تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۳
چەند كەس لە جیهاندا بە ڤاكسینی دژە كڕۆنا كوتراون؟

بە پێی هەواڵی هاژە، ئاژانسێكی ڕووسی ئاشكرای كردووە، لە جیهاندا تا ئێستا زیاتر لە 200 میلیۆن كەس بە ڤاكسینی دژە كڕۆنا كوتراون.

دۆینێ شەممە ٢ی ڕەشەممە، ئاژانسی تاس _ ی ڕووسی بە پشت بەستن بە داتاكانی وڵاتان ئاشكرای كردووە، لە جیهاندا كۆی گشتیی ئەو كەسانەی تا ئێستا بە ڤاكسینی دژە كڕۆنا كوتراون بۆ 200 میلیۆن و 269 هەزار و 332 كەس دەخەمڵێندرێ.

بە پێی ئەم بەراوەردە ئەو ڕێژەیە 2.6 لەسەدی كۆی دانیشتووانی جیهان دەگرێتەوە.

سەبارەت بەو وڵاتانەی زۆرترین كەسیان تێدا كوتراوە ئەمریكا، چین، ئینگلستان و هێندستان 65 لەسەدی كۆی كوتراوەكانی جیهان پێكدەهێنن.

لە کاتێک‌دا بە پێی ئاماری سەرچاوەی فەرمییەکان بۆ پەتای كڕۆنا، لە جیهاندا لانیکەم 111 میلیۆن و 415 هەزار و 205 كەس تووشی كڕۆنا بوون کە بێجگە لەوان، نزیکەی 2 میلیۆن و 467 هەزار و 48 كەسیش بە گێرۆدە بوونی ئەم نەخۆشییە مردوون.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان كۆی ئەو كەسانەشی تا ئێستا تووشی كڕۆنا بوون و چاكبوونەتەوە، 86 میلیۆن و 267 هەزار و 157 كەس بەراوەرد دەکرێ.

لە ئێران‌دا بە پێی وتەی لاری گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی تا ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەممە کۆی گشتی ئەو کەسانەی کە تووشی کڕۆنا هاتوون ١ میلیۆن و ٥٥٨ هەزار و ١٥٩ نەفەر دەخەمڵێندرێت.

هەر بە پێی وتەی ناوبراو کۆی گشتی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا بەم هۆیەوە لە ئێران گیانیان دەست داوە ٥٩ هەزار و ٣٤١ کەس بەراوەرد دەکرێت.

کوترانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لە ئێران بە کڕینی ڤاکسینی ئێسپوتنیکSputnik V  بەرهەم هێنراوی ڕووسیا لە ئاخرییەکانی نێوڕاستی مانگی ڕێبەندانی پێشوو دەستی پێکرد کە بە پێی بەرنامەی وەزارەتی تەندروستی لێدانی ڤاکسینی دژە کڕۆنا لە سەرەتادا ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانەکان‌دا لە بەشەکانی لەژێر چاوەدێریە تایبەتەکان (مراقبت‌های ویژە) چالاکی دەکەن دەگرێتەوە کە دواتر لە بەینی باقی کادرەکانی دەرمان و خانەی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە تەمەنیان سەرەوەی ٦٠ ساڵە دەگرێتەوە.