تاریخ: ۱۳۹۹/۱۰/۲۷
شه‌ڕه‌سه‌گ؛ ئازار دانی ئاژه‌ل بۆ چێژ وه‌رگرتنێگی نامرۆڤانه

 

دیاردەی تێکبەردانی بە ئانقەستی سەگ بە ئامانجی چێژوەرگرتن کە لەنێو خەڵکدا بە شەڕەسەگ نێوی دەبەن، سەرگەرمیەکی زۆر گرژانەیە بۆ ئەو تاقمە کەسانەی کە سەگی تایبەت و یان گەورەیان هەیە. ئەو کەسانە  کێبەرکێیەک ساز دەکەن و لە شەڕگەیەک، سەگەکانیان تێک بەردەدەن.

 شەڕەسەگ مێژوو و پێشینەی بە چەندین سەدەیی هەیە و هیچ ڕوون نیه ئەو ئاکاره لە چ سەردەمێکڕا لەنێو ئینساندا وەبرەو کەوتووە. مەزەندە دەکرێ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە لە زەمانی دەستەمۆکردنی ئاژەڵی سەگ لەلایان ئینسانەوە دەستی پێ کردبێت.

شەڕەسەگ وێڕای ئەوەی کە ئێستا لە ولاتدا قەدەغەیە، چەشنێک لە ئاژەڵ ئازاردانە و بۆتە گرفتێکی ئەخلاقی بۆ کۆمەڵگای ئێرانی.

کێبەرکێ سەگەکان زۆرتر لە دەورووبەری دێهاتەکان و پەڕاوێزی شارەکان بەڕێوە دەچێت.

یاسای ئەم کێبەرکێیە بەم جۆرەیە کە تا یەکێک لە سەگەکان هەڵ‌نەیەت و زایە نەبێت و یا خاوەنی سەگەکە دان بە سەرنەکەوتنی ئاژەڵەکەیدا نەهێنێت ئەو شەڕە درێژەی دەبێت.

بەڕێوەبردنی ئەو کێبەرکێیانە قازانجی ماڵیشی هەیە. بۆ چاولێکردنی ئەم کێبەرکێیە، لەو بینەرانەی کە تەنانەت گرێویش ناکەن و تەنیا بۆ چێژوەرگرتن کۆبوونەوە، بڕێ پاره لە 5 تا 20 هەزار تمەن وەردەگیرێ.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە بە دەستی هاژه گەیشتووە، تاقمێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی پەڕاوێزی شار وەکوو سەیداوە، بەدوای بێ‌ئەنجام بوونی گرفتی سەگە بێخاوەنەکان، ئەو سەگانە دەخەنە نێو مەیدان و شەڕەسەگیان پێ دەکەن.

بەشەڕدانی ئاژەڵ لە یاسای ئێستای ئێراندا تاوان نییە بەڵام بریارە لە گەڵاڵەی نۆیدا، وەک تاوان بناسرێت.

داڕشتنی پێش‌نووسی یاسای بەرگری لە ئاژەڵ ئازاری لە ساڵی 1394 دەست پێکرا. سەرەتا لە چواچێوەی گەڵاڵەیەک لەلایان رێکخڕاوی پاراستنی ژینگه بۆ لێژنەی دەوڵەت ناردرا. لەو ناوەدا شلەپێدان و کەمترخەمیی دەوڵەت بۆ ناردنی ئەو گەڵاڵەیە بۆ پارلەمان، بوو بە هۆی ئەوەی کە فڕاکسیۆنی پاراستنی ژینگەی پارلەمان خۆی بێتە مەیدان و ئەو گەڵاڵەیە لە پارلمان پێشکێش کات. گەڵاڵەکە، که خەرمانانی ساڵی پێش وەرگیراوە تا ئێستا لە کۆمیسیۆنی یاسا بێ ئامانج ڕاگیراوە.

لە ڕوانگەی مافی ئاژەڵانڕا کە چاو لێبکەین، تەواوی ئاژەڵەکان سیستمی دەمارییان هەیە. کاتێک کە بریندار دەبن، ئەوکیان دەبڕدرێ و بەرەوڕووی تووند و تیژی دەبنەوە،  ژان و ڕەنج بە تەواوی هەست دەکەن.

دەکووترێ که توندوتیژی و بێڕەحمی دژی ئاژەڵەکان توندوتیژی و بێڕەحمی لە کۆمەڵگا پەرەپێدەدات. کاتێک ڕابڕدووی ئەو کەسانەی کە بە کوشتن و بڕین تۆمەتبار کراوان دەپشکنین، دەبینین که زۆربەیان پێشینەی ئاژەڵئازاریان هەیە.

به پێداچوونەوە بەسەر پەروەندەی کەسێک بە نێوی مووحەمەد بیجەدا که کووشتن و بڕین لە لای وی ئیشێکی زۆر ئاسان و ئاسایی بوو، دەبینین که محەمەد لەسەردەمی منداڵیدا بۆ هەڵاتن لە گرفتە ڕەوانییەکانی، ئاژەڵەکان ئازار دەدا و سەرنجام بە کووشتنی بێ‌پسانەوە دەبێت بە یەکێک لە ناسراوترین بکوژە زەنجیرییەکانی جیهان.

ئەمڕۆکە، نەبوونی رێوشوێنی گوونجاوی یاسایی و دیاریکراو و هەروەها کەم‌تەرخەمی تاقمێک لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بۆتە هۆکاری پەرەگرتنی ئازاری ئاژەڵەکان. کەسانێک کە وەدوای مافی ئاژەڵەکان دەکەون هیوادارن یاسایەکی داڕێژراو و گونجار پێناسە بکرێ و زۆرتر لەوەی شایەد و بینەری دیاردەی دزێوی ئازاری ئاژەڵەکان نەبین.