تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۱۹
پێگەی ژن لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری‌دا

کاتێک کە خودا مرۆڤی لە نێر و مێیەک خەڵق کرد و ڕووحی پێ بەخشی، هەستێکی‌تری بە مرۆڤی مێینە دا..ئەم مرۆڤە هەم ژنە و هەمیس دایکە. ئەو مرۆڤە کەسێکە کە هیچ، نیوەی کۆمەڵگا لەوی بەدی هاتووە، نیوەکەی دیکەش هەر لە داوێنی ئەو بەردەبێتەوە و پەروەردە دەکرێت.

ژن لە نێو دەقی ژیان‌دا مەعنای ژیان بە کۆمەڵگا و پەیوەندی هاوبەشی ژن و مێردایەتی دەبەخشێ. ئەگەر چاو لەسەردێڕی ژیان دەکەی، هەر ژنە لە ڕۆڵی دایک‌دا منداڵ پەروەردە دەکات، ڕۆڵێک کە قەت پیاو ناتوانێ لە جیاتی ئەو ئەرکە وەئەستۆ بگرێت و ئەو جۆرەی کە ژن دەتوانێت ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات، پیاو لە دەستی نایەت. لەبەر ئەوەی هەر شتێک ڕووحییەتی خۆی دەوێت و ئەم شتە لەگەڵ ڕووح و هەستی دایکانە چاکتر دەسازێت. هەر ژنە کە بە بوونی گەرم‌وگوڕی ماڵ دابین دەکات و بە دەورەی ماڵ و خێزان دادێت و پاک و خاوێنی و دیسیپلین بە چوارچێوەی ماڵ‌ دەدات.

بە گووتەی میرشەڕەفخانی بدلیسی کۆمەڵگای کلاسیکی کوردستان لە سەدەی شانزدەهەمی زایینی‌دا ژنی کورد لە زۆر شت بێبەش بوون. ئەو لەوێدا بە بێبەش بوونی ژنی ئاغاوەت و سێحەب مڵکەکان لە ژیانی ڕۆژمەڕە ئاماژە دەکات. بەڵام ژنی کورد بە درێژایی مێژوو شان بە شانی پیاوان و بگرە لەوانیش چاکتر لە گۆڕەپانی کار و تێکۆشان و ماڵ و منداڵ و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان ماندوو بووە.

بەداخەوە لە کۆمەڵگای کلاسیکی کوردەواری‌دا لە بواری کۆمەڵایەتی و خێزانی ئەوەندە گویڕایەڵی خۆشەویستی کچ و کوڕ نەبوون و هەر کات کچ و کوڕ کاتی زەماوەندیان دەهات، گەورەکان بڕیاریان دەدا و خوازبێنی و زەماوەند بە دیاردەی قێزێونی ژن‌بەژنە و کچ بە شوودان سەری دەگرت کە زۆر جار لەبەر نابەدڵ بوونی مەسڵەتەکە کچ و ژن ڕەدوا دەکەوتن کە بە گۆڕانی زەمان و کەلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵگا ئەم دیاردەیە ڕووی لە نزم بوون کردووە.

 

بە سووڕانی دەوران، ئەرک و بەرپرسیارەتی ژنی کورد گۆڕا، ژنی کورد شان بە شانی پیاو بۆ ژیان حەولی دا، ژنی کورد وەک عادیلەخان و حەپسەخانی نەقیب ڕەچەشکێنی هاوار دژی زوڵم و بێ‌دادی بوون. ژنی کورد چیتر وەک کابان و دایک چاوی لێنەکرا و لە گۆڕەپانی ئەدەب و فۆلکلۆردا سەرقافڵە بوون. "ڕۆهات ئالاکۆم" لە کتێبەکەیدا بە نێوی (فۆلکلۆرا کوردی دە سەردەستیکەی ژنان) لای وایە کە ژن لە حیکایەتی کوردی‌دا خاوەن ئەرکن، بەرپرسن و لە ڕووداوەکان‌دا دەورێکی دەگێڕن و لە دژی ناحەقی و بێدادی ڕادەوەستن و بەربەرەکانی دەکەن. بۆ ڕزگاری خۆیان و وڵات و مافی مرۆڤ خەبات دەکەن، گەلێک جاریش مێرخاسیی ژن، مێرخاسی پیاو لە ژێر کارلێکەری خۆی دەنێت.

 

ژنی کورد خاوەن ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆی بووە، بۆ حاواندنەوەی منداڵەکەی لە نێو لانکەدا کاتێک کە دەسرازەی سووری تێهاڵاندووە لایە لایەی گووتووە. وەختێک مردووەی لێ مردووە بە زمانێکی ئەدەبی خۆڕسک‌ شینگێڕی کردووە. کاتێک کار و باری ماڵێ وەک وەختێک مەشکەی ژاندووە یان مانگای دۆشیوە ژانری بۆ داناوە. ژنی کورد داهێنەری ژانری ئەدەبی تایبەتە، ژانری "سوارۆ" ژنی کورد دایهێناوە کە وەک ژانری لایەلایە و شینگێڕی ژنانەیە. ژانری سوارۆ بە نێوی داهێنەرەکانیانەوە (سوارۆی سنجانێ و سوارۆی ئایشە گوڵێ) کە ژنن دەناسرێن، کە پیاویش دەیڵێنەوە. هەڵبەت ئەدەبیاتی ژنی کورد هەر لەو چوارچێوەیەدا قەتیس نەماوەتەوە بەڵکوو ژن "وردەقام، بالۆرەو و حەیران‌"یشی گووتووەتەوە.

زۆر یەک لە کچان و ژنانی کورد لە هەمبەر کار و هونەرێک کە خولیای فێربوونی بوون و وەدوای کەوتنی بوون، بە هۆی ئەوەی کە لە لایان بنەماڵەکانیانەوە بۆ ئەم کارە بەردیان خراوەتە بەر ڕێگا و ئیزنیان پێنەدراوە و دواتر لە بەینی بنەماڵە و هونەرەکەی، هونەرەکەی هەڵبژاردووە کە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە وەبەر تووڕەیی بنەماڵە بکەوێت و لە ماڵ دەربکرێت کە بۆ نمونەی ئەوان دەتواندرێ ئاماژە بە هونەرمەند "ئایشەشان" بکردرێت.

 

مامۆستا هێمن شیرینه تەشیڕێسەکەی وەفایی به شیاوی کەسایەتیی ژنی کورد نازانێ و کیژی وریای چاو کراوەی فێره زانینی ئارەزوویه. کۆنەپەرستی و ڕووگرتن و لەماڵدا حاسێبوون به شتێکی نەرێنی دەزانێ و هان دەدا بەرەو نوێبوونەوە، پێشکەوتن و ڕوودەرخستن. ئێستا کۆمەڵگای کوردەواری، کۆمەڵگای سەدەی بیستەم نییە. ئێستا ژنی کورد خوێندەوارە، تێگەیشتوویە، لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا سێحەب بڕیارە. زرینگی کیژی کورد هەر لە چوارچێوەی کوردستان‌دا نەماوەتەوە، بەڵکوو لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا خاوەن پێگەی وەک ئەندام پەرلەمان، وەزیر و سەرۆکی دەم و دەزگا دەوڵەتییەکانە و لە دنیادا قسەی بۆ گووتن پێیە، کە بڵێ ژنی کوردیش دەتوانێ و سەلماندوویەتی کە توانایی هەموو شتێکی هەیە و ئەگەر مەجالی بۆ بڕەخسێ پێشەنگی گشت ژنانی جیهان دەبێت.