تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۱۶
تۆپی‌پێ وەرزیشێکی بێ‌ناز لە کوردستان‌

پێشینەی یاری تۆپی‌پێ ئەو جۆرەی کە لە دەست‌نووسەکانی چین بەدەست هاتووە، بۆ سەردەمی پادشایەتی هان لە سەدەی دووهەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە کە سەربازان لە کاتی مەشق کردن ئەم یارییەیان ئەنجام داوە. کاتێک چاو لە شارەستانییەتی ڕۆژهەڵاتی دوور دەکەی دەردەکەوێت کە لە وڵاتی ڕۆم‌یش یارییەکی تۆپی‌پێ بە نێوی "هاڕپاستووم" کراوە. لە وڵاتی فەڕانسا بە پەیڕەوی کردن لەم یارییە هەوەڵ جار لە ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ١٥٦٦ زایینی لە لایەن سەردارێکی ئینگلیزی بە نێوی "ویلیام فاتیح" و دوای شەڕی "هستینگ" ئەم یارییە بە نێوی "سولە" و "چولە" بۆ وڵاتی ئینگلستان بردراوە. بە پێی بەڵگەکان شێوازی تۆپی‌پێی ئەمرۆیی (مدرن) لە وڵاتی ئەورووپا و بە تایبەتی لە وڵاتی "ئینگلستان" سەرچاوەی گرتووە.

لە ئێران بۆ هەوڵ جار کە یاری تۆپی‌پێ بە شێوەی فەرمی دەستی پێکردبێ بۆ ساڵی ١٢٧٨ی هەتاوی دەگەڕێتەوە. ئەو کات کە کرێکارانی ئینگلیزی بۆ دەرهێنانی نەوت لە شاری مەسجدسولێمان نیشتەجێ ببوون ئەم یارییەیان کردووە. بە پێی بەڵگەکان، لە ئێران‌ بۆ هەوەڵ جار لە ساڵی ١٣٠٠ ئەنجومەنێکی تۆپی‌پێ لە تاران پێک‌ دێت.

لەسەر مێژووی تۆپی‌پێ لە مەهاباد دوو ڕەوایەت لەم بارەیەوە هەیە، یەکەم ڕەوایەت ئەمەیە کە هەوەڵین تیم ساڵی ١٣٢٠ دامەزراوە و ڕەوایەتێکی‌تر کە بە شێوەی فیلم وەک بەڵگە هەیە ئەمەیە کە یەکەم تیم ساڵی ١٣١٩ پێک هێندراوە کە هەوەڵین کێبەرکێ فەرمی ئەم تیمە لەگەڵ تیمی ورمێ بووە کە لە زەوییەکی خاکی لە پشت بوداق‌سووڵتان ئەنجام دراوە.

لە سەردەمێک‌دا کە لیگی باڵادەست (لیگی برتر) لە ئێران‌ نەهاتبووە نێو یاری لاکێشی سەوزی تۆپێنەوە و لیگی دەستە هەوەڵ و دووهەم هەبوون، مەهاباد بە تیمی "هیلال ئەحمەر" بە ڕاهێنەری خالق قوبادی لە ساڵەکانی ١٣٦٥ – ١٣٦٣ لە دەستەی دووهەمی ئێران‌دا (واتا لیگی دەستە یەک) یاری کردووە و هەر سێ ساڵان لە کورسی قارەمانی‌دا بووە.

بە بەرچاوڕوونی ئەو مێژووییەی کە لە دێڕەکانی سەروودا ئاماژەی پێکرا، یاری تۆپێن لە کوردستان‌یش‌دا لە لاکێشی سەوز و خاکی‌ ئەنجام دراوە. بە جۆرێک کە ئەمڕۆکە یاری تۆپی‌پێ یارییەکە کە بێجگە لە یاری تیمی فەرمی کەم کەس هەیە لاق لە تۆپی نەدا و وەک وەرزیشێک بە شێوەی هەفتەیی لە بەرنامەی وەرزیشی خۆیدا نەیگونجێنیت.

کوردستان هەمیشە مەکۆی وەرزیشی حەڕەکەتی وەک "ئەسپ‌سواری" و "مەلە" و "شاخەوانی" بووە و جوڵەکردن بۆ مرۆڤی کورد شتێکی سەیر و سەمەرە نییە کە لەسەر تۆپی‌پێ پەکی کەوتبێ. بەڵام، لەگەڵ گەشە کردنی ئەم یارییە کوردیش خۆی تاقی کردۆتەوە و سەرەڕای نەبوونی ئیمکانات و هەل‌ومەرجی پێویست توانیوێتی ئەزمونێکی باش لەم بوارەدا بەدەست بهێنێت. بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە تیمی "شیرین‌فەرازی کرماشان" بکردرێ کە ساڵی ١٣٨٧ لە لیگی باڵادەستی ئێران‌دا ئامادە بووە.

لە لیگی دەستە دووهەمی ئێران‌دا دوو تیمی "سەرداری بۆکان" و "ئاواڵانی کامیاران" لە دوو گرووپی جیادا یاری دەکەن. لەم ساڵدا لە لیگی دەستە سێهەم‌ شەش تیمی کوردستانی وەک "کانیاوی شنۆ و کاویانی نەغەدە(ئازەربایجانی ڕۆژئاوا)، خۆرشید مێهر قوڕوە و شۆهەدای گڕووسی بیجاڕ (کوردستان)، ستارەگان کرماشان (کرماشان)، شۆهەدای چواری ٦٥ی ئیلام (ئیلام)" بوونیان هەیە. لە لیگی باڵادەستی تۆپی‌پێی خاتوونانی وڵاتیش کورد جێ دەستی دیارە کە تیمی "ووچانی کوردستان" و تیمی "پالایشی گازی ئیلام" لە هەرە تیمە بەهێزەکانی ئاستی ئێران‌ ئەژمار دەکرێن.

 

یاری تۆپی‌پێی خۆجێی (محلی) کە لە بەینی تیمەکانی دێهات بەڕێوە دەچێت، ئەویش جێ بایەخی خۆی بۆ یاریزانان لە ناوچە دوورە دەستەکان هەیە کە هەموو وەرزی زستان و بەهاران و ڕەمەزانان یاریی‌گەلێک لە بەینی تیمەکان دەکرێت. بۆ نمونە لە شارەستانی مەهاباد هەموو ساڵێک لە ناوچەی شاروێران (جامی شاروێران لە ساڵی ١٣٧٢ بەم لاوە)، لە ناوچەی گەورکایەتی و مەنگوڕایەتی (جامی خەلیفان لە ساڵی ١٣٧٧ بەم لاوە) بە شێوەی جودا ئەم یارییانە ئەنجام دەدرێت.

دەرەنجامی ئەم وتانە ئەمەیە کە ئێستا لە ئاستی تیمە باشگایی و میللییەکان یاریزانانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بوونیان هەیە و یاری دەکەن. پێویستە ئاوڕی جیدی‌تر بەم یاریزانە بێ‌نێوانە بدرێتوە کە بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەت و ئیمکانات ئەو جۆرەی کە دەبێ ناتوانن خۆیان لە نێو تیمە گەورەکان‌دا ببینەوە و یاری لە نێو ئەواندا وەک حەز و خولیایەکی لێ هاتووە. هەر بۆیە پێویستە ناوەندێکی بەهرەداریی (استعدادیابی) لە بواری تۆپی‌پێ بۆ یاریزانان و ئەو کەسانەی کە خولیای ئەم وەرزیشەن پێک بهێندرێت و لەم سەرمایانە بۆ خۆیان و بۆ داهاتووی شار و ناوچە کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.