تاریخ: ۱۳۹۹/۹/۳
شاعیر و نووسەرێکی مەهابادی کۆچی دوایی کرد
شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی مەهابادی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 3ی سەرماوەز دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵیی هاژه، حاجی قادر قادری ناسراو به هیوا، ڕۆژی دووشەممە 3ی سەرماوەز لە تەمەنی 88ی ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی سی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
حاجی قادر قادری، لە دایکبووی ساڵی 1311ی هەتاوی لە ئاوایی شێخاڵی، بەر لە شۆڕشی گەلان نازناوی "ئاڵۆز" بووە. ساڵی 1337 وەک مامۆستای قوتابخانەیە لە بەڕێوەبەرایەتی فێرگە و بارهێنان دامەزراوە و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریس لە بەشی یاسادا بووە.
لە منداڵییەوە خولیای شێعر بووە. بەشێک لە بەرهەمە چاوپکراوەکانی بریتین لە:
هەژارنامە، باخچەی بەهەشت، ئاڵەکۆک، چوارچیرۆک، دایە مەمدە بە گورگی، تەفسیری دوو سووڕەتی قوڕئان بە شێعر، گەنجینەی هیوا و گڕوکاش.
حاجی قادر قادری خاوەن بڵاوگەی هیوا بوو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا مۆڵەتی بۆ دەیان کتێبی بە زمانی کوردی و فارسی وەرگرتووە و لە چاپ داون.
تەرمی ئەم خوادالێخۆشبووە له فازی 2ی مەقبەرەتوشوعەرا (قەتعەی هونەمەندان) بە خاک سپێردراوە.