بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند: لە ڕووباری گەڵی عەلیبەگ، پیاوێک دوای ئەوەی ژنەکەی لە خنکان ڕزگار دەکات، بەڵام ناتوانێت گیانی خۆی ڕزگار بکات و دەخنکێت.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٨ ساڵ بەناوی (هەرێم محەمەد مەولود) لە ڕووباری گەڵی عەلیبەگ کە خەلکی پارێزگای کەرکوک و دانیشتووی پارێزگای هەولێر بووە، ئەمڕۆ لەگەڵ خێزانەکەی بەمەبەستی سەیران ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە و لە ڕووبارەکە خنکاوە.
ئەوەش هاتووە" سەرەتا هاوسەرەکەی نزیک بووەتەوە لە کەناری ڕووبارەکە و کەوتووەتە ناو ڕووبارەکە، دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەی (هەرێم محەمەد مولود) رزگار کراوە، بەلام نەیتوانیوە گیانی خۆی ڕزگار بکات و لەنێو ڕووبارەکە خنکاوە".
ئەم ڕاگەیێندراوە باسی لەوەشکردووە، لەلایەن هاووڵاتیانی نزیک ڕووداوەکە تەرمەکەی لە ڕووبار دەرهێنراوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئيستا ( ١٢) هاوولاتی لەنێو ڕووبارەکانی سنوری بەرێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران خنکاون.