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی ئابووریان دەست نیشان و کاریان لە سەر کراوە. دان و ستانە بازرگانییەکانی کە لە دەروازە سنوورییە یاسایی و فەرمییەکان پێک دێ دەتوانێ کاریگەری باش و دەستکەوتی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت چاندیشی ببێ. لەم ڕوویەوە، گرینگایەتی پێدانی زۆرتر بە ئەوان پەیهاتی ئەرێنی و گونجاوی بۆ خەڵک و کۆمەڵگا بە داو دایە و لە سەر ئاستی داهات، دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیان و ئاسوودەیی زێدەتر باندۆری ڕاستەوخۆی هەیە.

ئەم بابەتە لە ئێراندا لە ئاکامی چەقبەستوویی پرسەکان بە سیاسەتەکانی ناوەندتەوەری کە بە درێژایی نزیک بە ٤ دەیە لە سەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ڕەچاو دەکرێ پەیهاتی نابەجێ و نەرێنی لێ کەوتۆتەوە. بە واتایەکی دیکەوە، پارێزگا سنوورییەکان لە ئاست بە ناوەند یا پارێزگاکانی نزیک بە ناوەند "پەرەسەندنی ئابووری"، "ئاستی ژیانێکی باشتر و گونجاوتر" یا خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە لە ڕیزەکانی خوارەوەی پێڕست جێگە دەگرن. ئاوڕدانەوەیەکی لۆژیکی و درێژخایەن نەک تەنیا دەتوانێ یارمەتی بە سەقامگرتوویی زێدەتری ئاسایشی بکات بەڵکوو ئەگەری گەیشتن بە گەشەی ئابووری، ڕەخسانی دەرفەتەکانی کار و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارمانی لە قۆناغێکی نە زۆر دووردا مزگێنی دەدات.

بەدڵنیایی دامەزراندن و وەڕێ خستنی "بازارچە سنوورییەکان" یا درووست کردنی "ناوچە ئازادە بازرگانییەکان" کاریگەرییەکی بەرچاو و زۆری لە سەر پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری پارێزگا هەژارەکانی وەک ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام و... دادەنێ. لە ڕاستیدا، " ئابووری کۆڵبەری" ناڕێکییەکی زۆری لە گەشەکردن و نایەکسانی لە ئاستی داهاتەکان و بژێوی خەڵک درووست کردووە. هەربۆیە، ئێمە لە ئاستی جوگرافیای ئێران ڕاشکاوانە دەتوانین باس لە دوو هەرێمی پیشەسازی کراو و گوندێتی بکەین.

کەموکووڕییە ئابوورییەکان و پشت گوێ خستنی ئەم پارێزگایانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە ئەوانی ڕووبەڕووی نەبوونی خزمەتگوزاری، دواکەوتوویی و لاوازییەکانی ژێرخانی ئابووری کردووە. لەم ڕوویەوە، حەز بە کۆڵبەری وەک تەنیا سەرچاوەی داهات و ئابووری ئەوان ڕۆژانە ڕووی لە بەرز بوونەوەیە. بەداخەوە بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کاری کۆڵبەری دەکەن لە چینی لاوی خوێندەوار پێک هاتوونە کە کەڵکەڵەی داهات و بژێوی ژیانیان بۆ داهاتوویەکی ڕوونتر هەیە.

 

لە لایەکی دیکەوە، کەمترخەمی دەوڵەت لە کردەوەیی کردنی گەڵاڵە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان ئەم دۆخەی هەستیارتتر و قەیرانەکەی گەورەتر لە جاران کردووە. بەردەوامی ویشکەساڵییەکان، بەهرەوەری کەمی جووتیاران و کۆچبەری بەرەو شارەکان، نەبوونی هەلی کار یا بێبەشی لە گەڵاڵە درێژخایەنە ئابووری و کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەم هێنانی زۆرتر خێرایی بەم دیاردەیە داوە. وێدەچێ، "ئابووری کۆڵبەری" تووشی قەیرانی جیاوازتر هاتووە و سەرەڕای ئەوانەش، دۆخێکی ئاسایشی لە سەر ناوچەکان زاڵ و داسەپاندووە.

" ئابووری کۆڵبەری" پەیهاتی کاولکارانەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەم مژارە زۆر بە ڕوونی لە شێوەی هەڵسوکەوتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئاست بە کۆڵبەران بە باشی دەردەکەوێ. بە جۆرێک کە ئێمە بە بەردەوامی شایەتی گیان لە دەستدانی کۆڵبەران و ئەسپەکانیان بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاق لە سەر سنوورەکان دەبین. جێی حاشا نییە ئەم نزیکایەتییە دۆخەکە شپرزتر و هەروەها، هۆکاری فەوتانی سەرچاوەی داهاتی ئەوان و لە ئاکامدا، ڕاکێشی شارە گەورەکان و کێشەی قووڵتر دەبنەوە.

بەپێی ژمێریارە فەرمی و بەردەستەکان و بە لەبەرچاو گرتنی بازارچە دەمکییەکان نزیک بە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار ماڵبات بە شێوەی ڕاستەوخۆ بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی کۆڵبەری دەستەبەر دەبێ کە قووڵایی ئەم کارەساتە دەردەخات. هەروەها، ئەمە ڕێک بە واتای ئەوە دێ کە خەڵکێکی زۆر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وێڕای سەرنجدان بە هەبوونی چەندین شوێنی تاناکۆرا لە تەواوی شارەکان یا دووکانەکانی کە کەرەستەکانی کۆڵبەرانی دەفرۆشن؛ زێدەتر لە نیو میلیۆن کەس ژیانیان بە ئابووری کۆڵبەری گرێ دراوە. هەربۆیە، پیداویستە دەوڵەت پیناسەیەکی نوێ و درێژخایەنی لە ژێر ناوی "ناوچە ئازادە بازرگانییەکان" ببێ تاکوو ئاڵ و گۆڕی کەرەستە ئابوورییەکان لە ناوچە سنوورییەکان ئاسانتر ببێتەوە، دەرفەتی کار بۆ خەڵک بڕەخسێ و ئابووری ناوچەکان گەشە بکات.