تاریخ: ۱۳۹۹/۸/۲۸
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆچی دوایی کرد

دوای 30 ڕۆژ لە تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بەو پەتایە گیانی لەدەستدا.

 

نەبەز حەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند "فرسەت سۆفی بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیانی لەدەستدا".

بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردبووەوە، فرسەت سۆفی، لە دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە، تووشی کۆرۆنا بووە.

دوای خستنه‌ڕووی سیڤییەکەی، فرسەت سۆفیی ، لە 21ی خەرمانانی 1398ی هه‌تاوی به‌ ده‌نگی 27 ئەندام له‌ كۆی 28 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هەولێر وه‌ك پارێزگار هه‌ڵبژێردرا.

هه‌ولێر له‌ 1923ـە‌وه‌ بووه‌ته‌ پارێزگا و فرسه‌ت سۆفیش 41ـەمین پارێزگاری بوو.

 پرۆفایلی فرسەت سۆفی:

- لە 21-5-1978 لە چۆمان لەدایکبووە.
- دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەبوو.
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بووە.
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بووە.
- ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووە.
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بووە.
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بووە.
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە.
- 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بوو.

 سەرچاوە: کوردستان24