تاریخ: ۱۳۹۹/۱۱/۲۰
کۆڕی ڕخنەو هەڵسەنگاندنی کتێبی «جنایت و مکافات» به‌رێوه‌چوو
بە پێی هەواڵیی هاژه، ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهەباد، نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی شرۆڤەو لێکدانەوەی کتێبیان لە فەزای مەجازی"ژووری دیالۆگ" بە شێوەی ئانلاین و نووسراوە بەڕێوە برد لەو دانیشتنەدا به‌شداربووان پشکیان خستە سەر کتێبی«جنایت و مکافات» لە (فئودور داستایفسکی) وەرگێڕانی" مهری آهی". وەک لە سەرەتای شروڤەکەدا بەشێک لە ئەندامان لە گۆشەنیگای تایبەتەوە، ناوەرۆک و مژاری ئەم جارەیان خستە بەر باس و بە خوێندەوەی جیاواز هەر کام لە دەلاقەیەکەوە، بە نووسراوەو فایلی دەنگی، بابەت وتارەکانیان پێش‌کێشی هۆگرانی کۆبوونەوەکە کرد، ئەو خاتوونە بەڕێزانەی بابەتیان ئاراستە کرد بریتی بوون لە: 
۱. "لالە ڕیحانی" باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر ژیاننامە، کەسایەتی، بەرهەم، شێوازی نووسین، و ڕەنگدانەوەی نووسراوەکان لەسەر نووسەران هەر وەها ئەو نووسەرانەی شوین پەنجەیان لە سەر بەرهەمەکانی داستایوفسکی دیارە، لێدوانێکی پاراویان ئاراستەی کۆڕەکە کرد.
۲. "فەرەح پیران" نووسراوەو لێدوانێکی تایبەتیان لە ژێر ناوی"رابطە افراد با جنایتی کە مرتکب میشوند" پێشکەشی هاوڕێیانی دانیشتنەکە کرد.
۳. "گەلاوێژ بەیگ نیا" لە وتاری خۆیاندا باس لە ڕوانگەی دەروونناسی کەسایەتێکانی ناو ڕۆمان دەکا، جێگەیەک کە کەسایەتی سەرەکی ڕۆمان تووشی دەروون شێواوی و چەشنێک لە تێکچوونی ڕەوانی درێژخایەن دەبێت بە شێوەیەک کە دادەبرێ لە کۆمەڵ. کەڵکەلەی نووسەر لەگەڵ خۆی و تاوانبار کردنی، وا دووپاڵوویی(دوگانگی) لە کەسایەتێکان دا ساز دەکا لە دوو خەتی فکری جیاوازدا.
٤. "ماریا بابامیری" لە کۆبوونەوەی ئەم شەوی خاتوونەکاندا ئاماژە بە پاڕاگرافی زێڕین یا ڕەستەی هەڵبژاردەکانی کتێبی «جنایت و مکافات» دەکا.
٥. "هێژان حوسێن نژاد" لە وتاری خۆیان دا خوێندنەوەیەکی چڕوپڕی لە سەر داستایۆفسکی و خەمی ژین دێنێتە ئاراوا. 
٦. "نادیا برخانە" بە لێکدانەوەی کتێبی جنایەت و مۆکافات لە ڕوانگەی مەکتەبی کۆمەڵناسی رەهەندی کاردانەوەی کۆمەلگای خستە سەر ئەو باسە کە ئەوەی تاوان دێنێتە ئاراوە زۆرتر کاردانەوەی خەڵکە، ئەو مەکتەبە لادان لە عورف و بایەخەکانی کۆمەڵگا زۆر کات یاسایی دەزانێ و هەروەها باس لە پێچوونی ڕوانگە تەوەشی ژیان و بێ مانایی دەکا کە وا مروڤ بۆخۆی دەبێ مانای بداتێ.
۷. "ئارەزوو ئەحمەدی" بە یاداشتێکی دەروونناسی لەسەر کتێبی جەنایەت و مۆکافات بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.
٨ .چرۆ پەرویزنیا لە وتاری خۆیاندا دوو چەمکی خستە بەرباس یەکیان سووکە ئاورێک لە سەر چۆنیەتی ژیانی ژنانی لەش فرۆش. هەر وەها باسێک لەسەر داستایوفسکی کە چۆن لە نووسراوەکان دا تەنیا لە ڕەوتی ڕەوان و زەینی خوێنەر کەڵک وەردەگری، بۆ ئەوەی لێکولێنەوەی دەروونناسی هەبێت، هەڵبەت بە تێفکرینێکی جیاواز. ڕزگاری خەڵک لە قولابی نهیلسم و ئاشت بوونەوە لەگەڵ دەنگی وێژدانی خۆی، بە ئاوردانەو لە تاقمێک کە وەک تڵتەی کۆمەڵگا لە ژێر سێتەری چینی دەوڵەمەند حەولی بێوچان دەدەن مرۆڤی سەردەم کێشەوبەر بکەن.
لە پاژی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەدا بە  کۆبەندیک لە ڕەخنەو بیرۆکەی جیاواز لەلایان دۆستانی ترمان لاپەرەکانی ئەم کتێبەش بەسترا و خاتوونەکان بۆ هەڵسەنگاندنی کتێبی داهاتوو جەخت دەخەنە سەر کتێبی(جەمشیدخانی مامم) لە نووسینی مامۆستای کورد (بەختیار عەلی). جێ ئاماژەیە کە ئەم کۆبوونەوانە لە "مەهاباد"بە بەڕێوبەرایەتی خاتوو"چرۆ پەرویزنیا" و یارمەتی خاتوو"ئارەزوو ئەحمەدی" هەر وەها ماندووبوونی سەرجەم خاتوونانی هۆگر بە کتێب و خوێندنەوە بەڕێوەدەچێ. بۆ زانیاری زیاتر لە حەول و تێکۆشانی "ئەنجوومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد" سەردانی کاناڵەکەمان بکەن. بە هیوای گەشانەوەی زیاتری کۆمەڵگا و هاوڕێیەتی و هاوفکری بەردەوام ئێمە بۆ گیشتن بە سەروەری.