تاریخ: ۱۳۹۹/۸/۲۷
هۆکاری گیان لەدەستدانی گەنجان بەپەتای کۆڕۆنا چییه‌؟

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وامان دەزانی کۆڕۆنا تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو دەبێت، بەڵام ئێستا وا دیار نییە، ڕۆژانە نەخۆشی گەنج گیرۆدەی پەتاکە دەبن و هەندێکیان گیان لەدەست دەدەن.

گرینگترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچونی تەندروستی گەنجان و گیان لەدەستدانیان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە بریتین لە:

١. هەندێک لەو نەخۆشە گەنجانە خۆیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و زەخت و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەکان بەمەش نەخۆشییەکەیان لەسەر قورستر دەبێ
٢. سترێس و دڵەڕاوکێ و تۆقین لە کۆڕۆنا هۆکارێکی زۆر دیارە لە گەنجان، چونکە سترێس هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاد دەکات کە بەرگری لەش دادەبەزێنێ، ترسی لە ڕادەبەدەر خوێن خەست دەکاتەوە و ڕێژەی دی دایمەر (D DIMER) لە خوێن زیاد دەکات کە مەترسی جەڵتەی سییەکان زیاد دەکات، هەروەها هەموو کەسێک کاتێک زۆر دەترسێ شپرزه دەبێ و هەناسەی زۆر توند دەبێ و جەستەی هاوکاری ناکات بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرە دەرمانییەکان.
٣. زۆرێک لەو گەنجانە دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان فەرامۆش دەکەن و درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە بەمەش هەوکردنەکە زیاتر تەشەنە دەکات و ئیتر سوود لە پلازما و چارەسەرە تایبەتەکانی کۆڕۆنا نابینن.
٤. دەستنیشان کردنی هەڵە (ئەمە گرانەتایە یان پەتای وەرزیە!) و هەروەها وەرگرتنی چارەسەری هەڵە لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە بۆ کۆڕۆنا هۆکارێکی تری خراپ بوونی تەندروستی ئەو کەسانەیە چونکە هەموو نەخۆشێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە کەسێکی تر ناچێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
٥. هۆکاری بۆماوەیی لەوانەیە ڕۆڵی هەبێ لە قورسبوونی حاڵەتەکە لەسەر هەندێ گەنج، تێبینی ئەوە کراوە هەندێ جار هەموو ئەندامانی یەک خێزان بە قورسی نەخۆشییەکە دەگرن و خێزانێکی تر بەسووکی نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن.