تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۲۱
شەریکەی ئێڵ‌جى بەرهەم هێنانى مۆبایلى زیرەکى وەستاند

بە پێی هەواڵی هاژە، شەریکەی ئێڵ‌جی لە كۆریای باشوور دوای ئەوەی کە بەشی بەرهەمە ئەلیكترۆنییەكانی لە بەرهەم هێنانی موبایلی زیرەک‌دا سەرنەکەوت و زیانێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بڕیاری دا کە چالاکییەکانی ئەم بەشە بوەستێنێت.

بڕیارەكەی ئێڵ‌جی لەكاتێك دایە کە لە مانگی ژانویەدا ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو بەشی مۆبایلەكانیان نزیكەی 4.5 میلیارد دۆلار زیانی كردووە، بۆیە چەند بژاردەیەكیان لەبەر دەست دایە کە بۆ داهاتووی ئەو بەشە گفتوگۆی لەسەر بکەن.

یەكێك لەو بژاردانە فرۆشتنی بەشێكی ئێڵ‌جی بە شەریکەیەکی ڤیتنامی بووە، بەڵام لەسەر چەند مەرجێك رێك نەكەوتوون و گرێبەست لە نێوانیاندا ئەنجام نەدراوە.

شەریکەی ئێڵ‌جی، ساڵی ٢٠١٣ لە بەرهەمهێنانی مۆبایلی زیرەكدا سەرکەوتنی زۆر باشی بەدەست هێنا بە جۆرێک کە لەسەر ئاستی جیهان‌دا دوای ئەپڵ و سامسۆنگ، پلەی سێهەمی پڕ فرۆشترین جۆرەكانی مۆبایلی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

لەم ساڵە بە دواوە مۆبایلەكانی ئەم شەریکەیە لە نوێ كردنەوەی بەرنامەکان و ڕیکابەری لەگەڵ ڕەقیبەکانی ڕووبەڕووی گرفتێكی زۆر بۆوە و نەیتوانی لەگەڵ هەل‌و‌مەرج و گرفتەکان خۆی ڕێک بخات، کە ئەوانەش وای كرد فرۆشی بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزێت و ساڵ لەدوای ساڵ زیانەكانی زیاتر بێت.

ئێڵ‌جی لە ڕووی رێژەی بازاڕەوە لە ئەمریكای باشوور لە پلەی سێهەم و لە ئەمریكای لایتن لە پلەی پێنجەم دایە، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان تەنها ٢ لەسەدی بازاڕی بەدەستەوەیە.

بەپێی ئامارەكان ساڵی ڕابردوو شەریکەی ئێڵ‌جی ٢٣ میلیۆن ئامێری مۆبایلی بۆ بازاڕەكان بەرهەم هێناوە، لەبەرامبەردا شەریکەی سامسۆنگ ٢٥٦ میلیۆن مۆبایلی درووست کردووە، کە بە گشتی ئەوەش جیاوازی زۆری رێژەی داواكاری لەسەر بەرهەمی هەر دوو شەریکەکە نیشان دەدات.

شایانی ئاماژەیە بەشی مۆبایل لە ئێڵ‌جی بچوكترین بەش لە پێنج بەشە سەرەكییەكەی شەریکەکە ئەژمار دەکرێت کە تەنها ٤/٧ داهاتی شەریکەکەی بەدەستەوە بووە.

لە ئێستادا شەریکەی ئێڵ‌جی بە تەمایە تێکنۆلۆژی مۆبایلەكانی لە درووست كردنی ئامێرەكانی نێوماڵ و پێكهاتەی ئۆتۆمبیلی كارەبایی‌دا بەكار بهێنێت و بە نیازە بە دارێژەری کورت‌ماوە و درێژماوە لەم بەشەدا بەسەر ڕەقیبەکانی‌دا سەربکەوێت.