تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۱۲
هاتنی پرکەپرکەی ڤاکسینی دژە کڕۆنا بۆ ئێران و ئەرک و بەرپرسیارەتی خەڵک

ڤاکسینی ئێسپوتنیکSputnik V کە لە لایەن ڕووسیاوە بەرهەم هێندراوە لە مانگی ڕێبەندان‌دا گەیشتە ئێران و لە لایەن وەزارەتی تەندرووستی‌یەوە دەست بە دابەش کردنی کرا کە بە پێی بەرنامەی ئەم وزارەتە لەسەرەتادا لەسەر کادرەکانی دەرمانی بەرەنگاربوونەوەی کڕۆنا و بەساڵاچووان و باقی کادرەکانی نێو نەخۆشخانەکان دابەش دەکرێت.

لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندان پێکوتانی ڤاکسینی دژە کڕۆنا لە ئێران دەستی پێکرد کە لە هەمان حاڵ‌دا ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممە یەکەم ڤاکسینی دژەکڕۆنای چینی کە ٢٥٠ هەزار دۆز لە خۆ دەگرێت هاوەردەی وڵاتی ئێران کا کە لە هەمان کات‌دا عەلیڕەزا ڕەئیسی گووتەبێژی ستادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کڕۆنا ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیک‌دا ڤاکسینی دژە کڕۆنای کۆڤاکس بە ڕێژەی ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆز لە وڵاتی هێندەوە هاوەردەی ئێران دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێژەی پێکوتانی ڤاکسینی دژە کڕۆنا بە هاتنی ئەم دۆزانە لە ئێران‌دا بەرز بێتەوە.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران زۆر جار لە وت‌ووێژ و گفتوگۆکانیان‌دا ڕایانگەیاندووە بۆ ئەوەی کە حەشیمەتی ٨٠ میلیۆنی وڵات ڤاکسینی دژە کڕۆنا بکرێت پێویستییان بە زیاتر لە ١٦٠ میلیۆن دۆزی ڤاکسین هەیە کە بەم شێوە هێنانە نێو وڵات و گەڵاڵە نیوەچڵانە پێش‌بینی دەکرێت ئەم پلانە بە شێوەی گشتی گشت کۆمەڵان و چین و توێژەکانی خەڵک لە داهاتوویەکی نزیک‌دا نەگرێتەوە.

بە بەرچاوڕوونی ئەو دۆخەی کە ئێران تێیدایە بەو شێوە ڤاکسین کڕینەی ئێران کە هەر جارێ بە هەزار دۆز دەکڕێ ناتوانێ وڵامدەری پێکوتانی ٨٠ میلیۆن ئێرانی بێت. مینو مۆحرەز ئەندامی کۆمیتەی زانستی ستادی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کڕۆنا لەسەر ڤاکسینی دژە کڕۆنای ئێرانی گووتبووی ئەگەر هەموو تاقی کردنەوەکان بەسەرکەوتوویی بچنە پێش و ڤاکسینی سازکراوی ئێران مۆری تەئیدی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وەربگرێت، لە نەهایەت‌دا دەتواندرێت لە کۆتایی مانگی جۆزەردانی ساڵی داهاتوو ڤاکسینی دژەکرۆنای ئێرانی بەرهەم بێندرێت.

ئەمەش خاڵێکە کە لە نێوان دوو لێواری ئەگەر و نەگەر دایە، کە ئەگەر پڕۆسەی دروست کردنی ڤاکسینی دژە کڕۆنای ئێرانی بە سەرکەوتوویی تێپەڕ بێ و ڕێکخراوی جیهانی جەوازی لێدانی پێ بدات ئەوە وەزارەتی تەندروستی دەتوانێ وەک سەرکەوتنێکی گەورە لە پێناو حەول و تێکۆشانەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە تۆماری بکات، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە نەتوانێت ئەم سەرکەوتنە بۆخۆی مسۆگەر بکات، کە دیسان هەر دێتەوە سەر خانەی ئێستا و هەر دەبێ بە ورکەورکە ڤاکسینی دژە کڕۆنا هاوەردەی نێوخۆی وڵات بکات.

ئەگەر بێت و ئێران جەوازی دروست‌کردنی ڤاکسینی کڕۆنا پێ بدرێت، تا ئەو کاتەی کە بەستێنەکانی بۆ ساز دەکرێ و بە شێوەی کۆگایی (انبوە) بەرهەمی دەهێنێت بە شێوەی دارێژەرەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران نزیکەی ٦ مانگ دەخایەنێت. ئەگەر دەوڵەت بیهەوێ هەر بە شێوەی ئێستا ڤاکسینی دژە کڕۆنا بۆ وڵات دابین بکات بە دڵنیاییەوە کاتی زۆر دەوێت تا گشت کۆمەڵانی خەڵک ڤاکسینە بکرێن.

لە بەر ئەم کێشە و هۆکارانەی کە لە دێڕەکانی سەرو ئاماژەی پێکرا تەنیا یەک ڕێگا دەمێنێتەوە کە مرۆڤ لەم پەتا نەگریسە بەدوور بێ، ئەویش پێداگری لەسەر خاڵەکانی لەش‌ساغی و خۆ پارێزی پێویست لە هەمبەر ئەم نەخۆشیەیە.

پێویستە چلۆن زۆربەی کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ هاتنی ئەم نەخۆشییە  لە چوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان خۆیان بە دور گرت، دەمامکیان بەکار هێنا، لە شوێنە قەرەباڵغەکان خۆیان پاراست و خاڵەکانی تەندرووستی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەچاو کرد، ئێستاش هەمان ڕەوتی پێشووی بگرنە پێش و خاڵەکانی هێمنایەتی تەندرووستی ڕەچاو کەن.

پاراستنی سڵامەتی پاراستنی مرۆڤە، پاراستنی شکۆ و دەسەڵات نییە، پاراستنی تاک بە تاکی ئینسانەکانە. هەر بۆیە ئەرکی هەر تاکێکە کە لەهەمبەر ئەم پەتایە و تەندرووستی هاونیشتمانییەکەی هەست بە ئەرک بکات و خاڵەکانی تەندرووستی لەبەر چاو بگرێت، تا بەم شێوەیە خۆی و جەماعەتی دەوروبەر و کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەم نەخۆشییە تەندرووست بمێنن.