تاریخ: ۱۳۹۹/۹/۱۶
تەشەنای زامی ناسۆری کچانی شیناوێ
 
 
 

ئەوانەی کچەکانی شیناوێ دەناسن لەبیریانە کە بڕیار بوو نەخۆشخانەیەکیان لە شیناوێ یان ورمێ بۆ ساز بکرێ. به‌ڵێنیه‌ک که هیچ کات نه‌هاتی دی. ئێستاش کە ئێستایە دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له هه‌شت ساڵ‌، ناعیلاجن 18 ساعەت بووکتن و بچنە تاران.

 سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، ته‌نیا ئه‌ویش دوای دوو ساڵ لە کارەساتەکە، حەسەنی ڕووحانی دەستووری دا مانگانە میلیۆنێکیان پێبدرێ.

لەو هەشت ساڵەی کە گوزەراوە 50 جار نه‌شته‌رگه‌ریان له‌سه‌ر کراوه. زۆر کات خەونی وەی دەبینن کە هیچ نەقەوماوە و دەست و دم‌وچاوێکی جوان و نه‌سووتاویان هەیە و ئاسمانی شیناوێ ئێستاش شینە و سوور نییه.

ئێستا، ئەو کچانە 18 ساڵیان ته‌مه‌نه و خەریکن بۆ کۆنکور دەخوێنن. یەکێک لەو کچانە ناوی ئەسرینە. 78 له سه‌تی له‌شی سووتاوە و تەواوی ئەو ماوەیە لە ژێر تیغی نه‌شته‌رگه‌راندا بووە. ئەسرین پێی خۆشە ببێتە دوکتور و بچێتە شارێکی دیکە.

سیما و ئارەزوو و پێیان خۆشە ببن بە ژمێریار. دەڵێن پێمان خۆش نییه ببینە مامۆستای قوتابخانە، ئاخر کێها منداڵ پێی خۆشە مامۆستاکەی دم‌وچاوی سووتاو بێ و هەر ڕۆژ کە بیبینێ لێی بترسێ.

هاوینی ئەو ساڵ موحسینی حاجی میرزایی وەزیری پەروەردە و ڕاهێنانی ئێران کوتبووی لەگەڵ هەماهەنگی رێکخراوی کاروباری دامەزراندن، تاقمێک لە قوتابیانی شیناوێ دادەمەزرێنین.

 ئه‌و لێدوانه‌ تا ئێستا له‌ لایان بەرپرسانه‌وه نه‌گه‌یشتووەته ئه‌نجام. نوێنەری ئێستای پیرانشار و سەردەشت دەڵێ بەرنامەیەکمان سەبارەت بەو کارەی هەیە بەڵام وردەکارییەکانی دەست نیشان نەکراون. ئه‌گه‌رچی «ئەسرین» یەکێک لە کچەکان دەڵێ کە تەنیا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتەکان ئەو هەواڵه‌ی بیستووە و هێچ کەسێک پەیوەندی دەگەڵیان نەگرتووە.

کچەکان باسی وەی دەکەن که بەو باروودۆخەی کە هەیانە دەرس خێندن کارێکی ئاسان نیە. لەو ماوەیەی زۆرتر لە 50 جار لەبەر نه‌شته‌رگه‌ری بێهۆش کراون. دووکتوور پێ‌کتوون ئەو هەمۆ بێهوشیه بیری ئێوەی لاواز کردۆ.

کچەکان داوای ئەوە دەکەن کە بەرپرسان پشکێکی تایبەتی زانکۆیان بۆ دابین بکەن. ئاسەواری دەرمانه بێهۆشکه‌رەکان بووەته هۆی ئەوە که تووشی کەم خوێنی و که‌مبوونی ڤیتامین بن.

چەن ڕۆژ لەوەی پێش، ئەو کچانە بۆ یەکەم جار کەماڵ حوسێن‌پوور دەبینن و باسی دەرد و زامەکانیان دەکەن. حوسێن‌پووریش کوتبووی وەدای کارەکانیان دەکەوێ و بەڵێنی بە کچەکان دابوو هەر کە چۆوە تاران دانیشتنێک لەگەڵ وەزیری پەروەردە ساز دەکات و پشکی تایبەتی کۆنکور بۆ کچەکان داوا دەکات.

هەموو ساڵێ 15ی سەرماوەز کچەکان به‌یه‌کەوە دەچوونه ئەو نەخۆشخانەی تاران کە لەوێ دەرمان دەکران بەڵام ئەو ساڵ هیچ نەخۆشخانەیەک لە تاران وەری نه‌گرتوون. هەر بۆیە کچەکان چوونە نەخۆشخانەی پیرانشار و لەوێ سوپاسی کادری دەرمانی ئەو شوێنەیان کردووە.

بۆ ماوەیه‌کی زۆر کچەکان بۆ نەشتەرگەری و لەیزێر هات‌وچۆی نەخۆشخانەی حەزەرەتی فاتمە (د.خ) دەکرد، بەرپرسانی نەخۆشخانه‌که لە پارەوە بە کچەکانیان گوتووە لەو بارودۆخەدا ناتوانن هەلومەرجی دەرمانەکانیان جێ‌بەجێ بکەن. کچەکانیش لەو ماوەیە‌دا بارودۆخیان خراپ‌تر بووە و یەکێک لە کچەکان بە نێوی سیما نیوەی دەموچاوی تووشی تەشەنا بووە و به دژواری هەناسە دەکێشی.

سیما، گلەیی زۆر پێیە و دەڵێ: «دڵمان دێشێ. هەردەم گێژ و خەواڵوین. پارەکانێش نەچووینە نەخۆشخانە، بارودۆخمان خراپ‌تر بووە. یانی نەیاندەتوانی شوێنێک بۆ ئێمە دابین بکەن لەوێ دەرمان کراباین؟ ئیتر سەبرمان نەماوە. باڵق بووین. لەو کاتەوە پەتای کڕۆنا هاتووە کەس لێمان ناپرسێ. ئێمەیان فەرامۆش کردووە».

ئامینە یەکێک لە کچەکانە، کە سەڕەڕای ئه‌وە ڕووخساری نەماوە، بابیشی لە دەست داوە. بابی وەرزێڕێک بوو کە بە چزووی زەرگەتە گیانی لە دەست داوه. ئامینە 85 له‌سه‌تی لەشی سووتاوە. ئەو دەڵێ کە پێی خۆشە له زانکۆ وەربگیرێ چوون لەوێ لەگەڵ کەسانی سووتاو باشتر هەڵسووکەوت دەکەن.

شیناوێ ئێستا بەشێک لە پیرانشارە و پیرانشاریش کەمترین ڕادەی قوتابخانەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا هەیە. نۆێنەری ئەو شارە دەڵێ ئێستاش زۆربەی قوتابخانەکانی ئەو شارە بە سووتەمەنی گازۆییل و نەوت گه‌رم دادێن. ماوەی زۆرتر لە 30 ساڵیشە کە یەک قوتابخانە لە سەردەشت ساز نەکراوە.

حوسێن‌پوور دەڵێ: قوتابخانەکانی دێهاتی پیرانشار و سەردەشت ستاندارێکی زۆر لاوازیان هەیە و زۆرتر لە 50 له‌سه‌تی دێهاتەکان لەو ڕۆژە کڕۆناییانەدا دەستیان بە ئینتێرنێت ڕاناگا و لە خوێندن بێ‌بەش بوون.

جێی ئاماژەیە کە لە 15 سەرماوەزی ساڵی 1391 لە 37 قوتابی پۆڵی سەرەتایی قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار 29 کەس بە هۆی کەم‌وکورتی کەل‌وپەلی گەرمکەرەوە سووتان. ئەو کارەساتە کاتێک قەوما کە کوورەی نەوتی ئەو کلاسە ئاوری تێبەربوو و خزمەتکاری قوتابخانە لە کاتێکدا کە دەیهەویست کوورەکه‌ی بباتە دەرێ، تەقییەوە و ئاورەکە بۆ گشت کلاسەکە بڵاو بۆوە.

بەداخەوە لەو ناوە دا دوو کەس گیانیان لە دەس دا و سێ کەسی دیکەش لە لایان دەستەوە تووشی کەم‌ئەندامی بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکان ئەو کارەساتە بووەتە هۆکاری ئاسەواری نەخوازراوی ڕووحی و کۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ لێقەوماوان و بنەماڵەکەیان و هەروەها دانیشتوویانی ئەو دێیە.