زمانی کوردی لە کۆنەوە لەبەر پرشوبڵاویی جوغڕافیای ئاخێوەرانی زمانەکە و دابەشبوون بەسەر چەند وڵات و فەرهەنگی جیاواز و، دەیان و سەدان هۆکاری دیکە نەیتوانیوە لەئاست فەرهەنگ و قامووسی زمانانی دیکە، ئەو جۆرەی پێویستە سەر هەڵبڕێ. زۆر بە کەمی کاری لەسەر کراوە و ئاوڕی وەسەر دراوەتەوە. کۆکردنەوە و دانان و نووسینی فەرهەنگ کارێکی تاقەتپڕووکێن و زەحمەتە، هەربۆیە نووسەر و خەمخۆری زمانی کوردی لە چاو بەستێن و بوارەکانی دیکە کەمتر سەری خۆی پێوە هێشاندووە. بە درێژاییی مێژوو لەبەر لاوازیی سیاسەتی پەروەردەیی (Education policy) و سیاسەتی زمانی(Language policy) ی زمانەکەمان کەمتر توانیومانە بە شێواز و پێوەری نوێباو و سەردەمیانە کار لەسەر فەرهەنگ و قامووس بکەین. ئەگەر سەیری فەرهەنگی زمانەکانی دیکە بکەین، ئەو خەسار و کەمایەسییانە کەمتر دەبینن، چون ناوەند و دامودەزگای ئەوتۆ قۆڵیان لەم کارانە هەڵماڵیوە و کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە لەژێر چاودێریی کەسانی بەئەزموونتردا توانیویانە کارەکە بە شێوازی مۆدێرن, سەردەمیانە و زانستییانە بگەیەننە حاسڵاتێ.
ئێستا لە کارنامەی زمانی کوردیدا کۆمەڵێک فەرهەنگ نووسراون و کۆکراونەوە. لە ڕووی مێژوویییەوە فەرهەنگی "نووبەهارا بچووکان"، فەرهەنگێکی (کوردی(زاراوەی کورمانجیی سەروو)- عەرەبی)یە و بە کۆنترین فەرهەنگی کوردی ناسراوە و لە ساڵی 1683ی زایینی لە لایەن "ئەحمەدی خانی"یەوە بە شێوەی شیعر و هۆنراوە نووسراوە. لە پاش ئەم فەرهەنگە کۆمەڵێک فەرهەنگ، وشەدان و قامووسی دیکە نووسراون، بەڵام زۆربەیان پێوەر و پێوانەکانی فەرهەنگنووسیی مۆدێرنیان ڕەچاو نەکردووە. ئەو فەرهەنگانەی کە ئێستا هەن و لەبەردەستانن، زۆربەیان وەرگێڕان و فەرهەنگی دوو زمانە و چەند زمانەن. ئەو فەرهەنگانەی کە دوو زمانە و چەند زمانەن، زۆربەی هەرە زۆریان لاساییکردنەوە و سەرلەنوێ نووسینەوەی فەرهەنگەکانی پێش خۆیانن و کارێکی ئەوتۆ و جیاوازیان نەکردووە، هەربۆیە ئەگەر بە پێوەری فەرهەنگنووسیی مۆدێرن و نوێباو هەڵیانسەنگێنین، دەکرێ بڵێین زۆربەیان لە یەک ئاستدان و یەک ڕێچکەیان گرتووەتەبەر.
ئەگەر چاوێک بەو فەرهەنگ، قامووس و وشەدانانەدا بخشێنین و بیانپشکنین، لەنێو فەرهەنگە (کوردی-کوردی)یەکاندا دەکرێ قامووسی (ئەلفوبێی) "عەبدوڕەحمانی زەبیحی" تاق بکەینەوە و، وەکو کارێکی سەرکەوتوو و بژاردە لە قەڵەمی بدەین. هەرچەند ئەم قامووسە هەر وەکو لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، تەنیا لەخۆگری دوو پیتی سەرەتا (واتا "ئەلف" و "ب")یە، بەڵام کارێکی زەنگین و شیاوە. زەبیحی لەبەر ئەوەی بۆخۆی شارەزای زمان و فەرهەنگی کوردی بووە و، بەردەوام خەریکی کاری ڕووناکبیری، ئەدەبییات و سیاسەت بووە، ئەم کارەی بە هێند گرتووە و هەموو شێواز و پێوەرەکانی فەرهەنگنووسیی مۆدێرنی ڕەچاو کردووە و زۆر بە جوانی توانیویەتی ئەم کارە ڕاپەڕێنێ.
شەش فەرهەنگ لەنێو زمانی کوردیدا کە توانیویانە پێوانەی فەرهەنگنووسیی مۆدێرن ڕەچاو بکەن، بریتین لە:
1. قامووسی زەبیحی(کوردی- کوردی؛ ناتەواو)
2. فەرهەنگی کوردی(کورمانجیی سەروو) – ڕووسی دانەر: پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ
3. فەرهەنگی کوردی(کورمانجیی ناوەڕاست(سۆرانی)) – ڕووسی دانەر: پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ
4. فەرهەنگی کوردی - کورمانجیی سەروو – ڕووسی دانەر: پڕۆفیسۆر باکایاف
5. فەرهەنگی کوردی (کورمانجیی سەروو) – ئینگلیزی دانەر: پرۆفیسۆر مایکڵ شایت(چاید)
6. فەرهەنگی میدیا (کوردی- کوردی؛ ناتەواو؛) دانەر: پرۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف
فەرهەنگی زارەکیی موکریان
فەرهەنگی زارەکیی موکریان هەر وەکو لە ناوی فەرهەنگەکەوە دیارە، توانیویەتی هەموو یان زۆربەی ئەو وشە، دەستەواژە، ڕێکەوەند، مەتەڵ، مەسەڵ، کایە، فڕ، جنێو، کینایە ، ... هتد کە لەسەر زاران ماونەوە و مۆرک و ڕەسەنایەتیی زمانی کوردییان پێوە دیارە و بەشێکی دانەبڕاوی فەرهەنگ، دابونەریت، ژیان، ژیانگەLifeworld)) نەتەوەی کوردن، بە شێوازی فەرهەنگنووسی مۆدێرن و زانستییانە تۆمار و، لە فەوتان ڕزگاریان بکات. کوردستان لەبەر بەرینی و بەربڵاویی ڕووبەری جوغڕافییایی، نەبوونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆ و پەرتەوازەبوونی دانیشتووانی ئەم وڵاتە بەسەر چەندین وڵات و هەرێمی جیاوازدا، و ... ئەم نەتەوەیەی لە ڕووی فەرهەنگی و شێوەی ژیانەوە لێک دابڕاندووە و هەر بەش و ناوچەیەکیش کەوتووەتە ژێر باندۆڕ و کاریگەریی نەتەوەی حاکم و باڵادەستەوە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەم جوغڕافیا پانوبەرین و دەوڵەمەندەی کوردستاندا توانیویەتی سەر بە دەڤەری موکریاندا بکا و لەم جەغزەدا خۆی پێناسە بکات. دانەر و کۆکەرەوەی ئەم فەرهەنگە بەڕێز "سەلاح پایانیانی" بە شێوەیەکی مەیدانی و ڕاستەوخۆ زۆربەی هەرە زۆری ئاوەدانی، شار، هەوار و کەلێن و قوژبنەکانی ئەم دەڤەرەی بەسەر کردووەتەوە و لە نزیکەوە شێرەژن و پیرەپیاوانی دواندووە.
ئەم کارە ئەستەم و گرانە لە سەردەمی هەڵاتهەڵاتی مرۆڤ بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان و کەڵکەڵە زەینییەکانی مرۆڤی سەردەم، ئەگەر نەڵێم بە کاک سەلاح، ڕەنگە بە کەس نەکرابا و نەکرێ. کارێک کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تەنانەت دەروجیرانەکانیشماندا فەرهەنگستان و ناوەندە ڕەسمی و زانستییەکان خەڵکیان ڕاسپاردووە و لەڕێگەی کەسانی شارەزا و زمانزان و پسپۆڕی بواری فەرهەنگنووسی و بە تێچوویەکی زۆرەوە ئەم کارەیان ڕاپەڕاندووە. تەنانەت هەموو کەرەستە و ئامرازەکانی پێویستی فەرهەنگنووسییان لەبەردەست بووە و دەکرێ بڵێین چوونە سەر کەوڵی حازری. بەڵام بەداخەوە لەنێو کورداندا ئەم کارە ئاوڕێکی ئەوتۆی لێ نەدراوەتەوە. لەم کارەدا کاک سەلاح یەکتەنە شانی داوەتە بەر کارێکی ئاوا قورس و گران و بە حەق توانیویەتی تاکو ئێستا کارەکە بە باشی ڕاپەڕێنێ. بۆ ڕاستی و دروستیی کارەکە دانەری فەرهەنگ، شاهیدی لە فەرهەنگەکانی پێشوو، نووسەر و وەرگێڕە شارەزا و بەئەزموونەکانی زمانی کوردی، حەقایەتخوان، حەیرانبێژ، پیرێژن، پیرەپیاو، کەسانی قسەخۆش و نوکتەزان، و ... هێناوەتەوە و پشتی بەوان بەستووە.
لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو فەرهەنگانەی تاکو ئێستا نووسراون، بۆ هەر کام لە وشە و سەروشەکان دەیان مانا و عیبارەتی فێعلی نووسراون. بازنەی ماناکردنەوەی وشەکان زۆر بەرین و بەربڵاوە و، خوێنەر و توێژەری ئەم بوارە دەستی ئاوەڵایە بۆ زۆربەی پێکهاتەکانی زمان و وشە ئەم فەرهەنگە بپشکنێ.
کاک سەلاح لەژێر کاریگەریی کتێبی "کوچە"ی "ئەحمەدی شاملوو"دا ئەم فەرهەنگەی ڕۆناوە. بەردەوامیش پرسی بە کەسانی ئەکادێمیسیەن و شارەزای زمانی کوردییەوە کردووە و ڕا و سەرنجی ئەوانی وەرگرتووە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان تاکو ئێستا 10 بەرگی "ئەلفوبێی" پیتەکانی لێ بڵاو بووەتەوە. سەرەڕای ئەمە (فەرهەنگی زارەکیی موکریان "بەشی ژنان")، (فەرهەنگی خشڵوخاڵی ژنانی موکریان)، (فەرهەنگی خوردوخۆراک)، (فەرهەنگی زارەکیی منداڵان؛ 2 بەرگ)ی لێ بڵاو بووەتەوە. ئەگەر لە بەرگی یەکەمەوە چاو بە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا بخشێنین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بەرگ لە دوای بەرگ کارەکە نوێ کراوەتەوە و هەموو جارێ ڕێکوپێکتر لە بەرێ بووە. لە بەرگی حەوت بەملاوە کاری پێداچوونەوەی زانستی و کاری زمانەوانیی کارەکە بەڕێز "عەزیز ئاڵی" کردوویەتی و زۆر هەڵە و کەموکووڕیی لێ بژار کردووە. ڕەهەندی کاریی ئەم فەرهەنگە، هەر وشە و لێکدانەوە و ماناکردنەوە نییە، بەڵکو توێژەر و لێکۆڵەری زۆر بواری وەکو کۆمەڵناسی، زمانناسی، زمانناسیی کۆمەڵایەتیی، کۆمەڵناسیی زمان، پەروەردە و لێکۆڵینەوە کلتوورییەکان دەتوانن لێی سوودمەند بن و کەڵکی پێویستی لێ وەربگرن.