دەمێکە پەتای پڕ ڕەمزوڕازی کڕۆنا بە داسی مەرگ وەنێومان کەوتووە و سەری گوڵەگەنمەکانمان هەڵدەپسێنێ،
یا بە بیوری کەترەخەمی شلکەنەمامەکانمان دادەپاچێ.
تا کەی بەس نییە؟
دەمێکە لەو وڵاتە تووکلێکراوە، تاپۆی دەرد و مەینەت بەرۆکی ژیانمان ڕادەتڵەکێنێ تا گوڵی هیوا و هۆمێدمان بە گەردەلوولی پایزەهەواری ئەوساڵ تێکەوەپێچێ و ڕایڕفێنێ. تا کەی بەس نییە؟
دەست و ڕووخسارمان لێک نامۆن، لە دیداری یەک هەڵبڕاوین، لێوەکانمان لە گۆ کەوتون، تەنانەت دەمێکە بزەکانیشمان لە ژێر کفنی دەمامک نێژراون، تا کەی بەس نییە؟
تماشا کەن شاخ و بەندەن و پێدەشت و گۆڕستانەکانمان چلۆن خەمڵاون بە تەرمی سوورخەڵاتەکان! تا کەی بەس نییە؟
دەمێک بوو کاکە ئاوات تەواو ڕاهاتبوو تا بە ڕازانەوە و سەمای پیت و وشەکان، تۆوی سەرفرازی و شکۆی زمانی کوردی لە مووچە و مەزرای ئەو مەڵبەندە بچێنێ. ئاوات ئامانجی ئەوە بوو تا بە کێوی ئاواتەکانیدا هەڵگەڕێ بەڵکوو پۆلبەستی گوڵی بەختەوەری دەسک کا، بەڵام داخەکەم زریانی کاتنەناسی ئەجەل بارگەوبنەی بەرەو هەوارگەی نەمان تێکەوە پێچا، بەڵام نا یاد و ناوی لە دڵ و دەروونمان بەرز و پێرۆز ڕادەگرین.
ماڵاوا ئاواتی خۆشینەدیو و بە ئاوات نەگەیشتوو، ماڵاوا.
دڵپەشێوی کۆچت: عەزیز وەلیانی