تاریخ: ۱۴۰۰/۶/۳
قەیرانی قەیرەیی ئافرەتان
عەبدۆڵڵا حەمزە

هەر تەنگەژە و ئاڵۆزی و شێواویەک، کە ببێتە هۆی کێشەیەکی گەورە و بێ چارەسەر، یا ناچارەسەر و بەو هۆیەوە هەموو کۆمەڵگە، بەشێک یا چەند چین و توێژێک بکەونە نیگەرانی و کوێرەوەری و بێ داهاتی و دوور بکەونەوە لە ئەو شتانەی کە مافی خۆیانە بۆ بژیو و حەسانەوە و حەوانەوە و ئازادی و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و ... پێی دەڵێن: قــــەیران...!

قەیرانی ئابووری و ڕامیاری و فەرهەنگی و نەبوونی  و کەمبوونی پێداویستیەکانی ژیان، وەکوو، وشکەساڵی و نەبوون یا کەمبوونی ئاو  و لە هەمووان گرینگتر، قەیرانی نەبوونی سەربەستی و چەوسانەوە، دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانگەلێک، کە قەرەبوو ناکرێنەوە و دەستەویەخەی هەموو توێژەکانی گەل، بە تایبەت، بەرەی لاو و نەوەی نوێ دەبێتەوە، قەیرانی مرۆیی یا قەیرانی کەمبوونەوەی بەرەی لاوەکانە، کە ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆچی ناچاری بۆ هەندەران و بۆ ئەو وەڵاتانەی کە لەوێ دەبنە کرێکار و خزمەتکار و ژیانی هاوبەش پێک ناهێنن، یا ئەگەر ژیانی هاوبەشیان پێکهێنا، سیستەمی پەروەدەی ئەوێندەرێ، لە نیشتمانی دایکیان دادەبڕێ....!

 نزیک بە نەوەت و نۆ لە سەتی کۆچەران بۆ هەندەران، ڕەگەزی نێر و کوڕە  مێرمنداڵ و لاوەکانن، ڕێژەی کۆچەرانی ژن زۆر کەمن! چونکە لە کوردستان، دەستەڵاتی دارایی و هێزی کار، پیاوەکانن؛ ژنەکانیش، لە بەر ئەوەی مافی کارکردنیان کەمە و میراتی باوانیان کەمتر دەدرێتێ، واتا... دەستەڵاتی ئابووری و داراییان کەمە و ئەگەر هەیانبێ، مافی خەرجکردن یا مافی بڕیاردانیان نیە، کەمتر دەتوانن وەک پیاوان، تەمای دەرچوون لە وەڵات و دوور کەوتنەوە لە خانەوادەیان بگرن!

پیاوانیش، یا کار و پیشەی شایانیان بۆ پەیداکردنی بژیو دەست ناکەوێ، یا ئەو کار و پیشەی پێشوو، وەک بازرگانی سەرسنوور و کۆڵبەریان، لە دەست داوە، یا بە هۆکاری ڕامیاری و لە هەمووان گرینگتر، چاولێکەری و لاسایی، ماڵ و خزم و کەس و نیشتمان، بەرەو چارەنووسێکی نادیار، جێ دێڵن...!

بەو پێودانە، هەموو چرکە و خولەک و کات و ڕۆژێک، لە حەشیمەتی ڕەگەزی نێر، کە زۆرتریان، ئەو لاوانەن هەڕەتی ژنهێنان و پێکهێنانی ژینی هاوبەشیانە، کەم دەبێتەوە و ڕەگەزی مێ، لە نێرەکان، لە کۆمەڵگە، لە نیوەی کۆمەڵ تێدەپەڕێ و پیاوان، ئەوەندە کەم دەبن کە قەیرانی بێ پیاوی دێتە ئاراوە و ئیدی، ڕۆژ بە ڕۆژ، کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێو چینی ژنان سەر هەڵدەدا و لە هەموو ماڵێک، بێجگە لەو ژنە بەمێردانەی کە پیاوەکانیان لێ دوور کەوتوونەوە، کچانی قەیرە و بوخچەنەکراوە، زۆر دەبن و خەمۆکی و خۆکوژی و کێشەی نامووسی ئەوەندە زۆر دەبن کە کۆچی پیاوان دەکەوێتە ژێر پرسیار و دەبێ پێیان بڵێین:ئەرێ....؟ لە بێکاری و لە برسان، لە وەڵاتی خۆت بمری و نیازی ڕەگەزی و پێداویستیە نەمر نەژیەکانی هاوژین و خانەوادەکەت پێک بێنی، باشترە، یا.... لە دوورەوە، بە کار و تێکۆشان و خۆماندوو کردنێکی زۆر، نیاز مادیەکانی کەس و کارت، کەم تا کورتێک،  چارەسەر بکەی و لێرەش، هەزاران کێشەی بێ چارەسەر و دڵتەزێن و بێ قەرەبوو، بۆ کەسەکانت ڕوو بدات...!

قەیرانەکانی هەژاری و بێکاری و ڕامیاری و ئابووری و کەمئاوی و وشکەساڵی... بە تێپەڕینی کات و هزر و مشوور و چالاکی و تێکۆشان، چارەسەر دەبن، بەڵام قــــــەیرانی بێ پیاوی و  قەیرانی قەیرەیی ئافرەتان، بە پارە و دارایی چارەسەر نابێ!

کۆچ مەکەن! بیر لەو ژن ودایک و خوشکانە بکەنەوە کە، تووشی چ بارودۆخێک دەبن...!

 سرنج:

ڕەنگە بە هۆی ئەو نووسراوە، تخوونی ڕەخنەی زۆر ببمەوە!

بەڵام، چاوەڕێی تێبینی و ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەموو خوێنەرانم.