تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۲
ئاوڕدانەوەیەک لە مامۆستا هەژار و خزمەتەکانی

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە کەسایەتییە گەورەکان هەمیشە ئەو کەسانەن کە لە چەرمەسەری و نەحەساوەیی‌دا ژیاون، بەڵنیاییەوە ژیانی مامۆستا هەژاریش لە کەوانەی ئەو کەسانەدا دەکەوێت کە کەم وا بووە کە تووشی خۆشی بن و ژیان بە ڕوویان پێبکەنێت. سەرەڕای ئەوەی کە دەست بەتاڵ بووە وەک دەڵێ: "لە ناو جەرگەی هەژاراندا لە نەداری یەکەم بووم"، هیچ کات ژیانی خۆشی لە خۆی نەدیت و هەر لە پەڕیوەی ئەم وڵات بۆ ئەو وڵات دابووە. بە خوێندنەوەی کتێبی "چێشتی مجێور" مرۆڤ بە بارودۆخی ژیانی هەژار ئاشنا بێت چلۆن نووسەر لە پێشەکی‌دا باسی "خانی" کوڕی دەکات و دەڵێت: "لەو گەرم و سارد و خۆشی و ناخۆشیانەی بە سەر من هاتووە، دەرسێک وەرگرێ و تەجرەبەی بۆ پەیدا بی" هەر بەم ڕستەیە خوێنەر دەزانێت کە ناوبراو لە چ تەنگ و چەڵەمەیەک‌دا بووە کە دەکرێ مرۆڤی کورد لە ئەزمونی خۆیدا کەڵکی لێ وەربگرێت و بە بای ناهومێدییەک نەلەرزێ.

مامۆستا هەژار لە حوجرەی خانەقا و مزگەوتەکان ڕا فێری ئەلف و بێی نووسین دەبێ تا ئەوەی کە بەو ئاڵووگۆڕیانەی کە لەم سەردەمەدا دێنە ئاراوە پەڕیوەی کوردستانی گەرمێن و عێراق و سووریا دەبێت و لەم چەند ساڵەی‌ ئاوارەیی‌دا ئەزمونێکی باش لە بواری ڕۆژنامەگەری، پتەو کردنی زمانی عەرەبی و بوونە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد بۆخۆی وەدەست دەهێنێت.

ئەوەی کە دەبێ لەسەر کەسایەتی مامۆستا هەژار دانی پێدا بندریت ئەوەیە کە هەژار بە نیسبەت ئەدیبان و نووسەرانی سەردەمی خۆی گەڕیدەترە و سەری بە زۆر شوێن و باژێراندا کردووە و ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە هەژار بە زۆربەی زاراوەکانی کوردی ئاشنا بێت و هەر بە زاراوەی سۆرانی و بن‌زاراوەی موکریانی قەناعەت نەکات. کاتێک کە لە نووسراوە و وەرگێڕانەکانی ناوبراو دەخوێنێوە بە جوانی ئەو شتە خۆی نیشان دەدات.

ژیانی مامۆستا هەژار بە گشتی بە سێ قۆناغ دابەش دەبێ، یەکەم قۆناغ ئەدەبییە کە نووسینی شێعر و نووسراوە لە گۆڤارەکانی ساڵانی ٢٢ – ٢٥ی هەتاوی و ٤٣ – ٤٦ی زایینی تا دوایی دەگرێتەوە. دووهەم قۆناغی ژیانی ناوبراو چوونە ناو دونیای خەباتی سیاسی لە باشووری کوردستان بووە و سێهەم قۆناغی ژیانی موکریانی ڕاپەڕاندنی کارە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی بووە کە لە ساڵی ١٣٥٤ بۆ سەرێ دەگەڕێتەوە کە بە ماوەی ١٥ ساڵان باشترین خەرمانی فەرهەنگی و ئەدەبی بەرهەم هێنا.

عەبدوڵڕەحمان شەڕەفکەندی کەسایەتییەکە کە لە بواری نووسین، شێعر و وەرگێڕان‌دا کاری کردووە و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان‌دا قەڵەمی لێداوە و بابەتی جۆراوجۆری لێ بڵاو بۆتەوە و لەو شوێنانەی کە لێی نیشتەجێ بووە هاوکاری زۆر یەک لە بڵاوکراوە و بلاڤۆکەکانی کردووە. موکریانی نزیکەی ١٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە کە بێجگە لەوانە تاقمێکیش لە کتێبەکانی ماون کە دوایی تێپەڕ بوونی ٣٠ ساڵ لە کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە، ئێستاشی لەگەڵ بێ سەروەسییەتەکەی خەمی لێ ناخوا و نایهەوێ کە ئەم کتێبانە بڵاو بنەوە، ئاخۆ بڵێی ڕۆژێک دابێ چاوی ئەویندارانی ئەدەبی کوردی و هەژار موکریانی بە باقی ئاسەوارەکانی ناوبراو هەڵبێت.

کتێبەکانی مامۆستا هەژار بە سێ بەشی نووستن (تالیف)، شێعر و وەرگێڕان (ترجمە) دابەش دەبن کە بریتین لە:

شێعر: ئاڵەکۆک، بۆ کوردستان، بەیتی سەرەمەڕ (چیرۆکە شێعر).

وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی: مەم و زین، ڕوباعیاتی حەکیم عومەر خەیامی نەیشابووری، شەڕەفنامە، هۆزی لە بیر کراوی گاوان، ئارێ برا! وا ڕابرا، دایە باوە کێ خراوە، عیرفان/ بەرامبەری/ ئازادی، یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، پێنج ئەنگست دەبنە یەک مست، قورئانی پیرۆز، مێژووی ئەردەڵان (لێکدانەوە و وەرگێڕان)، شەرحی دیوانی شێعری شێخ ئەحمەد جەزیری بە کوردی سۆرانی (لێکدانەوە و وەرگێڕان).

وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی: قانون در طب، آثار البلاد و اخبار العباد

نووسراوە: چێشتی مجێور، هەنبانە بۆرینە،

بڵاو نەکراوەکان: تاریخ سلیمانییە (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی)، روابط فرهنگی ایران و مصر (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فارسی)، فەرهەنگی وشەی فارسی (وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی)

هەر وەک ئاماژەی پێدرا هەژار مامۆستایەکی زمان‌زان و زمان‌ناسی هەڵکەوتە بوو کە جێ دەستی لە "کۆڕی زانیاری کورد" لە بەغدا دیار بوو. بۆ کەسێک کە جارێک کتێبەکانی قوڕئانی پیرۆز، شەرحی خەیام و شەڕەفنامەی خوێندبێتەوە، ئەم خاڵە بەهێزەی مامۆستا هەژاری بۆ دیار دەکەوێت، جا لە نەسرەکەی شەرەفنامە ڕا بگرە تا شێعرە وەرگێڕاوەکەی خەیام. یەکێک لە گرینگترین وەرگێڕانەکانی‌تر قوڕئانی پیرۆزە کە موکریانی بە زمانێکی بێ گرێ و گۆڵ بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاوەتەوە. لە بەشی وەرگێڕانی فارسی‌شدا کتێبی قانون در طبی ئێبنەسینا کە لە ڕاستیدا کاری گرووپێکی زانستگایە کە شەڕەفکەندی بەو لێهاتووییەی کە لەسەر زمانی عەڕەبی هەیبوو توانی بە زمانێکی ڕەوان بۆ سەر زمانی فارسی وەریگێڕێتەوە و ئەم پڕۆژە گەورەیە بە ئاکام بگەیەنێ، ناوبراو بۆخۆی لەسەر وەرگێڕانی ئەم کتێبە دەڵێت: "ئەگەر کورد نەبام بێ‌شک نەمدەتوانی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنم".

موکریانی بە کارەکانی توانی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کات و بە وشەی قەڵەمی و بیر و هزری کوردانەی توانی ڕێچکەیەکی تایبەتی وەرگێڕان بۆخۆی ساز بکات و لەسەر ئەم ڕێچکەیە خەرمانێکی پڕ بەرەکەت بۆ نەوەی داهاتوو بەدی بهێنێت کە هەر شایانی خوێندنەوە و بەهرە وەرگرتن بێ. هەژار کەسایەتییەکە کە هەموو کوردێک شانازی پێوە دەکات، هەر بۆیەش عەللامە مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان لەسەر کەسایەتی شەڕەفکەندی دەفەرمێ: ئەگەر هێنییەکان بە تاگووڕ و عرووسەکان بە تێلێستۆی و ئینگلیسییەکان بە شکسپییەر و فەڕانسەوییەکان بە ئاناتۆل فەڕانس و ئامریکاییەکان بە جان‌ ئیشتاین‌بەگ و عەرەبەکان بە نەجیب مەحموود و فارسەکان بە شاملوو دەخوڕن، ئێمەش حەقمانە کە بە "هەژار" بوخوڕین و بەڕاستی بە "هەژار" دەخوڕین.

 

سەرچاوەکان:

شەڕەفکەندی، عەبدولڕەحمان(هەژار)، چێشتی مجێور، کانی کتێب، سنە، ١٣٩٤.

شەڕەفکەندی، عەبدولڕەحمان(هەژار)، بۆ کوردستان، بڵاوکراوەی پانیز، تاران، ١٣٩٣.

حەکیم‌زادە، فەرەیدون، هەژار لە لووتکەدا (بەرهەمی ژیان و تێکۆشانی ئەدەبی، سیاسی و فەرهەنگی مامۆستا هەژار)، بڵاوکراوەی مەهاباد، ١٣٩٤.

وتەکانی مامۆستا عەبدوڵلا ئەحمەدیان، کۆنگرەی مامۆستا هەژار، مەهاباد سینەما تەربیەت 23ی جۆزەردانی1381.

مرادی، محمدرئوف، زندگی نامه و خدمات علمی و فرهنگی استاد عبدالرحمن شرفکندی (هەژار)، انجمن آثار و مفاخر فرهنگی، 1386.

یادنامە استاد عبدالرحمن شرفکندی "هەژارانە"، چاپ دوم، بهار 1370.