تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۷
یەکەم تونێلی تایبەت بەتێپەڕینی کەشتی لەجیهاندا

دوای دەیان ساڵ لە پلان ‌و نەخشەدانان، دەسەڵاتدارانی وڵاتی نۆڕوێژ گڵۆپی سەوزیان بۆ دروست‌کردنی یەکەم تونێلی تایبەت بە کەشتی لەجیهاندا هەڵکرد، کە درێژییەکەی ١ هەزار و ٧٧٠ میتر دەبێت ‌و نیمچە دورگەی شاخاویی "ستادهافیت" لەباکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دەبڕێت.

بەگوێرەی دەستەی ئیدارەی کەناراوەکانی وڵاتی نۆڕوێژ، تێچوویی دروست‌کردنی ئەو شاکارە ئەندازیارییە 330 میلیۆن دۆلاری دەبێت‌ و پڕۆژەکە بە گشتی لە ماوەی 3 بۆ 4 ساڵدا تەواو دەبێت.

هۆکاری دروست‌کردنی تونێلەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەو پێیەی ئەو وڵاتە سەختترین جۆرەکانی زریان ‌و گەردەلول بەخۆوە دەبینێت، ئەو کەشتییانەی بەو ناوچەیەدا ڕەت دەبن، ڕووبەڕووی هەڵكشان ‌و داکشانی ئاو و خراپی دۆخی کەش‌وهەوا دەبنەوە، کە ئەم تونێلە تا ڕادەیەک کێشەکە چارەسەر دەکات.

لەئەنجامی ئەو کێشانەدا بەشێک لە کەشتییەکان ناچار دەبن چەند ڕۆژێک لە بەندەرەکانی ناوچەکە چاوەڕێ بن تاوەکوو گەشتەکەیان تەواو بکەن، بەڵام بە دروست‌کردنی ئەو تونێلە، زریان ‌و گەردەلولەکان کاریگەرییان لەسەر کەشتییەکان نابێت، هەربۆیە دەتوانن بەماوەیەکی کەمتر و بە دڵنیاییەکی باشتر گەشتەکانیان تەواوبکەن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بوژاندەوەی بازرگانی ‌و پیشەسازیی لەناوچەکەدا دەبێت.

جگەلەوەی بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە، گەشتیاران بۆ بینینی ئەو شاکارە ئەندازیارییە ڕوو لەناوچەکە دەکەن کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی گەشتیاری دەبێت.