تاریخ: ۱۳۹۹/۷/۲۱
موجتەبای میرزادە؛ هەڵکەوتە و لێزانێکی بێ‌ئیدعای مۆسیقای کوردستان و ئێران
کاوە فەقیەزادە

«زانست و مۆسیقای میرزادە یا باشتر بڵێم دنیای مێلۆدی و دابەشکردەنەکانی کە خوڵقاندوویەتی زەوق و ئیحساساتی بەقووەتی ماموستا موجتەبای میرزادەیە. بۆ ئەوانەی کە گوێیان لە هەر هەموو بەرهەمە مووزیکە بێ‌کەلام و بەکەلامەکانی بووە و لەگەڵیان ئاشنان، بۆ ئەوانەی کە دڵیان داوەتە مێلۆدییە شیرین و دڵڕفێنەکانی و لە دابەشکردنیان بەشێوەی ئۆرکێسترایەکی پڕهەست و حاڵ چێژی تایبەت دەبەن؛ کار و بەرهەمە مۆسیقاکانی زۆر بەرچاو و ئاشناترە لە نێو و قیافە و قسەکانی، کە نیزیک بە نیوسەدەیە ئەو مۆسیقایانەی داناوە و تۆماریان کردووە. ئەو بلیمەت و مۆسیقاناسە کەسێک نییە جگە لە ماموستای گەورە موجتەبای میرزادە.

میرزادە لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شاری کرماشان چاو دەکاتەوە و بەداخەوە لە تەمەنی شەست ساڵی لە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٨٤ لە پایتەختی ئێران (شاری تاران) چاوەکانی بۆ هەتا هەتایە دەبەستێ، بەڵام نەغمە و نەوای مووزیک و ئامێرەکانی لە نێو خەڵکی کوردستان هەتا هەتایە هەر دەمێننەوە و بەرگوێ دەکەون. ماموستا میرزادە ئەوەندە لە چێژی مۆسیقای کوردستان و زانستی مووزیکی ئاکادێمی شارەزابووە کە هەر بەرهەمێکی لە هەر تەمەنێک‌دا تۆماری کردەبێ بە ڕاستەقینەوە خووڵقاندوویەتی. بەرهەمەکانی ئەو مووزیسییەنە بەناوبانگەی کورد بە چەند قۆناغەدا تێپەردەبێ:

1. کاتێک لە لاوی‌دا لە ڕادیۆ کرماشان بە هاوکاری هونەرمەندانی ئەوکات گرووپێک سازدەکەن و بەرهەمەکانی مامۆستای گەورە و گۆرانیبێژی کورد حەسەن زیرەک تۆمار دەکەن و لاپەڕەیەک لە هونەر و مۆسیقای وڵاتەکەمان هەڵدەدەنەوە. بە تۆماری ئەو بەرهەمە پڕچێژ و زانستییانە کە بۆ مۆسیقا، گۆرانی و ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەی کوردستانیان کردووە، بە سەدان مێلۆدی، گۆرانی، مەقام و بەستەی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەتایبەتی ناوچەی موکریانیان کۆکردۆتەوە، بڵاویان کردوونەوە و ناساندوویانن بە جیلی خۆیان و دوای خۆشیان بووە بە کارنامەیەکی زێڕین بۆ ئەو گرووپە و ماموستای گەورە موجتەبای میرزادە.

موجتەبا دەڵێ: «لە ئێراندا لە شەجەرییانەوە هەتا گوگووش کە دوو ستایلی زۆر جیاوازن، من کاری مووزیکم لەگەڵ کردوون، بەڵام لەگەڵ ھیچیان وەک حەسەنزیرەک ئاسودە نەبووم.» زۆر ئاواز و مەقام و گۆرانی کوردی لە حەسەنزیرەکەوە فێربووە، حەسەنزیرەکیش بەھۆی میرزادەوە کارەکانی دیارتر بوون. زیرەک بەرلەوەی بێتە ڕادیۆی کرماشان لە تاران کۆمەڵێک کاری کردبوو، بەڵام دابەشکردنەکەی ئەو ئۆرکێسترایەی کاری لەگەڵ کردبوو زۆرتر لە فارسی نزیک بوو؛ لە ڕووی ئۆرکێسترایی‌یەوە باش بوون، بەڵام لە ڕووی تام و چێژی کوردییەوە ناگەنە ئەو کارانەی لە کرماشان بۆی کراون. ئۆرکێسترای ڕادیۆی کرماشان کە پێکھاتبوون لە محەمەدی عەبدولسەمەدی ژەنیاری کلارنێت و قەرەنەی و سەرپەرشتیاری گروپی مۆسیقای ڕادیۆ کرماشان، ئەکبەر ئیزەدی سەنتوورژەن، بەھمەن پوولەکی بە زەڕب و ھونەرمەندێکی تارژەنیشیان لەگەڵ بوو. حەسەن زیرەک لە ماوەی سێ ساڵ بە ھاوکاری ئەو موزیکژەنانە توانی «١٠٠» گۆرانی تۆمار بکات، کە زۆربەی ئاوازەکان بە ھاوکاری و ویۆلۆن‌ژەنی میرزادە دانراون.

2. دانان و بەرهەمەکانیان لە ڕوانگەی ڕەنگ، دەنگ و چێژی تۆنەکانیان وەک پەیژە و سکێڵ ئەوەندە بەرزە کە زۆربەی ژەنیاران و گۆرانیبێژانی سەرسامی خۆی کردووە، هەر بۆیەش لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی فارس و لۆر و توورکیش بەرهەمی هەیە. میرزادە لەگەڵ گۆرانیبێژانی کورد وەک ماموستایان عەلی‌مەردان، تاهیر تۆفیق، محەمەدی ماملێ، ڕەزا سەقایی، مەزهەری خالقی و ناسری ڕەزازی بەرهەمی زۆر بەرچاوی تۆمار کردووە و توانیویەتی تام و چێژی مۆسیقای کوردی تێدا بخوڵقێنێ و بەتایبەت لە بەرهەمە ئۆرکێسترایی‌یەکانی‌دا بە تەواوی شارەزایی لە مۆسیقای کلاسیک و دراسی ڕەدیفی ئیران‌دا هەبووە و زۆر جاریش بە پەنجەکانی مووزیکی عەرەبی و ئازەری و ئەرمەنیشی ژەنیوە. مێلۆدییەکانی میرزادە لە بواری زانستی و دراسییەوە جۆرێک داڕێژراون کە لە بواری فێرکاریی مووزیکی کوردستان، هەموو ئامێرە موزیکییەکان دەتوانن زۆر بەباشی کەلکی لێ‌وەرگرن و لە پەیمانگە و زانکۆکان دراسە بکرێن؛ تا مرۆڤی کورد باشتر موجتەبا میرزادە وەک مۆسیقاناس و بلیمەتێکی کورد بناسێ و جیل بە جیل لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا بدرەوشێتەوە، ئەوەش لەسەر شانی ئێمەی مووزیسییەنی کوردە کە نەهێڵین ئەو سەروەتە بەنرخەمان بفەوتێ.

3. توانایەکانی میرزادە هەر بە مۆسیقا و گۆرانی و سروود تەواو نابێ و گەیشتووەتە لووتکەی حیرفەی فیلم و سینەما، دەگەڵ دەیان دەرهێنەری بەتوانای بواری فیلم و سینەمای سەردەمی خۆی کاری کردووە و مووزیکی بۆ داناون و مۆسیقای فیلمی بۆ ئامادە کردون. میرزادە ئەوەندە زانا و بەتوانا بووە کە لەو بوارەش‌دا سەرکەوتنی زۆر باشی لە کارنامەی هونەری خۆی‌دا تۆمار کردووە و نیزیکەی پەنجا بەرهەمی بۆ فیلم و سینەما تۆمار کردووە. هەر بەو حەول و تێکۆشانەش دەتوانێ بواری مۆسیقایی سینەما بگۆڕێ و ڕێچکەیەکی نوێ بۆ خۆی و بەرهەمەکانی لە نێو جەماوەری هونەری فیلم و سینەمادا بخوڵقێنێ. لە کۆتایی‌دا دەتوانم بلێم ئەو کەڵەهونەرمەند و موزیک‌زانە بە کار و بەرهەمەکانی خەزمەتێکی زۆر بەرچاوی بە بواری مۆسیقای کورد و نەتەوەکانی دراوسێی کوردستان کردووە و جێ‌دەست و هەستی هەتا هەتایە بەسەر مۆسیقای وڵاتەکەمانەوە دیارە و قەت پاک نابێتەوە... ڕۆحی بەرزی هەر شاد بێ و نموونەی هەر زۆر بێ لە کوردستانەکەمان.

 

بۆچوونی چەند کەسایەتێکی بواری مۆسیقای کوردستان سەبارەت بە موجتەبای میرزادە

 

مەزهەری خالقی(گۆرانیبێژ) 

مامۆستا موجتەبا میرزادە كە یەكێكە لە هەرە هونەرمەندە بە ناوبانگ و ناسراوەكانی كوردستان، من بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1962 لە ڕادیۆ كرماشان بینیم، چومە كە كارێكی لەگەڵ بكەم، چونكە بەڕاستی سەرسام بوم بە كارەكانی هەم وەك ئۆركسترایی هەم وەك دەست و پەنجەی شیرینی كوردی، ئەو كاتە بوو یەكەم گۆرانیم لەگەڵ موجتەبا تۆماركرد كە ئەویش گۆرانی ((هەی نابێ‌ نابێ‌)) كە پێشتر مامۆستا سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ئەو گۆرانیەی وتبوو، ئەو دەمە موجتەبا لە پۆلی پێنجی ئامادەییدا بوو، هەم خوێندكار بوو هەم ڤیۆلۆنژەنێكی بە توانای ئۆركسترا بوو، ئەو كاتەی ئەو كارەم لە ڕادیۆی كرماشان كرد دوو شت بۆ من زۆر سەرنجراكێش بوو: یەكەم ئەوەی كە موجتەبا لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا نۆتەی گۆرانییەكەی هەموو نوسییەوە. دووەم  ئەوەبوو سەعاتێكی پێ نەچوو كاری ئۆركستراییەكەی ئامادەكرد. هەڵبەت ئەو كاتە دانەرێكی بەو شێوەیە نەبوو، بەڵام توانی گروپەكەی كۆبكاتەوە و كارێكی هونەری جوان لەماوەیەكی كەمدا ئەنجام بدات. ئەمە یەكێك لەو توانا گەورانەیە كە لەمیرزادەدا هەبوو، هەروەها لە ڕوی تەكنیكەوە زۆر بەهێز بوو هەم لە دابەشكردنی كار و خولقاندنی جوانیدا، جگە لەوەش كەسێك بوو زوو شتی وەردەگرت و زووش دەیكردە بەرهەم، كە ئەمانە پێكەوە ئەو مرۆڤە ڕەسەنەی دروستكرد لە موزیكی كوردیدا، مامۆستایەك هەبوو بە ناوی (موسەنن) كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە وانەی نۆتەی پێداوە، ئەم كوڕە بە شێوەیەك كە خۆی باسی دەكرد بۆم كاتێك كە خوێندكار بووە هەموو ساڵێك لە كرماشاندا خوێندكارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان واتە (سنە، كرماشان، ورمێ‌، مەهاباد، شارەكانی تر) لە كرماشان یان شوێنێكی تر فیستیڤاڵی موزیكیان هەبووە، لەو فیستیڤاڵەدا هەر جارێك كە بەشداری كردبێت هەمیشە یەكەم بووە، بە ڕاستی مرۆڤێكی هەڵكەوتوو بوو بە مناڵی تا ئەو كاتەی لە دنیا دەرچوو، پاش ئەوە ئیتر من میرزادەم نەدییەوە تاكو هاتە تاران و بووە خوێندكار لە زانكۆی موزیكدا. لەهەمانكاتدا لە ڕادیۆی ئێرانیش وەكو ڤیۆلینژەنێك وەرگیرا، دوای چوار ساڵ بەكالۆریۆسی لە موزیك وەرگرت لەو چوار ساڵەشدا بەردەوام بەشداری دەكرد لە كۆنسێرت و بەرنامە تەلەفزیۆنەكاندا، بەڕاستی كەسێكە پڕ بەرهەم بوو موجتەبا میرزادە لەگەڵ حەوت كەسی تر كە یەكێك لەوانە (حسێن یوسف زەمانی) بوو یەكێكی تر لەوانە (حەسەن یوسف زەمانی) بوو ئەوانی تریش فارس بوون، میرزادە لەوێش ڕابەری ئۆركستراكە بوو كەمتر لە یەك سەعات پرۆڤەیان لە گۆرانییەكان دەكرد و لەوێ‌ ڕاستەوخۆ پێشكەشیان دەكرد و لەهەمانكاتیشدا هەر لەوێ‌ تۆمار دەكرا. میرزادە لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ ئێمە كاری دەكرد، دوایە بوو بە ئەندامی شورای موزیكی ڕادیۆی ئێران، چونكە میرزادە جگە لەوەی كە باشترین ڤیۆلینی ئەژەنی، هەم جۆزە (كەمانچە)شی ئەژەند، لەگەڵ سێتار و پیانۆ و دەف و دایرە، یەكێك بوو لەو ئەندامانەی كە هەمیشە پرسیان پێدەكرد بۆ جۆری میلۆدییەكان و جۆری موزیكەكان، ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك كاری هەرە بەرزی بۆ لوڕستان كردووە، من بڕیارمدا كۆمەڵێك كاری تازە لەوێ‌ بە یەکەوە بکەین، پەیوەندیم بە میرزادەوە كرد ئەویش نزیكەی چل كەسی لە موزیكژەنەكانی ئێران كۆكردەوە و نزیكی پانزە گۆرانی بۆ من تۆمار كرد، میرزادە لەو كارانەدا نەك تەنها موزیكەكەی ئامادە كرد بەڵكو كاری میكس داونی موزیكەكەشی كرد كە ئەمە كاری هەموو كەسێك نەبوو دەبوو تەنها موزیسیان ئەو كارە بكات، ئەمەش یەكێكی تر بوو لە تایبەتمەندییەكانی میرزادە كە زۆر بە شارەزایی و سەلیقەیەكی جوانەوە ئەو كارەی دەكرد، جگە لەوە ئەم پیاوە مرۆڤێكی ئازادیخواز و بەهەست بوو لە هیچ كاتێكدا لە موزیكی كوردی دوور نەكەتەوە، میرزادە لەو كارانەدا كە بۆ منی كرد هەموو ئەو ئامێرانەی ژەنی كە دەیزانی وەك گۆرانییەكانی (نازدار و نازدار، بازی بێریان، هەڵاڵە، كەمەرەشل و چەند كارێكی تر) من بۆخۆم گۆرانی (نازدار)م زۆر لا جوانە و زۆر پێی موعجیبم لەڕوی دابەشكردنەوە. لە ڕوی پەیوەندی میرزادە لەگەڵ موزیسیانەكانی تری ئەو كاتە خالقی وتی: میرزادە زۆر زۆر قسە خۆش وە زۆر شاد كە هەموان خۆشیان دەویست، عادەتەن ئەوانەی كە لێپرسراوی ئۆركسترایەكن تا گۆرانییەك تۆمار دەكەن هەزار شەڕو شۆڕ دەكەن، بەڵام میرزادە لەهەر كارێكی ئۆركسترادا هەبوایە هەموان بە ڕویەكی شاد ئۆركسترایان جێدەهێشت.

عەبدوڵا جەمال سەگرمە،(ڕێبەری ئۆرکێسترا)

ئەگەر میرزادە نەبوایە حەسەن زیرەك نەیدەتوانی گەلێك لەو كارانەی بكات بەشێك لە چێژی گۆرانی موزیكەكەیەتی، بەو پێیەی میرزادە چێژێكی تایبەتی بەخشیوەتە ئەو گۆرانیانەی كە كاری موزیكی بۆ كردون، عەبدوڵا جەمال وتی: گۆرانی و موزیك تەواوكەری یەكترن، سەبارەت بە میرزادەش یان هەر موزیكژەنێكی تر بێگومان ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە داڕشتنەوە و تۆمار كردنی هەر گۆرانیەكدا، دیارە میرزادە بەو توانا و لێهاتویەی كە هەیبوە بێوێنە بوە و هاوكارێكی باشی گۆرانیبێژەكان بووە وەك حەسەن زیرەك و چەند هونەرمەندێكی تر، دەست و پەنجەو سەلیقە‌و شارەزایی ئەو دیارە كە مۆركێكی كوردی زۆر جوان و ئاست بەرزی پێوەیە، تەكنیكێكی بەرزی هەیە كە لەو بروایەدام ئەگەر میرزادە نەبوایە حەسەن زیرەك نەیدەتوانی گەلێك لەو كارانەی بكات، میرزادە كاری بۆ زۆر هونەرمەند كردووە هەڵبەت من زانیاری كەمم هەیە لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی، بەڵام توانایەكی بەهێزی تێدا دەبینم. میرزادە لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا دەبێتە ڕابەری ئۆركسترای ڕادیۆ كرماشان، ئایا میرزادە كاریگەری هەبووە لەسەر ئەم ڕادیۆیە یان بە پێچەوانەوە؟ عەبدوڵا جەمال وتی: دیارە هەر ڕادیۆیەك كە دادەمەزرێت پێویستی بە موزیكژەنە، میرزادەش بە لێهاتویی خۆی ڕۆڵێكی باشی لەو ڕادیۆیەدا بینیوە بە تایبەت لە تۆمار كردن و دابەشكردنی گۆرانییەكاندا كە شێوازێكی كوردی زۆر جوانی پێوە دیارە كە ئەمەش كاریگەری حۆی هەبووە، دوور نیە میرزادە ڕادیۆكەی بەرەو ئاراستەیەكی كوردی زۆر جوان بردبێت هەروەها دوریش نیە سودێكی باشی لە ڕادیۆكە بینیبێت. بەو پێیەی میرزادە لە وڵاتێكی فارسی وەك ئێراندا كاری كردوە، بەڵام دەست و پەنجەی هەمیشە ڕەسەنایەتی كوردی پێوە دیارە، عەبدوڵا جەمال وتی: بە بڕوای من ئەوە كاریگەری حەسەن زیرەك بوە لەسەری، چونكە ئەمە قسەی میرزادە خۆیەتی كە چەندین شت لە حەسەن زیرەكەوە فێر بووە، ئەو شێوازە كوردییە و ئەو مۆركە كوردەوارییەی كە لەدەست و پەنجە و ژەنینی ئەو هونەرمەندە بەرزەدا هەیە كاریگەری حەسەن زیرەكە بە پلەی یەكەم پاشان لێهاتویی خۆیەتی، ئینجا لە ئێراندا شتێكی زەحمەت هەیە ئەویش ئەوەیە موزیكی كوردیو فارسی تێكەڵاوە و بە هەموی دەڵێن ئێرانی، كە ئەمە بۆ ئێمە ڕۆڵێكی خراپ دەبینێ، بەڵام ئافەرین بۆ ئەو گۆرانیبێژە یان ئەو موزیكژەنەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەژی و شێوازە كوردەوارییەكەی خۆی دەپارێزێت، میرزادە زۆر سەركەوتوو بوو لەم لایەنەوە، بەهەمانشێوە حەسەن زیرەكیش بێوێنە بوو.

نەجات ئەمین،(ڕێبەری ئۆرکێسترا)

دابەشكردنی موزیكەكانی میرزادە بۆ خۆی جوانكارییە لە گۆرانی كوردیدا سەبارەت بە كاركردنی موجتەبا میرزادە لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی وەك مامۆسا مەزهەری خالقی و حەسەن زیرەك و ئەو هونەرمەندانەی دەكەونە مێژووی كاركردنی ئەم موزیسیانەوە نەجات ئەمین وتی: پێم وایە ئەگەر میرزادە نەبوایە مەزهەری خالقی هەر گۆرانی دەوت وە حەسەن زیرەكیش بەهەمان شێوە، بەڵام چۆنیەتی گۆرانییەكان لە چ ئاستێكدا دەبوو هەڵبەتە بە جۆرێكی تر دەبوو، دەنگی حەسەن زیرەك خۆی دەنگێكی ڕەسەنی كوردییە واتە بە میرزادە نەبوەتە كوردی لەگەڵ ئەوەی میرزادە موزیكێكی جوانی بۆ ئامادە كردووە ئەمەش بۆ خۆی جوانكارییە لە گۆرانی كوردیدا. لەسەر كاریگەری موزیكی میرزادە لەپشت گۆرانییەكانی خالقی و زیرەكەوە نەجات ئەمین وتی: مامۆستا خالقی لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەك هەندێك جیاوازییان هەیە، چونكە گۆرانییەكانی خالقی شێوەیەكی ئۆركسترالی و سەمفۆنیان پێوە دیارە و میرزادەش كاریگەری خۆی هەبووە لەسەریان، بەڵام گۆرانییەكانی زیرەك شێوەیەكی تریان هەیە و میرزادە وەك تیپێكی موزیكیی كاری بۆ كردووە، ئەوە میرزادەیە كە دوای حەسەن زیرەك كەوتوە و سەرسام بووە پێی، چونكە زیرەكی نەمر هەرچییەكت دەدایە لە (عەرەبی، توركی، ئازەری) بەشێوەیەك دەیخوێند ئەتتوانی حەشای لێبكەی كە كوردی نەبێت. ئایا تەواو كردنی ئەكادیمیا چەندە پێویستە بۆ كەسێكی هونەری بە پێیەی میرزادە لە دوای كۆمەڵێك كاری ناوازە چوەتە ئەكادیمیا نەجات ئەمین وتی: بەڕای من هونەرمەند پێویستە ئەكادیمیا تەواو بكات، چونكە موزیك تەنها دەربڕینی هەست و ڕۆحیەتی خۆت نیە، ئەگەر ئەكادیمیایەك لەپشت ئەوەوە نەبێت ئاستێكی دیاریكراو و جێگیرت دەبێت، بەڵام میرزادە كە ئەكادیمیای نەخوێندووە وەك بڕوانامە نەیخوێندووە، بەڵام بە هەوڵی خۆی وانەكانی ئەكادیمیای لە شوێنەكانی تر پەیدا كردووە، لە لایەكی تریشەوە زۆر كەس هەیە ئەكادیمیای تەواو كردووە و ماجستێریان هەیە و دكتۆراش دەخوێنن لەگەڵ ئەوەش ڕۆحیەتیان لە ئاستێكی بەرزدا نیە و لە تەكنیكی ئەكادیمی زۆر سود وەرناگرن، لەبەرئەوە نە ڕۆحیەت بە تەنیا و نە ئەكادیمیا بە تەنیا دەتوانێت هیچ شتێك بكات، بەڵكو هەردوكیان تەواوكەر و گرێدراوی یەكن.

دلێر حسێن(موزیکژەن)

تەكنیكەكانی دەست و پەنجەی میرزادە موڵكی خۆیەتی و هەر خۆی خولقاندویەتی سەبارەت بە تەكنیك و قورسایی موجتەبا میرزادە لە موزیكی كوردیدا دلێر حسێن وتی: میرزادە وەك ژەنەرێكی بە توانا ئەو تەكنیكەكانی كە هەیبوو تایبەت بوو بە خۆی من وەك ئەوەی كە زۆر گەڕاوم لە ئێران و زۆر شوێنی تر وە زۆر موزیسیانم بینیوە لەوە دڵنیام كە ئەو تەكنیك و دەست‌و پەنجەیەی میرزادە موڵكی خۆی بوو وە هەر خۆی خولقاندبووی، ئەویش لە ئەنجامی گەڕان و گوێگرتنی زۆر و عەشقی بۆ موزیك، وەك گۆرانی كوردیش ئەو دەمەی كە كاری بۆ حەسەن زیرەك و مەزهەری خالقی و خەلیلی سدیقی و هەتا ماملێش كردووە كە زۆر شت لەوانە هێشتا نەگەیشتوە بە ئێمە، چونكە هەندێكیان بادینی بوون و خەڵكی شكاكی لای ناوچەی ڕەزایە بوون كە كاریان لە كرماشان تۆمار كردووە، میرزادە قورساییەكەی ئەوەیە كە كاری دابەشكردنی موزیكی بۆ هەموو ئەمانە كردووە و سۆڵۆی زۆر جوانی لێداوە كە جێگەیەكی گەورەی پركردۆتەوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، چونكە ئەو دەمە ڤیۆلین تەنها كاری فارسی پێدەكرا، بەڵام میرزادە توانی مۆركێكی كوردی ببەخشێتە ئەم ئامێرە كە زۆربەمان گوێمان پێی ئاشنایە. زیرەكی میرزادە ئەوەبوو ئەو تەكنیكانەی لە قوڕگی گۆرانیبێژەكاندا بیستویەتی وەك گۆرانییەكانی مامۆستا خالقی یان زیرەكی نەمر كە زیاتر كارەكانی ناوچەی موكریانە وە هەندێك لە میلۆدییەكانیش كاری ئەو كوردانەی ناوچەی قوچانی لای مەشهەدە كە ئەو كوردانەن كاتی خۆی ڕاگوێزراون بۆ ئەوێ‌، میرزادە ئەو شێوانەی هەموو زانیوە و ئەو گۆرانییە كوردییانەی لەو ناوچەیە بە ئامێری جوزەلەی كوردی و كەمانچە (جۆزە)ی قوچانی لێدراون ئەو توانی ئەو تەكنیك و مۆركە كوردییانە زیندوو بكاتەوە و بیانخاتە سەر ئامێری ڤیۆلین(ڤیۆلین)، جگە  لەوەش میرزادە ئەو موزیكانەی كە دایناوە لە ڕۆحی گۆرانییەكەوە دەری هێناوە، چونكە كاتێك گوێی لێدەگریت وا هەست دەكەیت ئەو موزیكە لەگەڵ ئەو گۆرانییە لەدایك بووە و وەك كارێكی فۆلكلۆر دێتە گوێمان، بێگومان ئەمەش كاریگەری ئەوەیە كە وای كردووە ئێمەش لە باشوری كوردستان لاسایمان كردوەتەوەو كاتێك كارێكمان كردووەكاریگەری ئەومان بەسەرەوەیە. ئەگەر موزیكی كوردی بە زانستی بنوسرێتەوە وەك پرۆگرامێك بۆ خوێندن كارەكانی میرزادە تا چەند پشتیان پێدەبەرسترێت؟ دلێر حسێن وتی: موزیكەكانی میرزادە هەڵقوڵاوی قوڕگی گۆرانیبێژەكانە، ئەم تەكنیكانەش ئەو كەرەستە خاوەن كە لە موزیكی كوردیدا هەن و سەرچاوەكەشیان شاخ و گوند و دەشتەكانی كوردستانە، چونكە زۆربەی گۆرانیبێژە كوردەكان لە ناوچە جیا جیاكانی كوردستان ڕویان كردۆتە میرزادە، پارچەكانی كوردستانیش زۆر لەیەك دەچێت بۆ نمونە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كرماشان بەولاوە گەرمیانە وە ناوچەی موكریان هەمووی كوێستانە زۆر لە باشوری كوردستان دەچێت، وەك چۆن ئەوان ناوچەی شكاكیان هەیە ئێمەش بادینانمان هەیە، میرزادەش سودی لە هەموو گۆرانیبێژەكانی ئەم ناوچانە وەرگرتووە و كردویەتی بە تەكنیك، ئەگەر بێتو ڕۆژێك لە ڕۆژان وەك موزیكی كوردی تەكنیك بنوسرێتەوە بۆ ئەو ئامێرانەی دەتوانرێت كاری كوردییان پێبكرێت وە ئەو كار و تەكنیكانەی میرزادە بە نۆتە بنوسرێتەوە بە دڵنیایی شوێنێكی گەورەی دەبێت وە دەتوانین بە نمونەیەكی زیندوو باسی بكەین لە موزیكی زانستی كوردیدا.

سه‌رچاوه: گۆڤاری مەهاباد