تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۲
گرینگی بە زمانی دایکی

 

ساڵی ١٩٥٢ی زایینی ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا و کارمەندی زانکۆی داکای ئەوسای ڕۆژهەڵاتی پاکستان و پێتەختی ئێستای بەنگلادێش دژ بە سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزاییان دەربڕی و لە ئاکامدا کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی سوپا و پۆلیس و چەندین کەسیان لێ بریندار بوون و کوژران. لەم کۆبوونەوەیەدا "ئەحمەد سەلیم" شاعیری لاوی بەنگلادێشی لە نێو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری دەکرد: "بژی زمانی دایکی". جەماوەر بۆ ڕێزگرتن لە زمانی دایکی و مافی خوێندن و نووسین بە زمانی بەنگالی و سەربەخۆیی لە زمانی "ئۆردوو"دا دروشمیان دەدا، ئەحمەد سەلیم بە هەستێکی ئاگرینەوە وتاری دەخوێند و شێعرە بەناوبانگەکەی خۆی دەگووتەوە.

یاد کردنەوەی ئەو یادە هەموو ساڵێک و پێداگری لایەنگرانی زمانی زگماکی بووە هۆی ئەوە کە سەرەنجام لە لایەن ڕێکخراوی زانستی _ فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان واتە یۆنیسکۆوە ڕۆژی ٢١ی فێورییە وەک ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی ڕاگەیەنرێت.

هەر وەها ئەنجومەنی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ساڵی 2008ی کردە ساڵی نێودەوڵەتی زمانەکان و لەو ساڵەوە سەدان کتێب و هەزاران پەخشان و وتار سەبارەت بە مافی زمان و زمانی دایک نووسراوە و پێداگری لە زمانی زگماکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون کرد. بە یاسا کردنی زمانی زگماکی بۆ پاراستن و خوێندن و فێر بوونی، تەنیا لە لایەن یۆنیسکۆوە بەس نییە و بەڵکوو پێویستە تەواوی وڵاتانی جیهان یاسای فرەزمانی لای خۆیان پەسەند بکەن و ڕێزی لێ بگرن.

زمان بەهێزترین ئامراز بۆ پاراستن و پەرەپێدانی میراتی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ لە ئەژمار دێت. پاراستن و گەشە پێدان و کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی و فێرکردن بە منداڵان و نەوەکانی داهاتوو، گەشەی فەرهەنگیی نەتەوە و جیهان مسۆگەر دەکات، کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی لە سیستیمی پەروەردەی گشتی  و ناوچەییدا بۆ پاراستن و مانەوە و پەرەپێدانی زمانی دایکی وەک خاڵێکی هەرە گرینگ سەیر دەکرێ.

زمان یەکەمین کەرەسەی پێشکەوتوویی پەیوەندیی مرۆڤەکانە کە ئەرکی سەرەکییەکەی پەیوەندی زارەکی و نووسراوەیی نێوان دوو یان چەند مرۆڤە. هیچ زمانێک پێویستی بە ڕەوایی گرتن لە هیچ مێتۆد وشوێن کەس و لایەنێک نییە. لە بواری زمانییەوە هەر نەتەوە و گەلێک وەک هێمای بوونی ڕەوایی ئەم نەتەوەیە سەیر دەکرێ کە ئەم زمانەی کە قسەی پێ دەکرێت لە ڕێگای ئەوەوە دەنگ و ئاسەواری نووسراوەیی جێماو بە درێژایی مێژوو وەک بەشێک لە میرات و سامانی فەرهەنگی مرۆڤایەتی دادەندرێت.

ئەگەر چاوێک لە وڵاتی سوویس بکەین بۆمان دەردەکەوێ لەم وڵاتەدا چوار زمانی جیاواز لە پاڵ یەکتردا دەژین و لە قوتابخانەش‌دا هاوشانی یەکدی دەخوێندرێن. لە هەر سێ ناوچە زمانییەکە کەسایەتی بەناوبانگ لە ئاستی جیهان‌دا هەڵکەوتوون کە بۆ نمونە دەتوانین بە "ژان پیاژە" لە ناوچە فەڕانسەییەکەی، "کاڕڵ گوستاو یونگ" لە بەشی ئاڵمانییەکەی و "بنێدیت تی" لە بەشی سووئیسییەکەی ئاماژە پێ بکەین.

زۆربەی بیرمەندان لەسەر ئەو بڕوایەن کە شوناسی نەتەوەیی لەسەر بنەمای چەند هۆکارێک سەرهەڵدەدات کە گرینگ‌ترینیان زمانە و زێد و ئایین لە دوای ئەو قەرار دەگرن. زانایان لەسەر ئەو بڕوایەن شوناسی نەتەوەیی ئەو گەلە بەهێزترە کە خاوەنی نیزامێکی ئەلف بێیەکی یەکدەست بێ.

بە پێی هەژمار و ئاماژەی گشتی وڵاتی ئێران، زۆرتر لە ٥٠ لەسەدی منداڵانی ئێران لە کەمە نەتەوەکان پێک هاتوون. تەواوی ئەو خاڵە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، دەرون‌ناسی و زمان‌ناسانەی کە بۆ پەروەردەی زمان ئاماژەی پێدەکرێ تەنیا بۆ منداڵانی فارس (کە کەمتر لە نیوەی حەشیمەتی منداڵانی وڵات پێک دێنن) ڕاست و دروستە. وەک ئەوە وایە تەواوی خاڵە زانستی و فەرهەنگییەکان بۆ پەروەردەی ئەوان لەبەر چاو گیرا بێت. پەروەردەی زۆربەی منداڵانی وڵات لەگەڵ دیاردەی دوو زمانی ڕووبەڕوویە (زمانی دایکی وەک زمانی سروشتی _ زمانی دووەم وەک زمانی پەروەردەیی). لە دیاردەی دوو زمانە بووندا، تاک دوای فێربوونی زمانی دایکی بە شێوەی زارەکی و نووسین لەگەڵ پەروەردەدا پەیوەندی بە زمانی دووهەمەوە دەکات و دەبێتە مرۆڤێکی دوو زمانە.

بە پێی بیر و ڕای دەرون‌ناسان و زمان‌ناسان، ١٢ ساڵی هەوەڵی تەمەن لە پەروەردەدا بە قۆناغی بەراوەرد (تطبیق) دەناسرێت. بەم مانایە کە منداڵ تا تەمەنی ١٢ ساڵی، زمان بۆ بەراوەرد لەگەڵ دەورووبەر بەکار دەبات و سیستمی زەینیی منداڵ پێک دێت. زمانی دایکی یەکەم زمانە کە تاک بە هۆی ئەو پیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان و دونیای دەورووبەری خۆی دەگرێت و هێما و چەمکی ئەوان بەو وشانە لە زەینی ئەودا پێک دێت.

پەروەردە بە زمانی دایکی

زمان بەشێکە لە هەبوونی مرۆڤ و لێی دانابڕدرێت. لە سایەی زماندا مرۆڤ دەتوانێت ئەزموون، هزر و ڕامانەکانی خۆی بگوازێتەوە. زمان و هزر گرێدروای یەکدین، مرۆڤ بە هۆی زمانەوە بیر دەکاتەوە و دەژی. پەرەسەندنی زمان پێشمەرجی پەرەسەندنی هزر و ڕامانە.

لە ماددەی نۆزدەی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ئاماژە بەوە دەدرێت کە "سەرجەم خەڵکانی ئێران بە بێ جیاوازیی ئەتنیکی، یەکسانن و ڕەنگی پێست، جۆری ئەتنیک، زمان و شتی لەم چەشنە نابێ ببێتە هۆی جیاوازی". بە پشت بەستن بەم ماددەیە، پەروەردە بە زمانی دایکی کە لە زۆربەی پەیمان‌نامە نێونەتەوەییەکاندا وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ هەر ئینسانێک ئاماژەی پێدراوە و ناکرێ حاشای لێ بکرێت.

لە زۆربەی پەیمان و بەڵگە نێونەتەوەییەکاندا، پەروەردە بە زمانی دایک زۆر ڕاشکاوانە وەک مافێک قەبووڵ کراوە. بۆ نمونە لە "پەیمان‌نامە لە دژی جیاوازی لە پەروەردەدا"، "پەیمانی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "جاڕنامەی مافەکانی کەسانی سەر بە کەمایەتییە زمانی، ئایینی، ئەتنیکی و نەتەوەییەکان" و "مەرجەکانی ئەورووپا بۆ کەمایەتییە زمانی و ناوچەییەکان"دا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە جگە لە خوێندنگە فەرمییەکان، دەبێ شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ داخوازیی خێزانەکان، ئیزنی دامەزراندنی خوێندنگەی جیاواز بدرێت کە بتوانێ جیاواز لە دەبستانە فەرمییەکان وانەی ئایین، ئەخلاق و زمان تەوەری تێدا بخوێنرێت و دەرفەتی خوێند بە زمانی دایکی بۆ سەرجەم ئەو کەسانە بڕەخسێنرێت.

لەم پەیمان و جاڕنامانەدا سەرەتا پەروەردە بە زمانی دایکی وەک مافێک دانی پێدا نراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەوڵەتەکان بۆ جێگیرکردنی پەروەردە بە زمانی دایکی، دەبێ ڕێکاری پێویست بگرنە بەر. جگە لەمە، لەم پەیمان‌نامانەدا، وەک پێش‌مەرج لە بەر چاو گیراوە کە ئەم پەروەردە بە زمانی دایکییە نابێ بە شێوەیەک بێت کە خەسار بە یەکێتی وڵات بگەیەنێت.

زمانی کوردی

زمانی کوردی لە ڕووی بنەماوە بەشێک لە زمانە هێند و ئەورووپاییەکان ئەژمار دەکرێت کە کوردەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست قسەی پێدەکەن کە لە ڕووی مێژووییەوە لە زمانی کەڤناری مادی کەوتووەتەوە. ئەم زمانە بە پێی لێکۆلینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی “ساێنسscience”  بڵاو کراوەتەوە هاتووە؛ لێکۆڵەرانی نیوزیلەند رایدەگەیەنن: بنەماڵەی زمانەکانی هێند و ئەورووپایی نوێ و مودێرن خاوەنی مێژوویەکی هەشت تا نۆ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەوە پێش و لە ناوچەیەک کە ئەمڕۆکە ناوی تورکیای لەسەرە سەرچاوەیان گرتووە، کە تیایدا زمانی کوردیش وەک یەکێک لەو زمانە هێند و ئەوروپاییانە ناوی هاتووە کە هەڵگری مێژووی زیاتر لە 8 هەزار ساڵە و لە پاڵ چەند زمانێکی دیکە وەک کۆنترین زمان ناوی هاتووە بە پێی بەڵگەکان و ناوچەی باکووری کوردستانیش کە لە راپۆرتەکەدا بە ناوچەی ئاناتۆلی تورکیا ناوی هاتووە، بە ناوچەی سەرهەڵدانی زمانە هیند و ئەورووپاییەکانی دەزانێت.

ئەگەر بە ئیغراقەوە نەبێ دەبێ پێ لەوە دابنێین کە دەوڵەمەنی زمانی کوردی بۆ زاراوەکانی دەگەڕێتەوە کە هەر زاراوەی بۆخۆی خاوەن "فەرهەنگ وشە"ی تایبەتە کە دەکرێ وەک خەزێنەیەک چاوی لێبکرێت و بۆ دەوڵەمەند بوونی زمانی کوردی کەڵکی لێ وەربگیرێت.

زمانی کوردی خاوەن زاراوەکانی کوردیی باکووری (کورمانجی) کوردیی ناوەندی (سۆرانی) کوردیی باشووری (کەلھوڕی)، لەکی گۆرانی-زازایی، ھەورامی)یە کە بە پێی شوێنی ژیان و نیشتەجێ بوونی دانیشتووانی وەک ناوچەیەکی کوێستانی و شاخاوی و گەرمێنی و دەشتایی خەڵکانێک بە زاراوەی جیاواز بەڵام بە ڕیشەی کوردی لە دەوری یەک خڕ بوونەوە کە هەر پەلێکی ئەم زاراوانە بۆخۆی خاوەن ئەدەبیاتی تایبەت بە خۆیەتی، پەس زمانی زگماکی و بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد، زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە گرینگن و یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی ساز کردنی ناسنامەی ئێمەن هیچ شکی تێدا نییە و بەخەمەوە بوونی ئەرکی هەموو نووسەر و رۆژنامە نووس و رۆشنبیرێکە.

لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە فرەچەشنی زمانی و زاراوەیی بوونی هەیە، کێشەی زمانی ستاندارد یان پێوەر کێشەیەکی سەرەکی و بنەمایە، زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی چەند زاراوە و شێوازی جیاوازە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی‌ش‌دا، لە پێگە و پانتایی جیاواز دەژیت، ئەوەش وای کردووە کە پێکهاتنی زمانێکی ستاندارد چ بە شێوەی نافەرمی و چ لە شێوازێکی فەرمی و پەسەند کراودا بەرەوڕووی ئاستەنگ و دژواری بێتەوە.

ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵگا فرە چەشنەکان لە بواری زمانییەوە ئاماژەدەری ئەو راستییەیە کە میکانیزمێکی تایبەت و تاکانە بۆ پێکهاتنی زمانێکی ستاندارد لە ئارادا نییە. بە شێوەیەکی مێژوویی هەندێ فاکتەری جیاواز لە پێکهاتنی زمانی پێوەردا دەوریان گێڕاوە کە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی زەبروزەنگ و سەپاندنەوە بگرە تاکوو ڕووداوە بەڕکەوتەکان و زۆر جاریش پەرەئەستاندنی فەرهەنگی و گەشەی داهێنان لە لایەنێکدا بەرچاو دەکەوێ. دەسەڵاتی سیاسی و هێژمونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی سەرەکیترین هۆکارە کە لە پێوەربوونی زاراوە و زمانێکدا دەورێکی کاریگەرتر لە هۆکارەکانی‌تر دەگێڕت.

زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێکی مامناوەندی نێوان تورکیا و عێراق دەگرێتە پێش. بەو واتایەی کە نە وەک مۆدێلی تورکیا بە تەواوەتی قەدەغە و پاوان دەکرێت و نەوەک نمونەی عێراق هەلی بە فەرمیی بوونی بۆ ڕێ دەکەوێت. 

ئێستا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکدا زمانی کوردی پێگەیەکی سەقامگیری وەدەست هێناوە و لە زمانی زارەکی کۆڵان و بازاڕەوە گەیشتووەتە ئاستی زمانی دەسەڵاتە سیاسی و ناوەندە زانستییەکان. بەرپرسانی کورد بەم زمانە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەک‌گرتووەکاندا دواون و هەر وەها بەشێک لە وڵاتانی ناوچە تا ڕادەیەکی زۆر دانیان بە هەبوون و ڕێز گرتن لە زمانی کوردی ناوە و هەر کام لە ئاستی جیاوازدا سیاستی پێشوی خۆیان لە هەمبەر ئەم زمانە گۆڕیوە. لە سەدەکانی ڕابردوو هەر کام لە زاراوەکانی کوردی بە پێی هەل‌و‌مەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێیان نووسراوە و هەوڵی ستانداردبوونیان بۆ دراوە. هەر لە دوو بەیتییەکانی باباتاهیرەوە بگرە (زاراوەی لوڕی) تا وەکوو مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی (زاراوەی کورمانجی ژووروو)، مستەفا بێسارانی و خانای قوبادی (زاراوەی گۆران)، نالی و سالم و کوردی (زاراوەی سۆرانی) نووسین و داهێنانی ئەدەبییان بە زاراوە جیاوازەکانی کوردی ئەزموون کردووە.

 

سەرچاوەکان:

 

بینەندە، مەسعوود، زمانی ستانداردی کوردی، وەرزنامەی فەرهەنگی / ئەدەبی / کۆمەڵایەتی زرێبار، خولی نوێ (٢٣ و ٢٢) ساڵی پانزدەهەم، ژمارەی ٧٦ و ٧٥، پاییز و زستانی ١٣٩٠.

حسێنی، سۆران، گرینگی زمانی زگماکی، بووژانەوە، تایبەت‌نامەی زمانی کوردی، بانە، ١٥ی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی

دلاویز، عەلی، کەڵک وەرگرتن لە زمانی دایکی مافی هەمووانە، وەرزنامەی فەرهەنگی / ئەدەبی / کۆمەڵایەتی زرێبار، خولی نوێ (٢٣ و ٢٢) ساڵی پانزدەهەم، ژمارەی ٧٦ و ٧٥، پاییز و زستانی ١٣٩٠.

ساڵحی، لەیلا، بە کوردی و بە کورتی لەمەڕ زمانی کوردییەوە، هاژە

http://haje.ir/newsdetails.aspx?itemid=7493

شەجیعی، ڕەزا، ئەڵقەی زمانی ١٩٤٦، وەرزنامەی زمانەوان، تاران: ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان، ژمارە ٣، ١٣٨٥.

غەفووری، وریا، پەروەردە بە زمانی دایکی، بووژانەوە، تایبەت‌نامەی زمانی کوردی، بانە، ١٥ی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی

صالحی امیری، سید رضا، مدیریت منازعات قومی در ایران، تهران: مرکز تحقیقات استراتژیک، 1385.

قانون اساسی ایران

Birleşmiş Milletler Eğitim, Bilim ve Kültür Kurumu [UNESCO] tarafından 14 Aralık 1960 tarihli Genel Toplantıda kabul edilmiştir.

Europe, C. O. (1992). European charter for regional or minority languages.