بە پێی هەواڵی هاژە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هۆشداریی دەدات.
گۆڕانکاری کەشوهەوا تا دەڕوات کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر زەوی دەردەکەوێت. وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریسەوە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە ڕێگە نادەن تا کۆتایی ئەم سەدەیە پلەی گەرما زیاتر لە ١/٥ پلەی سێلیزی بەرزتر بێتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری ئەوە دەدات، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت و مرۆڤ ڕوونەکاتە بەکارهێنانی وزەی سرووشتی، زەوی ٣ پلەی سێلیزی زیاتر گەرمتر دەبێت.
لە ئێستادا، ئاگر بەشێکی زۆری دارستانەکانی نێپاڵی گرتووەتەوە؛ زیانێکی هێندە گەورەی هەبووە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.
دووکەڵ ئاسمانی زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتەی تەنیوە و مەودای بینین کەم بۆەتەوە. ڕێژەی ئۆکسیژێن دابەزیوە و دیئۆکسیدیکەربۆن بەرز بۆتەوە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٦ ئاوریلی ٢٠٢١ / ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢١، شەریکەیەکی ژینگەپارێزی سویسی، هەوای شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵی بە خراپترین کەشوهەوای جیهان لە قەڵەمدا بە جۆرێک کە ئێستاکە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدا ژیان تێپەڕ دەکەن.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان گۆڕانی کەشوهەوا وای کردووە، ئاوی دەریا و زەریاکان گەرم بێت. ماسی و گیانلەبەرە ئاوییەکانی دیکە ناچار بن بەرەو جەمسەرەکان بە دوای ئاوی سارددا کۆچ بکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی تێک چوونی سیستمی ژینگەیی دەریا و زەریاکان کە لە ئاکامدا کەمبوونەوەی سەرچاوەی بژیوی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچانەی بەدوادا دەبێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ساڵی بە ساڵی یەکلاکەرەوە بۆ زاڵبوون بەسەر کەشوهەوادا داناوە. بەکارهێنانی سووتەمەنییە کەربۆنییەکان لە پیشەسازیدا بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی ئەو گازانەی زەوی گەرم دەکەن بەرز ببنەوە.
وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریسەوە، بەڵێنی ئەوەیان داوە کە نەهێڵن تا کۆتایی ئەم سەدەیە پلەی گەرما زیاتر لە ١/٥ پلە بەرزتر بێتەوە.
بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت و مرۆڤ ڕوو نەکاتە بەکارهێنانی وزەی سرووشتی، تا کۆتایی ئەم سەدەیە، زەوی بە بەرئاورد بە قۆناخی پێش شۆڕشی پیشەسازی ٣ پلە زیاتر گەرمتر دەبێت.
بەشێک لە وڵاتە گەشەسەندووەکان نەیانتوانیوە پابەندبوونەکانی ڕێککەوتنەکە بەجێ بگەیەنن و وڵاتە کەم داهاتەکانیش، وەکو وڵاتانی ئەفریقا، سەرچاوەی دارایی پێویستیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا نییە.
ئەکینوومی ئەدێسینا، سەرۆکی بانکی گەشەکردنی ئەفریقا دەڵێت: "سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وا دەخەمڵێنێت کە تێچووی بەرەنگار بوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەفریقا بۆ هەر ساڵێک تا ساڵی ٢٠٤٠ تا ٥٠ میلیارد دۆلار بگات. بەڵام بۆ ئەم مەسئەلەیە، ئەفریقا سەرچاوەی پێویستی لە بەردەستدا نییە. لە سەرانسەری جیهان تەنیا ١٠ لەسەدی بودجەی گۆڕانی کەشوهەوا دابین کراوە، لەو بڕە پارەیەش ئەفریقا تەنیا ٣ لەسەدی وەرگرتووە."
ئامانجی سەرەکی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا، بە گوێرەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس ئەوەیە، تا ساڵی ٢٠٣٠ دەردانی ئەو گازانەی کە زەوی گەرم دەکەن بە رێژەی ٥٥ لەسەد کەمتر بکرێتەوە لەو ئاستەی کە لە ساڵی ١٩٩٠دا هەبووە.
ڕێکخراوی هەماهەنگی و گەشەپێدانی ئابووری دەڵێت، بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن پێش ساڵی ٢٠٣٠ ئەو ئامانجە بەدی بهێنن، ساڵانە پێویستیان بە ٦ تریلیۆن و ٩٠٠ میلیارد دۆلار دەبێت.