تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۲
وت‌ووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ هونەرمەندی کورد مامۆستا عەزیز شاروخ
ئامادە کردنی: ڕێبوار عه‌جەمی

 مامۆستا عەزیز شاروخ هونەرمەندی کورد، کەسێک کە لە سەر لاپەڕەکانی کتێبی هونەری کلاسیکی کوردستان خانەیەکی تایبەتی لە دنیای مۆسیقا و گۆرانی ڕەسەن بۆخۆی تەرخان کردووە و ئەوە مێژوویە دەبێ بڕیار بدا کە گەورەیی مامۆستا شاروخ لە حاند هونەری کوردستان لە چ ئاستێک دایە، هەر وەک کە کاک ئەحمەد بەحری لە وتارێکدا لە سەر مامۆستا شاروخ وتویه‌تی:"دەزانم ژیانی شاروخ تابڵۆیەکە کە دەتوانێ سەدان لە کۆمەڵگاکەمان هاوشێوە هەبێ، لەوە دڵمەندم قۆرتەکانی ژیان تەنانەت وردە لوتفی بە هونەرمەندی گەورەش نییە."

هەواڵدەریی هاژە لە سەر پێناسە‌ی هونەری کوردستان و خزمەتی هونەرمەندان، بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە لە سەر ئەوان بدوێ و وتووێژیان لەگەڵ پێک‌بهێنێ کە پشکی ئەو جارە وەبەر هونەرمه‌ندی گەورە مامۆستا "عەزیز شاروخ" کەوت کە سرنجی ئێوەی بەڕێز بۆ ئەو وت‌ووێژە ڕادەکێشین.

 

هاژه: مامۆستا فەرموون کە لە چ ساڵێک و لە کوێ لە دایک بوون؟

من 17ی خەرمانانی 1317ی هەتاوی لە کۆڵانی "گەڕەکی قەبران" کە ئێستا بۆتە شەقامی "وەفایی" لە بنەماڵەیەکی مام‌ناوەندی لە دایک بووم.

هاژه: چۆن بوو کە خولیای گۆرانی گوتن بوون ئایا ئەوە شتێک بوو کە لە ناخی خۆتاندا هەبوو یا هاندانی بنەماڵە بوو؟

دەنگ خۆشی لە بنەماڵەی ئێمە هەر هەبووە، برایەکی گەورەم کە نێوی محەممەد بوو و ماوەی 10 ساڵ لە من گەورەتر بوو، زۆر شەوگاران ئەو دەمانەی شەو دەزرینگایەوە لەگەڵ پۆلی هاوتەمەنەکانی بە نێو شاردا دەگەڕان و گۆرانیان دەگوت و زۆر جار کە لە سەربانی قۆناخەکەوە تێدەچرپاند و من گوێم بۆ شل دەکرد هەتا خەو بە سەرمدا زاڵ دەبوو گوێم دەدایە. ئێستاش "باران بارانە" کەی لە مێشکم دایە، دەنگی خۆش و زوڵاڵی کاکم کانیاوی هونەری هەڵقوڵاندم و وام لێهات کە لە بەرامبەر دەنگی خۆشدا بێ‌دەسەڵات بم. 

هاژه: لە چ ساڵێکی بە چەشنی فەرمی دەستان بە کاری هونەری کرد؟

لە ڕاستیدا تا بابم لە ژیاندا بوو بە هۆ گەلێک ئیزنی گۆرانی گوتنی پێنەدەدام، بەڵام لە ساڵی 1349ی هەتاوی کە دەنگ و ڕەنگی ورمێ دامەزرا و لەوێ بەرنامەیەک بە نێوی "بەرنامەی شێعر و موسیقی" هەبوو کە لەگەڵ سەید ڕەحیم قوڕەیشی بانگهێشتن کرابووین و بۆ یه‌که‌م جار بە چەشنی فەرمی لەوێ مەقامێکی "هۆمایون"م گوت.

هاژه: مامۆستا کۆی بەرهەمە هونەرییه‌کانتان چەند دانەن و گۆرانییەکانتان بۆ چ بەشێکدا دەشکێنەوە؟

بە گشتی 41 ئاڵبۆمم هەیە کە لەوێدا مەقام و گۆرانییەکانی فۆڵکلۆر کە به‌شێکی هەرە زۆری شێعرەکانیان بۆخۆم دامناون و له لایەکی دیکەش شێوە زاری بادینشم گوتووەتەوە.

هاژه: یەکەم گۆرانییەک کە بۆخۆتان داتان ناوە و گوتوتانە چ گۆرانییەک بوو؟

یه‌که‌م گۆرانی هی خۆم "دەتپەرەستم" بوو.

هاژه: ئاخرین بەرهەمی هونەریتان چ بوو؟

ئاخرین بەرهەم "مەهاباد" بوو کە 4 ساڵ لەوە پێش لەگەڵ تاهیر میرسەیدی تۆمارم کرد و لە سلێمانی بڵاو بۆوە.

هاژه: ئایا بەرهەمی نوێی دیکەتان بەدەستەوەیە؟

بەرهەمی نوێ جارێ نا، به‌ڵام چەند گۆرانییەکە کە بە بێ‌ مۆسیقا و ئاهەنگ بۆخۆم تۆمارم کردووە کە لانیکەم 20-15 گۆرانییەک دەبن و لە بەرنامەم دایە کە هەر ئاوا بە بێ مۆسیقا و تەنیا بە چەشنی دەنگی ئاسایی خۆم بڵاوی کەمەوە.

هاژه: بەرهەمەکانتان زۆرتر له کام بەشدا خۆ دەبینه‌وە؟

بەرهەمەکانم تێکەڵان کە لەوێدا حەیران، لاوک، مەقام و قەتاریان تێدایە، بۆ وێنه مەقامەکانی خۆم و تاقمێک لە مەقامەکانی مامۆستا "دیلان"ی وەکوو "سوبح پێناکەنێ"، "دەروێش عەبدوڵڵا" و هەروەها "شیرین بەهارە"ی مامۆستا "تاهیر تۆفیق"م لەو ساڵانەدا لە سلێمانی گوتووه‌تەوە و گۆرانی "کابووکێ" حەسەن جەزراویش کە جێگای تایبەتی خۆی هەیە، گوتوومەتەوە کە لە ڕاستیدا ئەگەر من نەم گوتباوە کەس نەیدەزانی کە گۆرانێکی واشمان هەیە، چون بەداخەوە ئەو هونەرمەندە بەو گەورەیەی خۆیەوە ئێستاش ونە.

هاژه: لە بەینی گۆرانی بێژانی کورد کامیان زۆرتر لە سەر بەڕێزتان کاریگەرتر بووە؟

یەکەمین مامۆستای من، گەورەترین مەقام بێژی کورد "سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی" بوو و لە ساڵی چوارەمی سەرەتاییدا بووم کە لەگەڵ دەنگی غەریبی مامۆستا "تاهیر تۆفیق" و لە پاشان لەگەڵ دەنگی مامۆستا "حەسەن جەزراوی" ئاشنا بووم و لە ساڵی دووەم یا سێهەمی ناوەندی بوو کە لەگەڵ دەنگی مامۆستای دەنگ‌خۆش و شاعیری بەناو بانگ "محەممەدساڵح دیلان" ئاشنا بووم و توانیم ئاهەنگی نەورۆزە و ئەڵڵاوەیسی و ئەژدەهاکی لێ فێر بم کە لە سەر من شوێندانەر بوون و بەڕاستی ئەو چوار هونەرمەندە بە چەشنی یەکسان لە سەر من کاریگەر بوون و توانیم شێوەیەکی نوێ پێک‌بهێنم و ئاهەنگەکانی وەکوو ڕازی تەنیایی، ئەی مانگ، تکا، تۆ و دڵ، تەرمی کۆرپەی گیان، خاسەکەو، دەتپەرەستم، ئاسمانی شین، تۆ دەریامی و هاوبەقیی ئاهەنگەکانی‌تر خۆم دایبڕەژم.

هاژه:  لەگەڵ چ هونەرمەندانێک دانیشتوون و گۆرانیتان گوتووە؟

تەنیا لەگەڵ مامۆستا محەممەد ماملێ و سەروان ناهید جار جار دانیشتووم و گۆرانیمان گوتووە.

هاژه: شێعری چ شاعیرانێکتان بە گۆرانی گوتۆتەوە؟

شێعری شاعیرانی وەکوو عەبدوڵڵا پەشێو، هێمن، هەژار، هێدی، گۆرانم بە گۆرانی گوتۆتەوە و لە تەرانەکانیشدا زۆرتر لە شێعرەکانی خۆم کەڵکم وەرگرتووە.

هاژه: تا ئێستا لە کام شار کۆنسێرتان بەڕێوە بردووە و دوایین کۆنسێرتان کەنگێ بووە؟

من کۆنسێرتم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوەبردووە و لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان وەکوو تاران، شیراز، ئیسفەهان، خوڕەم ئاباد، کرماشان، سنە، سەقز، نەغەدە، سەردەشت، شنۆ و  لە دەرەوەی وڵاتیش لە بریتانیا، ئوستراڵیا و ئاڵمان کۆنسێرتم کردووە و دوایین کۆنسێرتم پار لە سەقز و بۆکان بوو.

 

هاژه: ئایا تا ئێستا حەول و تەقالاتان داوە کە سەرجەم بەرهەمەکانتان لە کتێبێکدا بە چاپ بگەیەنن؟

بەڵێ، بەسەرهاتی ژیانی خۆم و سەرجەم بەرهەمەکانم لە دووتۆیی کتێبێک بە نێوی"تۆ دەریامی" لە ساڵی 2004 لە لایان دەزگای ئاراس چاپ و بڵاوکرایەوە.

هاژه: هونەری کوردی لە بواری گۆرانی کلاسیک کە ڕەسەنایەتی هەبێ لە ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دەبێ ئەوە بزانین کە  زەمان گۆڕدراوە، لە لایەکی‌تریشەوە مڕۆڤەکانیش گۆڕدراون کە ئەوە شوێنداری دنیای مۆدێڕنیتە و کەرەسەی وەک ماهوارە، ئینتێڕنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کان وایکردووە کە تا ڕادەیەک پەیوەندی و فەرهەنگی گەلانی دیکەی بە دوای خۆیدا بێنێ و تێکەڵاوێکی ساز بکا کە هەموو گەنجەکان، نەک ئیمە بەڵکوو ئی هەموو جیهان، ئەو فەرهەنگانەیان وەرگرتووە کە ئەو شتە بتە هۆی ئەوەی کە هەر کەسەی کارەکەی خۆی تێکەڵ شتێکی کردووە یا هەر ئاوا دەیڵێ کە من ئەو کارەم پێ باش نییە، چون هەر شتەی لە سەر "ڕەسەنایەتی" خۆی دەبێ، چون فەرهەنگی کورد، ئی کوردە، فەرهەنگی فارس، ئی فارسە، هەر چەند فەرهەنگی کورد، لە فارس نزیکترە تا عەڕەب، چون ئێمە لە یەک نیژادین و ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، ئێمە زۆرمان کەڵک لە هونەری فارسی وەرگرتووە، بۆ وێنه مامۆستا ماملێ و بۆخۆشم کەڵکم لە ئاهەنگی فارسی وەرگرتووە و شێعری کوردیم لە سەر داناوە وەکوو ئاوازی "مەسنەوی ئەفشاری" کە شێعری "خالید ئاغای حیسامی"م لە سەر داناوە یا ئاهەنگی "قەمەر ملوک" کە شێعرێکی "شەریف حوسێن پەناهی"م بۆ داناوە و هەروەها ئەوانیش لە ئاواز و هونەری کوردی کەڵکیان وەرگرتووە. وەک "دڵکەش" کە گۆرانی (سحر کە از کوە بلند جام طلا سر می‌زند)، ئه‌و ئاهەنگە مڵکی ئێمەیە کە گۆرانیان بۆ داناوە، پەس هەر دوو نەتەوە کەڵک لە هونەری یەکتر وەردەگرین، ئەگەر تێکەڵاوی هونەریشمان هەبێ بە دڵنیاییەوە هیچ کامیان شوناس و ئەسالەتی خۆیان لە دەست نادەن، گۆرانی "من دەمگوت تا لە دنیا بمێنم" ئی مامۆستا ماملێ، ئاهەنگەکەی فارسییە وەلی مامۆستا ماملێ لەوانی چاکتر گوتووە هەر بۆیە من لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئاهەنگی "ئەسیل" سنوور ناناسێت.

هاژه: چ چاوەڕوانییه‌کتان لە بەرەی ئێستا هەیە؟

لە ڕاستیدا گەنج و لاوی ئەوڕۆیی ناتوانی قانع کەی، چون زەمان بەرەو پێشکه‌وتن و گەشە دەڕوا، پەیوەندییەکان لە ڕادە بەدەر زۆر بووە، هەر بۆیەش نەوەی نوێ دەیهەوێ لەگەڵ ڕەوتی ڕۆژ هەنگاو بنێ، هەر چەند کەسانێکی واش هەن کە تەعەهود و بەڵێنیان بە نیسبەت فەرهەنگی ڕەسەن و وڵاتی خۆیان هەیه بەڵام ژماریان کەمە.

هاژه: ئایا تا ئێستا گەورە ڕێزلێنان و خەڵاتی هونەریتان پێ‌بخشراوە؟

خەڵات و ڕێزلێنانم زۆرن، لە ساڵی 1394 لە لایان "خانەی موسیقی " مەدڕەک و گه‌واهی دەرەجە یەکی هونەری "دوکتوڕای تەحسیلی" لە لەقی "گۆرانی مۆسیقای مەقامی" دراوە بە من و لە لایەکی دیکەشەوە مەڕاسیم و گەورە ڕێزلێنانە بۆ من گیراون و زۆر جار ئاگادار نەبووم و ناغافڵ بە سەرد اکەوتووم، وەک گەورە ڕێزلێنانی زانکۆی کوردستان "سنە" کە لە ساڵی 1393ی هه‌تاوی بۆ من گیرابوو.