تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۴
گوتاری ژیوپۆلیتیکی هاوبەش

ئەرسەلان بورناـ شرۆڤەکاری سیاسی

 

دەیەی ١٩٧٠ سەرکۆمار ڕیچارد نیکسۆن ستراتیژییەکی نوێ و کاریگەردانێری لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی چین سەبارەت بە دەستەبەر کردنی دەستکەوتە درێژخایەنەکانی هەر دوو لایەن پەسەند و کردەوەیی کرد کە بۆ دابەزاندنی ئاستی گرژی و ناکۆکییەکان ڕێکارێکی لۆژیکی و بەجێ بوو. هەربۆیە، بەدرێژایی کەمتر لە ساڵێک ئەم دوو وڵاتە لە شوێنی ململانێ و بەرەنگاربوونەوە پەیوەندییەکی چڕ و پڕیان دامەزراند کە هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەوان بە پێی گەڵاڵەی ئاماژە پێ کراو بە ئاستێکی چاوەڕاننەکراوە لە تێکەڵاوی گەیشتن کە وێدەچێ ئەمڕۆکە ئەمەریکا بە شێوازێک دەێهەوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیوەندی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا پەیڕەوی بکات.

ئەمەریکا و چین بە درێژایی نزیک بە دوو دەیە بە توندترین شێوە لە ڤیتنام، کۆریا و تایوان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە بەڵام گەیشتن بەم ئاستە لە نزیکایەتی و دان و ستان جێی تێڕامانە. ئێستاکەش شرۆڤە و نرخاندنی ئەم دۆخە لە گۆڕی قەیرانی سووریا بەتایبەت فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا - باکووری سووریا هەڵگری خاڵی ئەرێنی و لێکدانەوەی زۆرترە. ئەگەرچی لەم نێوانەدا جیاوازی بیر و بۆچوون هۆکاری خۆ بە دوور گرتنی ئەوان لە دامەزراندن و سازدانی تێکەڵاویی بووە بەڵام لە ئێستادا، چەندین خاڵی ستراتیژیک و هاوبەش بەدی دەکرێ. خۆسەرییەکان بۆچوون و نرخاندنی تایبەتی خۆیان لەمەڕ سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی هەیە کە سەرەڕای ئەوانەش، سیاسەتەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لەگەڵ کانتۆنەکان پێداویستی بە شیکارییەکی وردبینانەتر و بەربڵاوترە.

دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی مائۆ؛ ئەم وڵاتە هەتا ڕادەیەک لە یەکێتی سۆڤیەت نزیک بووە بەڵام هیچ کات مۆسکۆ جێی متمانەی کاربەدەستانی " پێکەن " نەبوو. بە جۆرێک کە چین لە دانووستانەکان جیاوازی هزرییان لەگەڵ ئەمەریکا وەلانا و لە سەر پرسە سیاسی و ئابوورییەکان ڕاوەستەیان کرد. لە لایەکی دیکەوە، ئەمەریکییەکان بایەخێکی زۆرتریان بە بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان دەدا کە هیچ مەترسییەکی لە سەر ئاسایشی نێوخۆیی نەبوو.

وادیارە ئەم ئەزموونە سەر لە نوێ لە ئاکامی تەشەنە سەندنی قەیرانی سووریا و بەردەوامی شەڕی نێوخۆیی یا نەبوونی هاوپەیمانێکی باوەڕ پێ کراو لە بەردەم ئەمەریکایە. بژاردەی بەردەست پاش ئەوە دێ کە هێزە کوردییەکان بە شێوەیەکی چالاکانە لە گۆڕەپانی سیاسی سووریا، ناوچە و تەنانەت جیهان خۆیان نیشان داوە و ئەم وڵاتە ناچارە لە نێوان تورکیا و کانتۆنەکان هاوسەنگی درووست بکات و ئەوە مژارێک بوو کە چەند دەیە پێشووتر لە نێوان چین تایوان – یەکێتی سۆڤیەت ئەمەریکا هاتە ئاراوە. ئەگەرچی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لە لایەن زۆربەی وڵاتان بە فەرمی نەناسێندراوە بەڵام لە ڕووی سیاسی، نیزامی و هەروەها، لە ڕووی ئابووری خاوەن پێگەیەکی بەهێز و کاریگەردانێرە.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە تیرۆریزمی گرووپه توندڕەوەکانی ئیسلامی هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی خۆیان دەزانن هەوڵ دەدەن ئەم کێشەیە لە ڕێگەی هاوکاری و یارمەتیدانی هێزە ناوچەیییەکان سنووردار و بێ کاریگەری بکەن. لەم ڕوویەوە، پشت بەستن بە "هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک" وەک پێشکەوتووترین و دیمۆکراتیکترین لایەن بۆ نهێشتنی مەترسی تیرۆر بژاردەیەکی گونجاو و بەجێیە. دەست پی کردنی ئوپراسیۆنی ئازاد کردنەوەی ڕەقە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو لایەن گۆڕانکاری زۆری لە داڕشتنەوەی سیاسەتەکان لە هەمبەر فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا پیک هێناوە.

لەڕاستیدا، ئەمەریکا و فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لە سەر ئەم خاڵە بە ڕێککەوتن گەیشتوون کە جیاوازییە هزرییەکان بە تەواوی وەلابنێن و زۆرتر لە سەر مژارە سیاسی و ئابوورییەکان کە بۆ ئەوان گرینگایەتی هەیە ڕاوەستە بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمەریکا پشت بە گوتاری ژیوپۆلیتیکی هاوبەش دەبەستێ کە لە داهاتوودا پرسەکانی دیکە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لەم ڕوویەوە، کورد و هاوپەیمانانی لە کانتۆنەکان بە سەقامگرتوویی سیاسی و ئابووری زۆرتر دەگەن و ئەمەریکاش هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەدا بپارێزێ و هاوکات، خوسەرییەکان بەشداری تەکووزی جیهانی و بازارە ئازادەکان بکات. کەوایە، مانەوەی ئەوان پێداویستی بە گەمەیەکی نەرم و هەنگاو بە هەنگاو و لە هیندێک دۆخدا پاشەکشێ هەیە.