تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۲
مامۆستا سەباتی، نموونه‌ی ئازا له کەسایەتیی ئایینی ـ نه‌ته‌وەیی
مەسعوود سەباتی

بە ناوی بەرزەناوی دانەر و دامەزرێنەر و داهێنەر و خوڵقێنەری هەست، شعوور، جوانی و ئادەمیزاد...

 

بە دوای تێپەڕبوونی دووساڵ لە کۆچی بێ وادەی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا محەممەد سەباتی، کورتەیەک لە ژیانی ئەو خۆشەویستە ئاراسته دەکرێ.

ژیانێک کە پڕ بوو لە ڕەنج و ئازار و تاڵی و ناخۆشی و چەرمەسەری و بێ دەرەتانی و هەر لەهەمان کاتدا پڕ لە گەورەیی و شەڕەف و خۆشەویستی لە نێو دڵی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئایینی و مەدەنی و گەورە و بچووک و ژن و پیاوی شاری خۆشەویستی مەهاباد و بە گشتی ناوچەکانی خزمەتی ئەو مەزنە پیاوە، جێگای خۆی هەبوو و جێی سەرنجە کە بزانین هۆکاری خۆشەویستی خەڵک بۆ مامۆستا سەباتی چ بوو؟!

مامۆستا سەباتی لە ساڵەکانی 1330 و 31 هەتاوی له گوندی سوتوو، سەربەشاری بانە لەدایک دەبێت  و کە لە دوای تێپەڕبوونی تەمەن مناڵی ئەو ئازیزەمان وێڕای بنەماڵەکەی کۆچ دەکەن بۆ یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت بە نێوی گۆڵێ، کە هەر لەو تەمەنەوە هان دەدرێ بۆ خوێندنی دەرسی ئایینی و لە حوجرەی ئەو گوندە دەبێتە قوتابی و ئەلف و بێ و سیپارە فێر دەبێ و وەک قوتابییەکی زیرەک دەرسەکانی بە باشی دەخوێنێ و بەڵام بەداخەوە چونکە ژیانی ئەو کاتی ناخۆش و پڕ بوو لە هەژاری بۆ زۆربەی بنەماڵەکانی کوردستان و مامۆستاش لەو ئازاری نەداری بێبەش نەبوو و هاوینان دوای دەرس تەواو کردن دەبوو بە  شوانی خۆیان و زستانانیش دووبارە دەبۆوە بە فەقێ و بە عەشقێکی بێ پایانەوە هەوڵی فێربوونی دەدا و لە ڕێگای زانست دا ماندوونەناسانە هەوڵی تەواوی خۆی داوە و هەر بۆیەش بووەتە بە کەسایەتێکی گەورەی ئایینی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی کە تا هەتایە نێوی لە نێو دڵی هەموو ڕێبوارانی ڕێگای بەرزی پیرۆزی ئایینی ئیسلام دەمێنێتەوە و دەکرێ بڵێین وەک سەرچاوەیەکی زانستی ئایینی لە ژیان و کەسایەتی مامۆستا محەممەدی سەباتی وانەی ژیانی بڵێینەوە و بنووسین و فێر بین.

مامۆستای خوالێخۆش بوو لە ساڵی 1342 دەرسی فەقێیەتی تەواو دەکات و بە درێژایی 12 ساڵ لە گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات خزمەت دەکات و  لاپەڕەیەکی نوێی لە ڕێگای زانست هەڵدەداتەوە و بە ئەوپەڕی هێز و توانای خالیسانە و دڵسۆزانەی خۆیان لە ساڵی 1354 ودمی مەلایەتییەکە لە خزمەت مامۆستا مەلا خدری عەبباسی سیسێری خوای لێ ڕازی بێ، وەردەگرێ.

 دەکرێ ڕاشکاوانە بڵێم کە ڕێگای زانست و فێربوون و فێرکردن، بۆ مرۆڤی دڵسۆز و خزمەت گوزار لە کۆمەڵگای کوردی، ناخۆشترین و دژوارترین ڕێگای ژیانە کە خوالێخۆشبوو خۆبەخشی هەرە بەرزی ئەو گۆڕەپانە پڕ چەرمەسەرییە بوو و تا دوایین ساتەکانی تەمەنی بوێرانە و ئازایانە لە ڕێگای ئایینی پیرۆزی ئیسلام خزمەتی خۆی کرد و تەنیا بۆ یەک چرکەش لە تێکۆشان نەوەستا و کۆڵی نەدا، کە ئەوە زۆر گرینگە سەرەڕای ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمانەی ڕێگای ڕاستی ژیان مرۆڤێک ئەوەندە نەترس بێ.

مامۆستای گەورە جودا لەوەیکە کەسایەتێکی بەرزی ئایینی بوو، مامۆستایەکی نیشتمان پەروەر و دڵسۆز و وەفاداری نەتەوەی خۆی بوو و هەمووکات ئەو قسەیە وێردی سەر زاریان بوو کە منداڵی کورد ئەگەر هەمووکات پاک و خاوێن بێ و بەرامبەر بە نەتەوەی خۆی، هەموو کات سەربەرزە و خواش لێی ڕازیی دەبێ.

لە نێو کۆمەڵگای کوردی کەم نەبوون ئەو جۆرە کەسایەتییانەی کە سەرەڕای ئەوەیکە خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان کردووە و دڵسۆزانەش لە خزمەتی نیشتمانی خۆیان دابوون و وەفادا ماونەوە.

من وەک کەسایەتێکی ئەدەبیش لەو گەوره پیاوە دەڕوانم و بە داخەوە ئەجەل ئەوەندەی مەودا نەدا کە بەرهەمەکانی خۆی کە لە وەسفی خوا و نیشتمانی خۆیدا نووسیبوونی و ئێستاش هەر وەک دەستنووس ماونەوە کە هیوادارم لە داهاتوودا چاپ بکرێن و بڵاو بنەوە. 

کاتێک ئێمە ژیانی کەسایەتێک دەخەینە بەرباس، دەبێ باس لە هەموو تەوەرەکانی ژیانی بکەین و لاپەڕە لەهەموو پەرتووکی ژیان و دونیای هەڵدەینەوە و تا بزانین باشی مرۆڤێک لە چی دایە و خەراپییەکانی چین!

 کەچی دەتوانم بڵێم بێ دڵەڕاوکی، ژیانی مامۆستا محەممەد سەباتی پڕ بوو لە جوانی و پاکی و باشی و گەورەیی هەر بەو بۆنەوە ئەگەر بێین لە هەر کەسێک پرسیاری کەسایەتی ئەو خۆشەویستە بکەین، زوو دەستی خۆی بۆ دەشکێنێتەوە و دەڵێ: خۆزگە من لە جێگای مامۆستا مردبام و مامۆستا هەر ژیابا و خزمەتی کۆمەڵگای کوردی کردبا.

لە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەموو بەشەکانی تەمەنی تەنها شتێک کە دڵی بۆی بزاوتووە، خزمەت و خزمەت و خزمەت بووە، هەربۆیەش تا ئەو ئاستە تا ئێستاش و تا هەمیشە یادی هەر ماوەتەوە و هەر دەشمێنێتەوە.

با غەدریش نەکەین لە کەسێک کە هەمووکات پاڵپشت و هاوڕێ و هاودەم و خەمخۆری مامۆستا بووە، فارس گوتەنی لە پەنای هەر پیاوێکی ئازا و سەرکەوتوو، ژنێکی قارەمان و سۆزدار و بەوەفا هەیە کە مامۆستا سەباتی لەو نیعمەتە گەورە بێبەش نەبوو. خوالێخۆشبوو دایە حەلیمە یەکێک بوو لەو شێره ژنانە خوای لێ ڕازی بێ، دایه حەلیمە نموونەی ژنێک و دایکێکی بێ هاوتا بوو کە دەتوانم بڵێم سەرەڕای ئەوەیکە خوێندەواری کەم بوو بەڵام هەموو کات هاندەر و پاڵپشتی هاوسەری خۆیان  مامۆستا سەباتی بوو و تا ئەو ڕوژەی کە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، وەفادارانە و دڵسۆزانە لە خزمەت ژیانی هاوبەشی و ماڵ و منداڵ و بە تایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لە هەمان کاتیشدا دەکرێ وەک دایکێکی نیشتمان نێوی بنێین و هەمووکات ڕێزی لێ بگرین و یادی بکەین، خودا بیبەخشێ و جێگای بەهەشتی ڕەنگین بێ ئینشەڵڵا.

زۆر ڕاستە کە ئێمە کاتێک کەسایەتێکی ئاوا گەورە لە دەست دەدەین تا بڵێی خەسارێکی گەورەیه بۆ هەموو کۆمەڵ و کۆمەڵگاکەمان، بەڵام لەهەمووی خۆشتر ئەوەیە کە ئەو گەورە پیاوانە کاتێک دەڕۆن و جێمان دەهێڵن، بەڵام لە پاش خۆیان بەرهەم و زانست و قوتابخانە و قوتابییانێک جێ دەهێڵن که جێی هیوای دوواڕۆژی کۆمەڵگای ئایینی و کوردییە، کە خۆشبەختانە مامۆستا سەباتی لە قوتابخانەی خۆیان دەیان فەقێ و مامۆستای دیکەی پەروەردە کردووە و تا ئێستاش هەر ڕێبواری ڕێگای مامۆستا ماونەوە و خزمەتی خۆیان بە ئاکام دەگەیێنن.   

مامۆستا سەباتی خوا لێی خۆشبێ هەر لەسەر ڕێبازی گەورە پیاوانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام سوور بوو تا دوایین هەناسەکانی تەمەنی خۆی و زانست و کەسایەتی لە خزمەت نەتەوەی کورد بوو و ئەرکی خۆی بە تەواوی بە ئاکام گەیاند و تا ئەوەیکە لە دووی ڕەشەمەی ساڵی 1397ی هەتاوی لە شاری مەهاباد مۆتەی مەرگ چیدیکە ڕێگای نەدا خزمەت بکات و دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە بەجێی هیشتین، ئەگەرچی هەمووکات لە دڵماندایە و یادی هەرمانە.

گەورەی کورد دەفەرمێ:

نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین

یادی بەرز و پیرۆز بێ و خوای دلۆڤان لە ئەوان و هەموو کۆچکردووان خۆش بێ و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێ، ئینشەڵڵا...

2ی ڕەشەمە 1399 هەتاوی ـ مەهاباد