تاریخ: ۱۳۹۹/۹/۲۲
سپاردە و ئەمانەتی چەندین ھەزار ساڵەی باب و باپیران، خەریکە بە دەست نەوەکانیان دەفه‌وتێ و وێران دەکرێ
ئارام ھیدایەت‌نیا (شاروێران)
 فەقرەقا لە ١٥ کیلۆمیتری باکووری ڕۆژھەڵاتی مەهاباد و له سەر ڕێگای مەهاباد-میاندواو و له باشووری شارەدێی ئیندرقاش له ناوەڕاستی کێوێک هەڵکەوتووه. ئەم شوێنەوارە له بەرهەیوانێک لە پێشەوە و وەتاغێک لە پشتەوە کە ھەڵبەت قەبری تێدان، پێک‌هاتووە. فەقرەقا تەنیا و تاکە نموونەیەک لە قەبرەشاخە کە تاکوو ئێستە له ئێران دۆزراوەتەوە. ئه‌م شوێنه‌واره کە ڕێکه‌وتی ۲۹ سەرماوەزی ساڵی ۱۳۱۶ هه‌تاوی به ژمارەی ۲٨٨ له ڕیزی ئاسەواری نه‌ته‌وەیی ئێران تۆمار کراوە، دیوی دەرەوە و ژوورەوەی کۆڵەکەی هەیە و هیچی به بەرەوە هەڵنەچندراوه. ئەم بینایە ئی سەردەمی ماد و گڵکۆی «فەروەرتیش» پاشای گەلی ماد بووە.
ھەر وەک زۆربەمان شارەزاین نووسین و خراکردنی شوێنەوارە مێژوویی‌یه‌کان لە ڕووی یاساوە تاوانە و دەگەڵ کەسی تاوانبار دەبێ بەپێی یاسا مامه‌ڵه و هه‌ڵس‌وکه‌وت بکردرێت. بەڵام زۆر بەداخەوە میراتی فەقرەقا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە بەم شێوەیە دەنووسرێ و بەداخەوە لێ‌پرسینەوە و پێداچوونەوە و به‌دوایی‌دا چوونی بۆ ناکردرێ هیچ، به‌ڵکوو هیچ هه‌وڵێکیش له‌م بارەوە بۆ پاراستنی نادرێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە ھەموو جارێ بەھۆی نەبوونی پاسەوان و پارێزەری تایبەت و ھێزی چاوەدێری بەرپرس، ئەم میراتە چەندین ھەزار ساڵەیە یا دەکۆڵدرێ یا بەم شێوەیە دەنووسرێ و ڕوخساری ناحه‌ز و ناڕێک دەکردرێت. شایانی باسە کە لە نیوەی گەلاوێژی ئەوساڵ‌دا بەشێک لە کێوی «بەردە لەک لەک» ھەڵکەوتوو لە ٢٠٠ میتری گڵکۆی فەقرەقا بەدەست تاقمێکی نەزان و خۆھەڵپرست بە ھۆی ئامانجێکی نادیار و لێڵ، کێڵدرا و ھەمووی تێک شکێندرا.
ھەڵبەت ئەمە بۆ یەکەمجار نییە کە بینەری ئەم دیاردە ناحەز و ناشیرینە لەسەر گڵکۆی فەقرەقا و بەتایبەت ئاسەوار و شوێنەوارە مێژوویی‌یه‌کانی ناوچەی شاروێران دەبین. لە بەفرانباری ساڵی پێشوودا بەشی ڕۆژھەڵاتی ئەم گڵکۆیە بە‌بێ ھۆ نووسرا و ئەم ڕۆژانەش لە نێوەڕاست و دژی ئەم شوێنەوارە بە شێوازێکی بەرچاو، بەشێکی دیکەی ئەم گڵکۆیە ڕەش کراوە. گەر ئاوڕێک لە مێژوو و ڕابردوومان بدەینەوە بە ڕاشکاوانە بۆمان دەردەکەوێ کە لە ساڵانی پێشوودا خراکردن و تاڵان‌كردنی ئاسەوارەکان دیاردەیەکی نوێ نەبووە و تەنانەت لە دەیەکانی پێشوودا ئەم بابەتە بە ڕواڵەت بە زۆرتریش بیندراوە کە ھەرە لە ناحەزترینیان دەتوانین بە کۆڵینی تەپکەکانی «سێ‌گردان» ی لەج لە ٢٠ کیلومیتری باکووری شاری مەھاباد لە ساڵی ١٣٨٦ ھەتاوی‌دا بە بیانووی لێدان و دامەزراندنی ڕێگەبەردی شەمەندەفەری مەراغە-ورمێ ئاماژە بکەین.
فه‌وتان و مەفع‌کردنەوەی گۆڕستانی «قەبرە فەلایان» خوڕخوڕە، پان‌کردنەوەی «گردی قاڕەش/قالەڕەش» لە ساڵی ١٣٨٣ ھەتاوی‌دا و وێران‌کردنی «گردە بەردینە» لە نێوان دوو گوندی لەج و کێچاوا لە ساڵی ١٣٨٦ ھەتاوی‌دا، تەقاندنەوە و لێک‌بڵاوکردنەوەی کۆنەبەردی «پیرتەندوور» گاپیس بە دینامیت لە ساڵی ١٣٨١ ھەتاوی‌ و ھەروەھا كۆڵینی «تاقەدار» ئەم گوندە لە ساڵی ١٣٨٣ ھەتاوی‌دا، دەرھێنانەوەی مەیتی «چاکە سەید» لە دارەلەک، «چاکی پیرمحەممەد» لە لەج، «چاکی باپەیدەر» لە خوڕخوڕە، «چاکی تاقەدار» لە گاپیس و دیکەی چاکەکان لە ساڵانی ٨٠ ھەتاوی‌دا، کۆڵان و پشکنینی سەرتەپکەکانی «گڵکۆی فەقرەقا» ئیندرقاش، ئەشکەوتی «کونە گورگە» و «کێوی تەق تەقان» دریاز ، زەوێکانی وەرزێری کۆنە قجیاوا و کۆنە شاروێران، «گردی نێوئاوان» لە خوڕخوڕە لە ئاخرێکانی ساڵانی ٨٠ ھەتاوی‌دا، دزینی شێرفەلەکەی ژێرئاوی حەمامی مێژوویی لەج، وەدەرنانی چەندین ئاسەواری مێژوویی لە «گڵکۆی بەردەڕەقی» نەناسراوی نزیک ئاوەدانی گۆگتەپە کە لەو بەینەدا ھەڵکۆڵەری ئەم ڕووداوە لە نێو گڵکۆی ٢٠ میتری ‌خەفە بوو و گیانی لە دەست دا، ئەمانە ھەموو بەڵگەبابەتێکن کە وێرانی و تاڵانی ئەم چەن ساڵانە بە ڕوونی نیشان دەدەن.
بەشێکی ئەم جووڵانەوە ناڕەوایە، پەروەردە و جوان ڕانەھێنانی مناڵان لە لایەن بنەماڵە و بەشێکی‌ تری، جێ‌نەکەوتنی داب و کلتوورێکی تایبەتی کۆمەڵگا لە ھەمبەر سرووشت و ئاسەوارەکانمانە. بابەتێک کە لە زۆربەی ئەم نووسراوانەدا بەرچاوە چۆنییه‌تی نووسین و ناوەرۆکی ئەم نووسراوانەیە کە وێنەی لاوانێکی کەم تەمەن و نموونەی ئەویندارانێکی نەزان دێنێتە دی. بۆ پێشگری لەم بزووتنەوانە جێی خۆیەتی کە ھەم یاسا، کەسانێک وەک بەرپرس و پاسەوان ڕاسپاردە بکا و ھەم بنەماڵەکان بیرۆکە و پلانێکی نوێ بۆ مناڵان و بەرەی نوێمان دیاری بکەن تا چی دیکە بینەری فەوتانی ئاسه‌وارە میژوویی‌یه‌کان و میراتەکانمان نەبین. بەپێی خاڵی ٥٥٨ یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران؛ سزای تەمێکاری نووسین و خەراکردنی شوێنەوارە مێژوویی‌یەکان(کە بە نووسینی فەرمی وڵات گەیشتوون)، جگە لە دانەوەی خەسار، یەک تا دە ساڵ زیندان بڕانەوەی بۆ کەسی خاوەن‌سزاش ھەیە.