تاریخ: ۱۴۰۰/۶/۲۰
ھەوارەبەرە؛ شووناسەی میوزیکی کوردی
بەرھەمی ئۆرکسترای فیلارمۆنیکی موکریان دانەر و رێبەری ئۆرکسترا: کاوە فەقیەزادە
مۆسیقای کوردی شووناسێکی سەربەخۆی هەیە واتا ئێمە وەک کورد دەتوانین بڵێین خاوەن مۆسیقایەکی سەربەخۆ و تایبەتمەندین و ئەو مۆسیقایەمان ناسنامەیەکی کوردی هەیە مۆسیقای کوردی لە کۆڵەکە و ریشەکانیدا بوونی هەیە، ئەگەر بمانەوێ بزانین شووناسی چییە، مۆسیقای کوردی ریتم و ئاهەنگی تایبەت بەخۆی هەیە، وەک چێژ ئەگەر بگەڕێینەوە بنەڕەتی مۆسیقای کوردی و ئەو بابەتانەی تاموچێژی فۆلک دەدەن یان دەستیان لێ نەدراوە، ئەگەر لێکیان بدەینەوە، بەوە دەگەین کە مۆسیقای کوردی چێژێکی ناسنامەداری هەیە، کاتێک میلەتێکی تر گوێی لێ رادەگرێت، دەزانێت ئەوە تایبەت بە کوردە، مۆسیقای ئێمە بە زانستی نەکراوە، ئەگینا سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە کە مۆسیقایەکی سەربەخۆ پێویستییەتی، کە دەڵێم بەزانستی نەکراوە، مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە موزیسیەنی هەڵکەوتوو و زانستیمان نەبووە، لەوەش گرنگتر، ئێمە وەک کورد دەوڵەتمان نەبووە، بۆیە نەپڕژاوینەتە سەر مۆسیقا و بیهێنین کۆی بکەینەوە و بزنسی پێ بکەین و بە دنیا بڵێین کوردیش مۆسیقای هەیە، ئەوە تامەکەیەتی و ئەوە جۆرەکەی و ئەوەش تەکنیکەکەیەتی و دابونەریت و کولتووری بەو شێوەیە، بۆیە ئێمە دەگەینە ئەو چوارچێوەیە کە وەک زمانەکەمان، مۆسیقایەکمان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی مۆسیقا لەباری ریتم و بیرکارییەوە زانستییە، کەسی هەڵکەوتوو و بەتوانا نەبووە بێت کاری لەسەر بکات، ئومێدم وایە لە داهاتوودا کەسانێک هەبن بۆ ئەو ئاواتەی کورد هەیەتی بۆ ناسنامەی مۆسیقاکەی، بە زانستی کاری لەسەر بکەن و بە هەموو دنیا بڵێین ئێمەش وەک کورد چۆن زمان و جلوبەرگ و خاک و وڵاتمان هەیە، موزیکیشمان هەیە و خاوەن تاموچێژی تایبەت بەخۆیەتی بە هەموو کولتور و نەریت و بڕگەکانی تریەوە.
مۆسیقای ھەوارەبەرە یان (ھاوارەبەرە) تێکھەڵکێشێک و ناسینێکی موزیکێ لە ناوچەکانی موکریان و ئەردەڵانە کە چەند بابەتێکی مۆسیقای کۆنە بە چێژ و کێشی ریتمی جۆراوجۆر لە ھەر دوو ناچەکە کە ئۆرکستراسیون کراوە بۆ ئامێرە ھەوایەکانی وەک شمشاڵ، نەرمەنای(بالەبان) و زوورنا و لەگەڵ چەند ئامێرێکی کێشدار وەک دەھۆڵ،دەف و تەپلی کوردی کاری لەسەر کراوە و بلاوکراوەتەوە، منی موزیسیەن کورد لە کوردستان ئاواتم ئەوەیە خەڵکی کوردستان گوێی پەروەردەبێ بە موزیک، ئەوەندەی بایەخ دادەنی بۆ گۆرانی و گۆرانیبێژی ئەوەندەش مۆسیقای بێ کەلام بناسێ و بە بایەخەوە گوێی بۆ رابگرێ تا موزیکی زانستی باڵ بکێشێتە سەر ھەموو خەڵکی کوردستانەکەمان...بەو ئاواتەوە.
سۆڵۆکانی ئەم بەرھەمە ئۆرکسترایە بریتین لە:
ژەنیارە بەتواناکانی ناوچەی موکریان و ئەردەڵان
ژەنیاری تونبەک و تەپڵی کوردی: رەحمەت ئیبراھیمیان
ژەنیاری دەف و دەھۆڵ: شۆرش ماملێ
ژەنیاری نەرمەنای و زوورنا: حامید پیرا
ژەنیاری شمشاڵ: بەھمەن مەولوودی.
دەست خۆشیش لە ھەموو ئەندامان و ژەنیارانی
ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی موکریان دەکەین بۆ ماندووبونیان ھەر راوستاوبن.
دانەر و رێبەری ئۆرکێسترا، کاوە فەقیەزاده کۆنسێرتی مەھاباد ٢ گووڵانی ١٣٩٤ ھەتاوی