تاریخ: ۱۴۰۰/۶/۲۴
سپاس و پێزانینی بنه‌ماڵه‌ی خاله‌ق قوبادی پێشکسوەتی وەرزش و خێرخوازی مەهابادی

 به پێی هه‌واڵی هاژه، بنه‌ماڵه‌ی خالەق قوبادی پێشکسوەتی وەرزش و خێرخوازی مەهابادی له په‌یامێک‌دا سپاسی شارومه‌ندانی سه‌رجه‌م شاره‌کانی کوردستانیان کرد.

ده‌قی په‌یامه‌که به‌و شێوه‌یه:
 
سپاس و پێزانین

خوشک و برایانی زێدە بەڕێزمان،

بەو پەڕی ئەمەگناسییەوە سەری ڕێز و پێزانین لە ئاست بە دەنگەوە هاتنتان دادەنوێنین. قورسایی ئەم خەمە گەورە و گرانەتان لەسەر شان سووک کردین و هاوخەمیتان بووبە هەتوانی دڵی نەسرەوتە و لە کوڵمان.

سپاسی تایبەتی خۆمان پێشکەش دەکەین بە یاری­زانانی پێشەنگ کە لە گۆڕەپانی وەرزیشی، ئەو شوێنەی هەردەم دڵی پێی دەگەشاوە و زۆر جار وێڕای هاوڕێیانی شانازییان بۆ شارەکەمان خوڵقاندبوو، بۆ دوا دیدار و لەسەر شانی هاواڵانی بەو پەڕی حورمەتەوە ڕێزی لێ گیرا، هەروەها دۆستان و پێشەنگانی وەرزیشی شاری ورمێ و پیرانشار کە بەسەریان کردینەوە و خۆمان بە منەتباریان دەزانین.  

سپاسی بێ­بڕانەوە بۆ گشت ئەو کەسانەی کە لەو دۆخە ئەستەمەدا لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی خۆشەویستی کۆچ کردوومان بەشدارییان کرد، سپاس و ڕێز بۆ ئیمام جومعە و مامۆستایانی ئایینی، نوێنەری مەجلیس، شوڕای شار و شارەداری، دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد، بنکەی هەواڵنێری هاژە، ئیدارەی وەرزیش و لاوانی مەهاباد، تێکڕای لێژنە وەرزیشییەکانی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکە کە بە بەشداری کردن لە پرسە و ماتەمینی و ناردنی پەیام هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە. سپاس و پێزانین بۆ گشت ئەو خۆشەویست و بەڕێزانەی بە تەلیفۆن و کورتەنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتێکان پێوەندییان پێوەگرتین، بە گوتە و نووسراەوکانی پڕاوپڕی میهرەبانی و دلۆڤانی سۆکناییمان هاتێ.

لە کۆتاییشدا ئەوپەڕی ڕێز بۆ دوستانی ئازیز و هاوڕێیانمان لە گروپی شاخەوانی هەرمان و باشگای ئەوراز کە هەر وەک هەمیشە پاڵپشتمان بوون لە تێکڕای بۆنەکاندا پێ بە پێ دەگەڵمان هاتن.

دەستەوەستانین و داوای لێبووردن دەکەین کە ئەو جۆرەی شایانی شان و شکۆتانە و دڵ دەخوازی چاکەی ئێوەمان پێ نادرێتەوە. جارێکی دیکە پڕ بە دڵ سپاسی دەهانا هاتنتان دەکەین و منەتباری چاکەتانین.

 

بنەماڵەی خالەق قوبادی