چیرۆکەڵە یان Flash Fiction لە درێژەی بزووتنەی مینیماڵیسم لە دەیەی ١٩٦٠ی زایینی کە لە زۆربەی هونەرەکانی وەک مووسیقا، نیگارکێشی و ئەدەبیات دەستی پێکردبوو، بەدی هات.
چیرۆکەڵە لە ڕاستیدا دژکردەوەی چیرۆکنووسان بوو لە هەمبەر کۆمەڵگای مۆدێڕن و ئەمڕۆیی و لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، یەکێک لە بەرهەمەکانی هونەریی مۆدیرنیزمە.
ئانتوان چۆخۆف، ئێدگار ئالێن پۆ، ئێرنێست هێمینگۆی، فاکنێر و هێنری جێیمز لە گەورەترین چیرۆکەڵەنووسانی مێژووی ئەدەبیاتی جیهان بە هەژمار دێن.
لە مێژووی هاوچەرخی ئەدەبیاتی فارسی و کوردی ئەگەرچی کورتەچیرۆک جیگە و پێگەیەکی قورس و قایمی هەیە، بەڵام دۆخی چیرۆکەڵه تەواو جیاوازه و دەستپێک و لە دایکبوونی نادیارە و بۆشاییەکی تەواو لەم بەستێنەدا هەست پێدەکرێ.
له پێگەی هەواڵیی هاژه، وەک ناوەندێکی خاوەنکەڵکەڵه لە بواری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی لە ساڵی ١٣٩٦ بیرۆکەی فێستیواڵیکی تایبەت بە چیرۆکەڵەی کوردی بە مەبەستی پڕ کردنەوەی بەشێک لەم بۆشاییە و پشتیوانی له بەرهەمهێنانی چیرۆکەڵە و بڵاوکردنەوی زیاتری بەرهەمی چیرۆکەڵەنووسانی کورد هاتە ئاراوە و لە لای ئەندامانیەوە پەسەند کرا.
یەکەم فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی:
بانگەوازی ئەم فێستواڵە لە ڕۆژی چواری مانگی ڕەشەمەی ئەم ساڵه بڵاو بۆوە. وەک یەکەم جار لە بەڕێوەچوونی فێستیواڵیکی لەم چەشنە لە مەهاباد و کوردستان دا، ڕێژەی و پانتایی جوغڕافیایی بەرهەمەکانی ناردراو بۆ دەبیرخانەی ئەم فێستیواڵە جێی سرنج بوو. نیزیک لە سەت چیرۆکەڵە لە ٥٣ نووسەر لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی، کوردستان و کرماشان بەڕێکرابوون. براوەکانی ئەم فێستواڵە ئەم نووسەرانە بوون:
محمد مردانی افضل لە پیرانشار، کمال محمودی لە مەهاباد، هاجر رمضانی خواه لە بۆکان، هیمن عبدالله پور لە بۆکان، ولی فتاحی لە ڕوانسەر
دووەم فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی:
دوای دەنگدانەوەی فێستیواڵی یەکەم، ساڵی دواتر هاژه بڕیاری دا ئەم فێستیواڵە لە پانتایەکی گەورەتردا و لە ئاستی ئێراندا بەڕێوە ببا، هەربۆیەش لە ساڵی ٩٨ بانگەوازەکەی گەورەتر کردەوە. ٨٨ چیرۆکەڵەنووس لە پێنج پارێزگای: ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی، کوردستان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان ١٥١ بەرهەمیان بە زاراوەکانی سۆرانی، کورمانجی، هەورامی، کەڵهووری و لەکی بۆ دەبیرخانەی فێستیواڵ نارد.لە ڕێوڕەسمێکی قەرەباڵغ بە بەشداری چالاکانی بواری ئەدەبی کورد و هۆگرانی چیرۆک و چیرۆکەڵەی کوردی ئەم کەسانە وەک براوە ڕێزیان لێ گیرا: آزاد عزیزی له بۆکان، هیمن عبداله پور له بوکان، نسرین باباخانی له کرمانشاه، مسعود طه زاده له مهاباد، شادی پاکزاد و رضا فروغی لە مهاباد
سێهەم فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی:
ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا لە دواییەکانی ساڵی ٩٨ و سەرەتاکانی ساڵی ٩٩ و بگرە ئێستاش، دەرگای زۆربە ڕێوڕەسم و فێسیواڵەکانی لە سەرانسەری جیهان گاڵە دا، بەڵام لێژنەی بەڕێوەبەریی فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی سوور بوو لەسەر بەڕێوەبردنی سێهەم دەورەی ئەم فێستواڵە بە شێوەی ئینتێرنێتی و مەجازی. ئەم جارەیان پێشوازییەکی سەرسووڕهێنەر لە لایەن نووسەرانەوە لەم فێستیواڵە کرا. ۲۴۷ بەرهەم لە ١٣٦ چیرۆکەڵەنووس بە زاراوەکانی سۆرانی، کورمانجی، هەورامی، کەڵهووری، لەکی و ئەردەڵانی بۆ دەبیرخانە بەڕێ کرا. لە دواییش دا بە شێوەی مەجازی لێژنەی داوەران ئەم نوسەرانەیان وەک براوەی ئەم فێستیواڵە ناساند: فرید عباسی لە بۆکان، آزاد عزیزی لە بۆکان، بیژن رحمانی له بۆکان، منصور مهرجویان له مەهاباد و کویستان عبداللهی له مهاباد
چوارەم فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی:
بانگەوازی چوارەم فێسیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی لە کاتێکدا بڵاو بۆوە کە سێبەری نگریسی پەتای کڕۆنا بە سەر کوردستان هەر زال بوو. بەڵام ئەوەی بەلای بەڕێوبەرانی ئەم فێستیواڵەوە نەدەکرا و ناکرێ لە بڕەو بکەوێ، نووسینە و نووسینە و نووسین. هەر بۆیە شێلگیرانەتر لە پێشوو، بە زیادکردنی بەشی وتار، ئامادەبوون بۆ ساڵی چوارەم و فێستیواڵی چوارەم، بە شێوەی مەجازی میوانداری لە چالاکان، نووسەران، ڕەخنەگران و بە تایبەت چیرۆکەڵەنووسانی کورد لە سەرانسەری ئێران بکەن و بەرهەمەکانیان وەربگرن. لەم دەورەیەدا ۲۶۵ بەرهەم بە زاراوەکانی سۆرانی، کورمانجی، کەلهوڕی، لوڕی و هەورامی هەناردەی دەبیرخانەی فێستیوال کراون و لە لایەن لێژنەی داوەران «کە لە هەرکام لە دەورەکان حەول دراوە کەڵک لە کەسانی لێهاتوو و پسپۆر وەربگیرێ» هەلسەنگێندراوە و ئاکامەکەی تاکوو چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە.
پێنجەم فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی:
بەپێی هەلومەرجی ئێستا و دەستپێکی وەشاندنی پێکووتەی کڕۆنا لە شارەکانی ئێران، وا چاوەروان دەکرێ تاکوو دەورەی داهاتوو ڤایرۆسی کڕۆنا نەختێک پاشەکشە بکا و دەرگای هۆڵە هونەرییەکان بکرێنەوە.
لەم دۆخەدا هاژە حەول دەدا بە بەڕێوەبردنی پەنێلێکی زانستی لەسەر چیرۆکەڵە بەرەو پیری فێستیواڵی پێنجەم بچێ. ئینجا لە گشت نووسەران و هۆگرانی چیرۆک و چیرۆکەڵە دەخوازێ بە نووسین یان بە دڵگەرمی، پشتیوانی فێستیواڵی پێنجەمی چیرۆکەڵەی هاژە بن.