تاریخ: ۱۳۹۹/۱۰/۲۴
لە ساڵی 2021دا چەند مۆبایلێکی زیرەک دێنە نێو بازاڕەوە

ساڵی 2020 كۆتایی هات و هۆگرانی تێکنۆلۆژی سەردەم و ئامێر و مۆبایلە زیرەكەكان لە چاوەڕوانی ئەوە دان لە مساڵدا چ مۆبایلێکی نوێ دێتە نێو بازاڕەوە.

ماڵپەڕی نیو ئەتڵەس، تایبەتە بە هەواڵی تێکنۆلۆژی سەردەم و ئامێرە زیرەكەكان، لەڕاپۆرتێكیدا باسی لەو مۆبایلانەی كردووە كە لە مساڵدا بڵاو دەكرێنەوە و بەهۆی تایبەتمەندێتییەكانیان پێشبینی دەكرێت كڕیارێكی زۆریان هەبێت.

 

گالێكسی ئێس 21

شارەزایانی مۆبایلی سامسۆنگ پێشبینی دەكەن شەریکە بەناوبانگەكەی كۆریای باشوور، لە نێوڕاستی ئەم مانگەدا مۆبایلی گالێكسی ئێس 21 بڵاو بكاتەوە، بەوەش ئەمە دەبێتە یەكەم مۆبایلی زیرەک کە لە ساڵی 2021دا هۆگرانی ئەم کاڵایە بە خۆی سەرقاڵ دەکات.

ئەم مۆبایلە سێ بەرهەمهێنانی جیاواز دەبێت، یەکەمیان ئێس 21 كە پێوانەی شاشەكەی 6.2 ئینجە، هەروەها ئێس 21ی پلاس بە شاشەیەكی 6.7 ئینج کە ئاخرین دانەشیان ئێس 21 ئەڵترا كە پێوانەی شاشەكەی 6.8 ئینج دەخەمڵێندرێ.

مۆبایلەكان كامێرایەكی زۆر بەهێزیان هەیە كە توانای زوومەكەی 10 ئێس دەبێت، کە قەڵەمێكی زیرەكیشی بۆ داندراوە.

گالێكسی ئێس 21 نوێترین سیستمی چارەسەری تێدایە كە بە سناپدراگۆن 888 ناسراوە کە قەبارەی شاشەكەی نزیكەی 120 هێرتز دەبێت.

پێشبینی دەكرێت هەر لە مساڵدا شەریکەی سامسۆنگ مۆبایلێكی دیكە بخاتە بازاڕەوە كە توانای چەمانەوەی دەبێت.

 

ئایفۆن 13

 شەریکەی ئەپڵ ساڵانە بەرهەمی نوێی ئایفۆنی دەبێت و بۆ ساڵی 2021 پێشبینی دەكرێت ئایفۆن 13 بڵاو بكاتەوە، بە پێی پێشبینییەكان، لەم مۆبایلەدا چارەسەری سەرجەم ئەو كێشانە کراوە كە ئایفۆن 12 هەیبووە.

ماڵپەڕی فۆربسی ئەمریكی لە زاری جۆن برۆسر كە شارەزایەكی تایبەتی ئایفۆنە و بەردەوام دزە بە زانیارییەكانی شەریکەکە دەكات باسی لەوە كردووە، شاشەی ئایفۆنەكە نوێكە (LTBO) دەبێت، كە وێنەیەكی زۆر جوان و ڕوونی دەبێت بێ ئەوەی كاریگەری لەسەر توانای باترییەكەی هەبێت.

برۆسەر دەڵێت: ئایفۆن 13 دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێزی ئەو مۆبایلانەی بە سیستمی ئەندرۆید کار دەکەن بەتایبەت لەڕووی بەهێزی باتری و بەرگەگرتنی بۆ ماوەیەكی زۆر ئەم موبایلە تا ڕادەیەکی زۆر بە نیسبەت ئەوانی‌تر لە سەرتر دەبێت.

ئەم مۆبایلە نوێیە سیستمی وای فای 6 تێدایە كە خێراییەكی زۆری هەیە و دەگاتە 9.6 گێگابایت لە چركەیەكدا، لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەكی دیكە. هەروەها پێشبینی دەكرێت مۆبایلەكە توانای چەمانەوەی هەبێت، لە ئێستاشدا ئەپڵ سەرقاڵی تاقیكردنەوەكانی ئەو چەمانەوە و نەرمی ئامێرەكەیە، چونكە ئەوە گرنگییەكی زۆری لەم سەردەمەدا لەو ئامێرانەدا دەبێت.

 

پیكسڵ 6 و پیكسڵ 5 ئای لە گوگڵەوە

 شەریکەی گوگڵ لە دوو كاتی جیاوازی ئەمساڵدا دوو مۆبایل دەخاتە بازاڕەوە، كە لە پێشدا پیكسڵ 5 ئای و دواتر پیكسڵ 6 دەبێت، بەهێزترین تایبەتمەندیشیان لە كامێرەكەیاندا دەبێت، بەتایبەت كامێرای پێشەوە كە بۆ سێلفی بەكار دەهێندرێت کە مێگاپیكسێڵێكی زۆری دەبێت و لە هەمان کاتدا پرۆگرامی تایبەت بە چارەسەر و چاكردنی وێنەی بۆ دادەندرێت.