تاریخ: ۱۳۹۹/۷/۲۰
کتێبی پرشه‌دارێکی زمانه‌وانی ۱«ڕێنوس»چاپ و بڵاو‌کراوه
به پێی هه‌واڵی هاژه، کتێبی پرشه‌دارێکی زمانه‌وانی۱«ڕێنوس» له نوسینی سابیر ژاکاو له لایه‌ن چاپی زانکۆ که‌وته ناو بازاره‌وه.
کتێبی پرشەدارێکی زمانەوانی لە دو بەرگی "ڕێنوس" و "وشەناسی" بەشێوەی زانستی و تیۆری نوێی ڕێنوس و ڕێزمان، ڕێسای تایبەت و شێوەی ڕێنوسی فۆنەتیکی زوانی کوردی خستوتە بەرنوسین، لەم پەرتوکە هەر چوار زاری سەرەکی و شەش زاری ناسەرەکی (هەورامی، کورمانجی، سۆرانی، کەڵهوڕی، لوڕی، لەکی) لە بەشی ئەلفوبێی و هەندێک ڕێسای ڕێزمانی باسکراون و شێوەی فێرکاریان گرتوە.
"پرشەدارێکی زمانەوانی" بەشێوەی دو بەرگی "پرشەدارێکی زمانەوانی 1" و "پرشەدارێکی زمانەوانی 2" لە دو بەشی /ڕێنوس/ و بەشێکی چالاک و بەهێزی زمانەوانی و ڕێزمان، واتە /وشەناسی/ لە چوارچێوەیەکی زانستی لینگۆستیکی پێکهاتوە.
ئەلفوبێی سەرەکی زوانی کوردی کە لە 57 واج پێک دێت و له شەش زاری (هەورامی، کورمانجی، سۆرانی، کەڵهوڕی، لوڕی، لەکی) نیشان دەدات و لە بەشی فێرکاری سەرەکی هەم ڕێنوسی ڕاستچین (ئارامی) و هەم ڕێنوسی چەپچین (لاتین) وەکو بابەتێکی فێرکاری، فێرکاری دەکات و لە بەشی وشەناسی، ڕێساکانی بەسەریەکەوەنوسین، وشەسازی بەشێوەی نوێ و زانستی پێناسە دەکات.
لە بەشی "ڕێنوس" زارەکانی کوردی و هەڵکەوتی جوغرافیایی و شار و دیالێکتەکانیان ناسێندراوە و هەروەتر دەڤەر و ئەم شارانەی کە بەم زار و بنزارانە قسە دەکەن و ئاخێوەریان هەیە، ناسێندراوە، هەروەتر شێوەی چۆینەتی سازبونی فۆن و دەنگەکانی کوردی لە بەشی ئەندامی زار و زمان و شێوەی دروستبونیان و هەروەتر ئەندامانی سازکەری ئەم دەنگانه.
لەم بەشەوە بەکەڵکوەرگرتن لە وشەی ڕەسەن و پەتی کوردی بەڕێنوسی ڕاستچین و چەپچین هەردو بەشی (ئارامی و لاتین) فێرکاری دەکرێت.
لەم بەشەوە شێوەی چۆینەتی واجگۆڕین و لێکچوونیان لە زارەکانی دیکە و شێوەی لێکچوونی فۆنەکانیش باسکراوە.
لە بەشی وشەناسی، ڕێسانوێنەکان و بەشەکانی زمانناسی ناسێندراون و وەکو بابەتێکی نوێ و زانستی (هامراز، گیرەک، نوسەک، جێناو)ەکانی هەورامی، کورمانجی، سۆرانی، کەڵهوڕی، لەکی، لوڕی) ناسێندراون، هەر لەم بەشەوە شێوەی چۆینەتی سازکردن و سازبونی: (وشەی ساده، ناسادە، لێکدراو، داڕێژراو) فێرکاری کراون و ڕێسای بەسەریەکنوسین و نەنوسینی وشەکان لە چوارچێوەیەکی نوێ باسی لێکراوە.
ناکرێت بڵەین یەکەم پەرتوکە، بەڵام دەگمەن پەرتوکێکە کە لە زانستی زمانەوانی نوێ و زانستی سەرەکی زوان و بەشی فۆنەتیکی کەڵکی وەرگرتوە و زۆر جیاواز له پەرتوکەکۆنەکان و ڕێسای کۆن و کلاسیکی ڕێنوس و ڕێزمانی کوردی کاری کردوە، دەبێت ئەمە بزانین ڕێنوس بابەتێکی گرێبەستیە و هەردەم خەریکی گۆڕانکاریە و زانستی زوان وەکو گشت زانستەڕاستەقینە و لۆژیکانەی جیهانی خۆی هاوتەریب و ڕێکدەخات، زوانی کوردی بەوێنەی زوانێکی بەهێز و خاوەنمێژو و ڕێزمان و فۆنەتیکی تایبەتی خۆی دەبێت و پێویستە کاری زانستی و لۆژیکی بۆ بکرێت و تێکەڵ بەڕێسای زانستی نوێی بکرێت و ببێت، هەربۆیە پێوستە لە بازنەیەکی زانستی و جیاواز و نوێ، بۆ گەشەستاندن و سەرهەڵدانی زانستی و جیهانی، کاری لەسەر بکرێت.
"پرشەدارێکی زمانەوانی"، لە دو بەرگی (ڕێنوس) و (وشەناسی) بەشێوەی زانستی و لۆژیکی زمانەوانی، نوێترین ڕێسا و شێوەی  زانستی خستوتە بازنەی زوانی کوردیەوە.
بۆ دابینکردنی ئەم پەرتوکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م شوێنانه بکه‌ن.
مەهاباد: کتێبفرۆشی گزینگ، چوارڕێی ئازادی، شەقامی سەلاحەدینی ڕۆژاوایی.
کتێبفرۆشی ئاگورا، چوارڕێی ئازادی، شەقامی سەلاحەدینی ڕۆژهەڵاتی.
نەغەدە: کتێبفرۆشی جەعفەری، مەیدانی ژاندەرمەری.
پیرانشار: کتێبفرۆشی موکریان، مەیدانی گاز.