تاریخ: ۱۴۰۰/۶/۲۴
ترێ ڕەشە، بەختی جووتیارانی سەردەشتی ڕەشتر کردووە

ڕەزەوانێکی تەمەن 60 ساڵی خەڵکی گوندی ئالانی سەردەشت، بە سەبەتەیەک ترێی ڕەشەوە لە لاپاڵی شاخەکە و بەناو ڕەزەکەدا دێت و دەچێت، جارجارە بە لۆی کەواکەی ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕێت و چاوێک لە خوارێ دەکات و دادەنەوێت و هێشوویەکی دیکە لێ دەکاتەوە.

 

 ڕەحیم ئالانی دەناسێنێت، دەڵێ: "ئەم باخە موڵکی باب و پیرانمە و ئێستا خۆم و پێنج منداڵم سەرقاڵی خزمەتکردنی ئەم ڕەزەین کە بەشێکی دێمە و بەشێکیشی بەرئاوە". ڕەحیم گلەیی لە ئاوڕنەدانەوەی ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات و دەڵێت: "نەبوونی کارگە و ناوەندێک بۆ وەرگرتنی ئەم بەرهەم نایابە، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەڵاڵان بازاڕیان خۆشتر ببێت و ڕەنجی هەموومان دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە".

ساڵانە لە سەردەشت 35 هەزار تۆن ترێ بەرهەم دێت

 

ترێ ڕەشەی سەردەشت کە زۆر جار بە ناوی زێڕی ڕەش ناو دەبرێت، بەرهەمێکی نایابە کە بە دوو شێوەی بەرئاو و دێمەکار بەرهەم دەهێندرێت و ئەم بەرهەمە کە ڕەنج و تێکۆشانی جووتیارانی دەوروبەری سەدەشتە، بووەتە ناسنامەیەک بۆ شارەکە و هەتا ئێستا دوو فێستیڤاڵی ترێ ڕەشە لە سنووری سەردەشت بەڕێوە چووە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان و پشتیوانینەکردنی جووتیاران، ترێ ڕەشە نەبووەتە براندێکی بازرگانی و لە پەراوێزدایە.

بەپێی زانیاریی ئەحمەد عەلیپوور بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت، پێنج هەزار و  500 دۆنم زەوییەکانی ناوچەکە بە باخە ترێ چێندراون، کە ساڵانە 35 هەزار تۆن ترێ، واتە 9٪ی ترێی پارێزگای ورمێ لەو شارە بەرهەم دێت.

دوو هەزار و 200 دۆنم زەوییەکانی ترێی سەردەشت بەرئاوە و سێ هەزار 500 دۆنمیشی بە شێوەی دێمەکارە، واتە زیاتری بە شێوەی دێمەکارە و بەرئاو نین و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ناوچەکە کە ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی بێ ئاوی بووەتەوە.

جووتیارانی سەردەشت ناڕازین

 
جووتیاران و بەتایبەتی ڕەزەوانانی سەردەشت باس لەوە دەکەن، کە بە زەحمەت و تێچوویەکی زۆرەوە بەرهەمی دێنن، بەڵام بەهۆی پشتیوانینەکردنیان بەرهەمەکیان بەفێڕۆ دەچێت و تەنیا دەڵاڵانی هەلپەرست سوودی لێ دەبینن.
 

خدر ڕەحیمی، باخدارێکی گوندی کاولان سەردەشت لەبارەی ئەم گرفتەوە بە ماڵپەڕی میهری ئێرانی ڕاگەیاندووە: "نەبوونی نرخێکی گونجاو و پشتیوانینەکردن لە بەرهەمهێنەرانی ترێ لە شاری سەردەشت وای کردووە، کە دەڵاڵەکان بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بۆ پارێزگاکانی وەک تاران و شارە ناوەندییەکانی ئێران ڕەوانە بکەن".

بەشێکی دیکەی کێشەی جووتیاران، نەبوونی ناوەندێک و کارگەیەکی پێویست بۆ لێگیراوەکانی ترێیە لەو شارە، کە بەشێکی بەرهەمەکە لەناو دەچێت.

لەگەڵ ئەوەی پێنج هەزار و 500 دۆنم لە زەویی گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت تایبەت بە باغی ترێیە و ترێیەکەشی لەڕووی جۆر و شێوازی بەرهەمهێنانەوە تەواو سروشتییە و هیچ جۆرە پەیینێکی کیمیایی لێ نادرێت، بەڵام بەرهەمی ساڵێک تێکۆشانی جووتیارانی سەردەشتی بەهۆی نەبوونی کارگەیەکی پیشەسازیی تایبەت بە ترێ، بە شێوەی خاو هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت و بەرز و نزمبوونەوەی نرخ و نەبوونی پشتیوانیش بازاڕی دەڵاڵانی گەرمتر کردووە و بەهۆی ئۆرگانیکبوونی ترێ ڕەشەی سەردەشت، بەشێکی زۆریشی ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.

 

50٪ی خەڵکی سەردەشت سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ترێن

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت بە ماڵپەڕی ئیرنا_ی ئێرانی گوتووە: "50٪ی دانیشتوانی سەردەشت بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێزی بەرهەمهێنەرانی ترێ ڕەشەدان و بێگومان دەکرێ بگوترێ تەنیا میوەیەکی ئۆرگانیک و سروشتیی ئێرانە و جۆرەکانی نەمامی ترێ ڕەشەی سەردەشت ڕەوانەی شار و پارێزگاکانی دیکەی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵات و بۆ وێنە فەڕەنسا کراوە".

بەرهەمەکانی ترێ ڕەشە

ترێ ڕەشەی سردەشت، جیا لەوەی بە شێوەی خاو بەکار دەهێندرێت، هاوکات بەرهەماکانی وەک: مێوژ، شیرە و دۆشاو، باسووق، ئاوی ترێ و دروستکردنی ڕۆن لە ناوکەکەی، هەروەها بۆ بەرهەمی دیکەش بەکار دێت.

وەرزی پێگەیشتنی ترێ

 

هەرچەند کاتی پێگەیشتنی ترێ بەپێی ناوچە و جۆری ترێیەکە دەگۆڕێت و لەو ناوچانەی کە کەشوهەوا گەرمتر بێت ترێ زووتر پێ دەگات و لە ناوچە سارد و کوێستیانییەکانیش درەنگتر پێ دەگات، بەڵام وەر و کاتی پێگەیشتنی ترێ ڕەشە لە سەردەشت لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ (11ی مانگی 8)وە دەست پێدەکات و تاکوو دوو مانگ بەردەوامە. لێکردنەوەی بەرهەمی ترێ لە زۆر ناوچە و گوند بە هەرەوەرزییە، بەتایبەتی ئەوکاتەی ترێ بە تەڕی و خاوی پارە ناکات، بنەماڵەکان بەکۆمەڵ لێی دەکەنەوە و دەیکەنە مێوژ کە بە شێوازی دروستکردنەکەی دەگوترێ (بووڵاو) و ئەمە کارەش هەر بە هەرەوەرزییە.

سوودەکانی ترێ ڕەشە

ترێی سەردەشت لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەی كە هەیەتی، بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر بەسوودە و بەپێی زانیارییە تەندروستی و خۆراکییەکان خواردنی ترێ ڕەشە، وێڕای كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەمارەكان، لە زیادکردنی شیری دایكدا دەوری هەیە، هاوكات گەدە و ریخۆڵە پاك دەكاتەوە و رێگری لە چرچبوونی پێستیش دەكات.

سه‌رچاوه: باس نیوز