تاریخ: ۱۴۰۰/۴/۲۲
مێرمنداڵێکی بۆکانی بوو بە براوەی ئولەمپیادی هونەری نیگارکێشی ئامریکا

 

بە پێی هەواڵی هاژه، سەرۆکی ناوەندی پەروەردەی فیکری منداڵان و مێرمنداڵانی شاری بۆکان ڕایگەیاند: هەستی عابیدی، ئەندامی ئەم ناوەندە بوو بە براوەی خەڵاتی ئولەمپیادی هونەری نیگارکێشی لە وڵاتی ئامریکا.

ئیسماعیل فروغییان گوتی: مێرمنداڵی نیگارکێش و ئەندامی ناوەندی پەروەردەی فیکری منداڵان و مێرمنداڵانی شاری بۆکان توانی خەڵاتی شەشەمین ئولەمپیادی هونەری نیگارکێشی ڕێکخراوەی هونەری منداڵ کە لە شاری واشێنگتۆنی وڵاتی ئامریکا بەڕێوە دەچێ، بۆخۆی مسوگەر بکات.

فروغییان زیادی کرد: ئەم ئولەمپیادە بە تەوەری "هونەر و وەرزش" لە ساڵی ڕابردووی زایینی بەڕێوەچوو کە ١٣ بەرهەم لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی تێیدا بەشدار بوو.

بە پێی ئەم هەواڵە، هەستی عیبادی، نیگارکێشی تەمەن ٩ ساڵەی بۆکانی بە کێشانەوەی دووچەرخە لە سرووشت‌دا توانی ئەم خەڵاتە دەستەبەر بکات.

هەستی عیبادی وێڕای بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ڕێکخراوەی هونەری منداڵ، لە لایەن ئەم ڕیکخراوەیە بۆ وڵاتی ئامریکا بانگهێشت کراوە.