کورته
ته‌نز یه‌کێک له شێوازە کاریگه‌رەکانی ئاخاوتنی ئه‌دەبی و هونه‌رییه. ئه‌م شێوازه ئاخاوتنه یه‌کێک له لقەکانی ئه‌دەبیاتی ڕەخنه‌گرانه و کۆمەڵایه‌تییانه به ئه‌ژمار دێت.
له ئه‌دەبیاتی کوردی‌دا تەنز خاوەن مێژوویه‌کی دوور و درێژه، به چەشنێک که له ئه‌دەبیاتی فۆلکلۆردا نه‌ک به ناوی تەنز بەڵکوو به ناوی جۆراوجۆر خۆ به دەسته‌وە دەدا و سنوورێکی زۆر دیاریکراویشی لەگە‌ڵ ته‌وس و داشۆرین نییه، بەڵام خەنده نوخته خاڵی هاوبەشی هەمووانه، له تەنزدا ئه‌م خەنده‌یه له ڕووی بێ بەرپرسایهتی نییه و هەڵقوڵاوی بیرێکی قووڵه له ناخه‌وە. کەوابوو ته‌نز له کۆنەوە سرنجی چینه جۆراوجۆروکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و به که‌ڵك وەرگرتن له‌م زمانه بەرامبەر به ناحه‌زییه‌کان، گرفتەکان و ناڕاستییەکان دواون. له کاریکاتێردا چۆن هونه‌رمه‌ند هه‌وڵ دەدا به بەرجسته کردنه‌وەی هێندێک لایه‌ن، بیری بینه‌ر به‌رەو واتایه‌کی تایبه‌ت ڕاکێشه بکات له شێعریشدا ڕۆڵێکی ستراتێژی هه‌یه و شاعیر به‌ردەوام له حەولدا سرنجی به‌ردەنگ بۆ لای مانا و واتای مه‌به‌ستی بگه‌یه‌نێت. ئه‌م لێکۆڵینه‌وەیه هەوڵێکه بۆ تاوتوێ کردنی ته‌نز له هۆنراوە کوردییەکانی مەلا مارف کۆکەیی و له کۆتاییشدا دیاریکردنی جێگه و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م شاعیره له ته‌نز و ئه‌دەبیاتی کورددا.
ئامانج له‌م باسە نیشان دانی ئه‌وەیه که ڕەساڵه‌تی ته‌نز له شێعرەکانی مەلا مارفدا وەک یه‌کێک له باشترین دەرفەتەکانی گونجاو بۆ دەربڕینی ڕوانگه‌ی ڕەخنه‌گرانه به پاراستنی شوناسی هونه‌ری و ئه‌دەبیه و به زمانی ته‌نز بۆته پێشەنگی چاکسازی کومەڵگای سەردەمی خۆی. شێوازی لێکۆڵینه‌وە لە‌م نووسراوەدا به‌ڵگه‌یی و کتێبیه که بۆ شرۆڤە کردن کەڵک له چەند وتار و کتێبی پێوەندیدار وەرگیراوە.
له دەرئه‌نجامی ئه‌م باسه‌دا دەردەکه‌وێ که شاعیر له باسی گیروگرفتەکانی خەڵکدا به زەق کردنه‌وەی دواکه‌وتوویی، نه‌خوێندەواری و لاسایی کردنه‌وە، له هەمان کاتیش‌دا بایخ دان به خوێندەواری، ئازادی، یه‌کگرتوویی، نیشتمانپەروەری وەک شاعیرێکی دەروەست به ئاراسته کردنی شێعری ڕەخنه‌گرانه به چەمکی ته‌نز، به‌رەنگاری چەقبه‌ستوویی دەبێته‌وە.
کلیل واژه:
مەلا مارف کۆکەیی ـ ته‌نز ـ ئه‌دەبیاتی کوردی
پێشەکی
مێژووی ئه‌دەبی کوردی له سەدەی بیستەمدا زۆرترین تەنزی له خۆگرتووه، به تایبه‌ت به‌شێکی زۆرتری شێعری دوای جەنگی جیهانی یه‌که‌م و شاعیرانی وەکوو (بێکه‌س، قانع، ئه‌خۆل و شێخ ڕەزای تاڵەبانی) پڕیه‌تی له ته‌نز و هه‌جوو، ئه‌مه بێجگه لەوەی لەو سەردەمەشدا به‌دەر له شێعر بەشێكی ته‌نز و به‌سەرهاته سەیر و سەمەرەکا وەکوو پەخشان (بۆ وێنه رشته‌ی مرواری عەلائه‌ددین سەججادی) نووسراونه‌ته‌وە. ئه‌م سەدەیه سەدەی گوێزرانه‌وەی ئه‌دەبیاتی ته‌نز له مێژووی ئێمه‌دا له تەنزی زارەکییه‌وە بۆ ته‌نزی نووسراوه به ئه‌ژمار دێت. (ئارام سدیق ـ 2017 ـ 2)
مەلا مارف کۆکه‌یی له شاعیرانی به‌رەی موکریان، لە هەل و مەرجێکی زۆر ئەستەم و لە نەداری و چەرمە سەریدا ژیاوە و هۆنراوەی هۆنیوەتەوە، تەنانەت ئەو نەداریە بە ئاشکرا لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەری کردۆتە سەر شێوازی نوسینی. مەلا مارف قسە خۆش و نوکته باز بووه و مه‌جلیسی ئه‌م جۆره که‌سانه‌شی لا خۆش بووە. لەوەوە که له چەندین جێگا ناوی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بردووە و ئاماژه‌ی به بیروڕای ئه‌و کردووە و وەک بەڵگه پشتی به بۆچوونەکانی به‌ستووە، دیاره لای خۆشەویست و پەسند بووە. (دیوانی مەلا مارف/ مستەفا کۆکەیی ـ 2012 ـ 28)
له‌م قۆناغه‌دا له موکریان سەیفولقوزات و مەلا مارف کۆکه‌یی وەک دوو پێشەنگ و ئاڵا هەڵگری شێعری قوتابخانه‌ی موکریان سەریان هەڵداوە. ئه‌مجارەیان شێعر باشتر دەتوانێ لەگە‌ڵ چینه جۆراوجۆرەکانی خەڵک پێوەندی بگرێ، ئه‌گه‌رچی زمانی شێعر سادەتر و باشتر خۆ به‌دەسته‌وە دەدا و دەتوانین بڵێین ئه‌م زمانه پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنەگره بۆ نووسینی تەنز، بەڵام عەرووز و سەنایعی ئه‌دەبی ئیزن نادا شێعر له چوارچێوەی دەسەڵاتی شاعیر بێته دەر، له‌و سەردەمه‌دا شێعری کوردی پەیڕەوی له شاعیرانی پێشوو دەکات و شێعر نه‌که‌وتۆته قۆناغی نوێ بوونه‌وە، ئه‌گه‌رچی له مانا و مەفهوومدا ئه‌م نوێ بوونه‌وەیه به‌رچاوە و مه‌لا مارفیش به دەکار کردنی وشە‌گه‌ل و که‌رەسته‌ی نوێ له شێعرەکانیدا دەستێکی باڵای هه‌یه.
لە‌م هە‌ل‌ومه‌رجه پڕ کارەساته‌ی مەلا مارف تێیدا ژیاوه و ڕووداوگه‌لێک وەک دوو شەڕی گه‌ورەی جیهانی، شەڕی ناوخۆی ئێران، شۆڕشی مه‌شڕووته و کوشتاری خەڵکی سابڵا‌غ شوێن دانانی ئه‌م ڕووداوانه له سەر ژیانی خەڵکی هه‌ژار، شاعیر دەئه‌زموێ و وای لێدەکات زۆر جار له چوارچێوەی زمانی ته‌نزدا باس له برین و زام و ئازرەکانی کۆمەڵگا و نه‌ته‌وەکه‌ی بکات. مەلا مارف پێمان دەڵێ ئه‌م زمانه نوێنگه‌ی نابه‌رابه‌رییه‌کان و دژ به بێ عەداڵه‌تییه. (هەمان ـ 2012 ـ 25)
له دەرئه‌نجامی ئه‌م باسەدا بۆمان دەردەکەوێ که مەلا مارف ته‌نز وەک یه‌کێک له باشترین دەرفەتەکانی گونجاو بۆ دەربڕینی ڕوانگه‌ی ڕەخنه‌گرانه به پاراستنی شوناسی هونه‌ری و ئه‌دەبی هەڵبژاردووە و به زمانی ته‌نز بۆته پێشەنگی چاکسازی کومەڵگای سەردەمی خۆی.
تەنز چییه؟
ته‌نز كه وشه‌یه‌كی عاڕه‌بیه، له فه‌رهه‌نگ‌دا به مانای تانه و ته‌شه‌ره و به یه‌كێك له شێوازه‌كانی ده‌ربڕینی مه‌به‌ست ده‌گوترێ، كه وێژه‌ر به زمانێكی شیرین و بزاوی، به مه‌به‌ستی چاكسازی، له په‌رده‌دا بابه‌تێك ده‌خاته‌به‌ر ڕه‌خنه. (قاسمی ـ 2008 ـ 1)
ته‌نز شیوەیه‌کی تایبه‌ته بۆ دەربڕینی ماناگەلی توند و تیژی کۆمەڵایه‌تی، ڕامیاری، ڕەخنه‌گرانه و ئاشکراکردنی حەقیقەته تاڵه‌کان و ڕق له گەندەڵی تاکه کەس و کۆمەڵ که لێدوان له‌وانه به شێوازێکی ئاسایی و جیدی قەدەغه کراوە، هەڵبه‌ت به له‌حنێکی ناڕاسته‌وخۆ و له دەڤری شۆخیدا" (قوڕەیشی ـ 1394 ـ 1)
له ئینسایکلۆپیدیای زاراوەی ڕەخنه‌ی ئه‌دەبیدا ته‌نز وەک حاڵەتێک له دەربڕین پێناسە کراوە که له شێوە جیاوازەکانی گێڕانه‌وە و چیرۆکدا له دوو توێی خۆیدا مانایه‌کی جیاواز و ته‌نانه‌ت هەندێک جار مانایه‌کی دژ به مانا ڕواڵه‌تییه‌که له خۆ دەگرێت. (ئارام سدیق ـ 2017 ـ 1)
هێندێک له خاوەن ڕایان ئاماژه به سێ جۆر ته‌نز له سەردمی هاوچەرخدا دەکه‌ن، ته‌نزی زمانی، نمایشی و بارودۆخی ته‌نزاوی. هێندێکی دیکه‌ش له سەر ئه‌و بڕوایه‌ن ته‌نز به‌سەر چەند دەسته‌ی دیکه‌دا دابه‌ش دەبێ وەک: ته‌نزی کۆمه‌ڵایه‌تی، ژورنالیستی، ڕامیاری، فەلسەفی، ڕەش و هتد.
مەلا مارف کێیه؟
مەلا مارف کۆکەیی له دووەمین ڕۆژی بەفرانباری 1254ی هه‌تاوی له ئاوایی حاجی خۆشی ناوچه‌ی شاروێرانی مەهاباد له دایک بووه. دوو ساڵ و نیو له خانەقای مه‌حوی له باشووری کوردستان دەخوێنێ و پاشان دەگه‌ڕێته‌وە موکریان و لای مامۆستایانی بنه‌ماڵه‌ی تورجانی زاده "قزڵجی" له بۆکان درێژه به خوێندن دەدات. له ته‌مه‌نی 26 ساڵیدا لەگە‌ڵ ئامینه خانمی کچی مەلا ڕەزای بانه‌یی زەماوەند دەکات و پاشی 38 ساڵ ژیانی هاوبەش، خێزانی ساڵی 1318ی هەتاوی کۆچی دوایی دەکات و مەلا مارف ژن ناهێنێته‌وە. مەلا مارف چوار کوڕ و دوو کچی به ناوەکانی "عەلی، مه‌عسوومە، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئه‌حمه‌د" بووه. کوژران کوڕه گەورەکەی به ناوی عەلی دەبێته سەرەتای دەربه‌دەری و غەم و پەژارەی شاعیری هه‌ستیار و له ئاکامدا به نابینایی سەر دەنێته‌وە. مەلا مارف به چوار زمانی "کوردی، فارسی، عەڕەبی و ترکی" شێعری هۆنیوەته‌وە، ناسناوی شێعری "مارف/مەعرووف"، "کاکی کۆکی" و "کۆکەیی" بووە. (دیوانی مەلا مارف/ مستەفا کۆکەیی ـ 2012 ـ 24)
زمانی شێعری مەلا مارف ساده و ڕەوانه بەڵام وەک تیغی بڕنده بێ پەروایانه دەدوێ. شێعرەکانی له سەر دڵ دەنیشن و به دەکار کردنی مەفاهیمی نوێ زانیاری دەدات به خوێنه‌ر ناڕاستەوخۆ به زمانێکی ته‌نز ڕەخنه دەگرێ.
مەلا مارف به شاعیرێکی زانا و ئاگادار له ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی ناسراوە، به چەشنێک که وەک شرۆڤەکارێک و به زمانی شێعر له سەر ڕووداوە جیهانی و ناوچەییه‌کان دەدوێ و زانیاری دەدات به خوێنه‌ر.
ئه‌م کەسایه‌تییه سەرله‌به‌یانی ڕۆژی سێشەممۆ 6ی خەرمانانی 1324ی هەتاوی له گەڕەکی مزگه‌وتی سووری مەهاباد چاوی بۆ هەمیشه لێکنا و له گۆڕستانی مەلاجامی مەهاباد نێژرا. (هەمان ـ 2012 ـ 39)
شێکاری ته‌نز له شێعری مەلا مارف
لۆمه‌ی شێخ و خەلیفه
له چەند شێعری مەلا مارف کۆکەییدا شاعیر به تووندی ڕەخنه له شێخ، خەلیفه و کەسایه‌تی ئایینی ڕیاکار و ناڕاست لەگە‌ڵ خەڵک دەگرێ و به زمانێکی پاراو و شاعیرانه گاڵته‌تان پێدەکا و دەستیان ڕوو دەکات.
له شێعری "جەنابی سەیدی نوورانی"دا به تووندی ڕەخنه له خەلیفه عوبەیدیللای ئیندرقاش دەگرێ:
له حەیفی ئه‌و خەلیفەی توورەکه‌ی سەر پڕ له سندانه
که کەس نازانێ غووله یا له فیرقەی جیننه یا ئینسی
***
له ژێر کورسی هەتا ڕۆژ ئه‌حمه‌قە دەخوات و لێی دەنوێ
که ڕۆژ بۆوە دەڵێ ئه‌وشۆکه چوومه عەرش و تا کورسی
مەلا مارف تیری تانەش له شێخ دەگرێ که بەرپرسایهتی له سەر شانی ئه‌وە:
جەنابی کاکه نوورانی دەبێ تۆ بۆچی ڕازی بی
بڵی به‌و قەومه بێئه‌قڵه بڵێ بەو ئه‌هله نادانه
به ئه‌م ئەوزاعه، گه‌ر چاکی ئه‌گه‌ر پیری ئه‌گه‌ر شەخسی
هەتا کەی دەبنه یه‌خسیر و نه‌چیری تیری بێ قەوسی
یان له شێعری "شاهیدی شەرعی"دا گاڵته به شاهیدی مامۆستای تێر و پڕ دەکا:
تا سمێڵ و لێوی مامۆستا بریقەی بێ به ڕۆن
شافیعی کوانێ قەبووڵه شاهیدی خۆی و وەکیع
ڕەخنه له کۆنەپەرستی
مەلا مارف له پارچه شێعری "بێژن به ئاغای خەلیفه‌زاده"دا وڵامی مەلا عەبدولقادری خەلیفه زاده دەداته‌وە و هه‌م شێعرەکه‌ی و هەر بڕیارەکه‌ی له سەر تاشینی ڕیش به فشه دەگرێ.
مەلا مارف تێنگه‌یشتوویی و نه‌خوێندەواری خەڵک، بێ هه‌ڵوێستی شێخی زانا و بێ ئیدراکی عالم له قاو دەدات و زەرده خه‌نه دەخاته سەر لێوی خوێنه‌ر و به ته‌نزێکی تاڵ به‌ردەنگ ناچار به بیر کردنه‌وە و تێفکرین دەکات.
ئه‌و جار به‌سەر چوو، ئیتر خۆت مەکه
ئازاد کردنی ڕدێن مه‌ندووبه
تۆ ئیشت چییه به ڕیشی فەقیر
به‌ینولئودەبا، سەخره و مەزحه‌که
حوسن و زینه‌ته، فره مه‌حبووبه
ته‌نقیدی دەکه‌ی بێفکر و ته‌دبیر
هەروەها له شێعری سۆفی وەره بوێری شاعیر به‌رامبه‌ر به ته‌زویر و ڕیا و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک له لایه‌ن سۆفییه‌وە به‌رچاوتره و سەرەڕای ئه‌وە که دوژمنایه‌تی ناکات بەڵام له ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمەڵگادا تیری توانج له دڵ مردووی و بیری چەقبه‌ستووانه دەگرێ.
به‌م ڕیشه هه‌تا کەی دەبڕی ڕیشەیی عومرت
تێفکره تەماشاکه له کووچه و له خیابان
پۆل پۆل سەفی مەحبووبه له گوڵزار و چەمه‌ندا
ئه‌م ڕیشه مه‌گه‌ر تیشەیه یا شەققەمشاره
سۆزی نه‌یه نه‌شئه‌ی مه‌یه ئاوازه‌یی تاره
تۆ دێوی مه‌گه‌ر مه‌نزڵی تۆ هەر له مەغاره
مەلا مارف ڕەچەشکێنی دەکات، چوون ئه‌و زمانه‌ی بەرامبەر به شێخ و سۆفی، ئاغا، زانا و شاعیر به کاری دێنێت بوێرانه‌یه. ئه‌و ناحەزییه‌کان به گاڵته دەگرێ و به تووندی ڕەخنه له بێ ئاگایی و لاسایی کردنه‌وەی کوێرانه به دوور له بیر کردنه‌وە دەگرێ. زمانی ته‌نزی مەلا مارف پاراوە، ئه‌وەش به‌رهه‌م هاتووی سەردەمی دیکتاتۆرییه‌ته. وەک دەڵێن تەنز خاوەن ڕابردوویه‌که به درێژایی ته‌مه‌نی زوڵم و زۆرداری و سەرەڕۆیی.
وەسفی ئازادیخوازی و بەرنگاربوونه‌وە لەگە‌ڵ زۆرداری
بۆ وێنه له شێعری "ئه‌ی بادی سەبا" زوڵم و زورداری خەلیفه‌ی ئیندرقاش به عوبه‌ید ئیبنی زیاد و شمری زولجوشەن دەشوپهێنێ و به‌مجوره سکاڵای خۆی دەباته لای سوڵتانی نیزامی و دەڵێ ئێوە که له پاک و ڕاستیدا وەک ئالی عەبا وان چیتر پشتیوانی لێمه‌که‌ن.
شێعری تەنزی مەلا مارف ئاوێنه‌ی حه‌قیقەته، شاعیری موکریان ئه‌م زمانه دەکاته چەکی خەبات و له هەمبەر ملهوڕانی دەسەڵات و ئەربابانی زوڵم ڕادەوەستێ.
له شێعری "نسحەت و پەند"دا شاعیر وەسفی ئازادی و ڕزگاری خوازی دەکات و ئاماژه به هێندێک به‌سەرهات یان ئاماژه به چیرۆکەکانی فۆلکلۆر و ئەفسانه‌یی وەک "غوولی بیابان و "به‌یتی بله" دەکات له کۆتاییشدا دەڵێ:
ئه‌و لەززەتی ئازادی و حوڕڕییه‌تی نه‌فسی
سەد مه‌رتەبە شیرینتره لە‌م شەککەر و قەنده
که ئاماژەیه‌که به سەردەمی "کۆمەڵه‌ی ژ.ک" و ڕووداوی شارەبانی که خەڵک هه‌وڵیان دەدا به سجیلی مردووەکانیش قەند و شەکر وەرگرن و مەلا مارف وەبیر خەڵک دێنێته‌وە که ئازادی و ته‌بع بڵندی، لە‌م قەند و شەکرەی خۆی بۆ دەکوتن، شیرینتره.
هەروەها له شێعری "ئه‌ی میلله‌تی مه‌زلووم" خەڵک هان دەدا که قۆناغی جەهالەت ته‌واو بووه و یه‌ک بگرن. هێندێک له‌و دەسته واژه و وێنانه‌ی شاعیر له‌م شێعرەدا به کاریان دێنێ جێگای تێڕامانن.
له ته‌ک به‌یتی "قایم مەقامی مێزەر"یشدا که باس له یاسای جلوبەرگ گۆڕینی سەردەمی ڕەزا شای پەهلەوی دەکا، به چەشنێک ناڕاستەوخۆ و به زمانی ته‌نز تەشەر به ڕەزا خان دادەدا:
ئه‌م کڵاوی پەهله‌وی قایم مقامی مێزەره
بۆ هەموو کەس باشه ئه‌مما بۆ کەچەڵ باسی سەره
سەزەنشت کردنی کردەوە و ڕەفتاری نادروستی کۆمەڵگا
له کۆمەڵگایه‌کدا که بۆ سەرکه‌وتن و گه‌یشتن به پله و پایە‌ی باڵاتر ته‌نانه‌ت زانایان و به‌رەی خوێندەواریش دەست به داوێنی درۆ و بچووک کردنه‌وەی یه‌کتر دەگرن ئه‌م کۆمەڵگایه نه‌خۆشه، مەلا مارف باش له‌م بارودۆخەی سەردەمی خۆی گه‌یشتووه و له هێندێک له شێعرەکانیدا سەرزەنشتی ئه‌م ڕەفتارانه دەکات. بۆ وێنه ئه‌وە له شێعرێکدا که بۆ مەلا حوسەینی نووسیوه بەرچاوە:
خواهیش دەکه‌م بڵێن به جەنابی مەلا حوسەین
ئه‌و زەممی من بکات و ئه‌من مەدحی ئه‌و بکه‌م
زۆر عەیب و حەیفه له بۆمه که بەعزێ قسان بکەین
تێکیش بگه‌ین که هەر دوو تە‌ڕەفمان درۆ دەکه‌ین
هەروەها له بەشێک له شێعری "قەومی شەوکه‌ت"دا به‌مجۆره ڕەخنه له شاعیران دەگرێ:
عادەتی ئه‌شخاسی شاعیر مه‌سلەک و شەخسی ئه‌دیب
یا به دەس هێنانی دنیایه له‌بەر لۆمەی ڕەقیب
یا درۆیه یا ڕیایه یا نه مەکره یا فەریب
هەڵدەبه‌ستن شێعری شەرماوەر به ئه‌لفازی غەریب
یان له شێعری "جەنابی سەیدی نوورانی"دا هۆکاری ڕەفتار و کردەوەی دزێوی خەلیفه‌ی ئیندرقاش دەگه‌ڕێنێته‌وە بۆ به‌بێ هەڵوێستی سەیدی نوورانی:
گوناهی ئه‌م هەموو مه‌خلووقه باری گەردنی تۆیه
ئه‌تۆ گورگت به مەڕ به‌م عالەمه سەلماندووه غەوسی
***
ئه‌گه‌ر بۆخۆت ئه‌زانی ئه‌م خەلیفەت ناقیسه هێشتا
عەبای بۆ پێدەدەی بۆ ماڵی خەڵکی دادەدەی دەرسی
هەژاری و نەداری
کۆمەڵیک ڕووداوی ناخۆش و تاڵ وەک شەڕە جیهانییه‌کان، شەڕی ناوخۆی ئێران، سیڵاوی مەهاباد، کوشتاری خەڵکی ئه‌م شاره و قات و قڕی له ماوەی ژیانی مەلا مارفدا که له سەر هەژاری و نەداری خەڵک شوێندانەر بوو له شێعرکانی ڕەنگدانه‌وەی جیددیان هه‌یه، شاعیری نوکته باز له سەردەمی دیکتاتۆرییه‌تدا زۆر جار به زمانی ته‌نز لۆمه له‌م بارودۆخه دەگرێ.
له بەشێک له شێعری "عەبایێکم هەبوو" به‌مشێوەیه گاڵته به وەزعی نالەبار و کۆنی عەباکه‌ی دەکات:
به چاوی پڕ له ئه‌سرین و ئه‌سەف ئه‌وڕۆم تەماشا کرد
به نووکی نه‌شته‌ری پیری وەکوو من جەرگی کون کون بوو
له هەوری ماتەمی ئه‌ربابی فوقدانی کەرەم دیتم
وەکوو نه‌سجولعه‌ناکیب یانی ئیسمی بێ موسەمما بوو
قەڵشتی ئاشیانه‌ی عەقرەب و مار و ڕوته‌یلا بوو
به به‌فری غەم هەموو گیانی به وێنه‌ی یه‌ددی به‌یزا بوو
یان له شێعری "به‌هره و قیسمه‌تم"دا دەڵێ:
لەشکری فەقر و پەرێشانی هوجوومی کردووە
دەردی بێ دەرمان و سەرباری هەموو دەردی گران
ڕایه‌ڵ و پۆی تێکچووه ماشێنه‌که‌ی چەرخی فەلەک
دەوریان داوم به نێزه و خەنجەر و شیر و قەمه
بێوەفایی دۆستان و ئینقلابی عالەمه
هەر وەکوو ئه‌وزاعی من ئاڵۆز و دەرهه‌م به‌رهه‌مه
ئه‌وەی له تەنزدا به‌رچاوە "ناسازگاری" نێوان عەناسوری جۆراوجۆره. به وته‌ی شۆپێنهاوێر: "هەر بەیانێک که خاوەنی ناسازگاری بێ. پێکه‌نیناویه".
مەلا مارف خاوەن زمانێکی هونه‌رمه‌ندانه‌یه له ئافراندنی ئه‌ندێشه، هێنانه‌وەی دەستەواژه، پەندی پێشینیان و بۆ کەلک وەرگرتن له ئایه‌تەکانی قورئان دەستێکی باڵای هه‌یه و ڕوانگه‌ی خۆی ناڕاستەوخۆ بەڵام گیرا و شوێندارانه دەگه‌یه‌نێت هەر بۆیه بەردەنگ تووشی تێفکرین دەکات و زانیاری دەبه‌خشێت. ئه‌و له زۆربەی شێعرەکانیدا ئاماژه به ڕەوایه‌تێکی مێژوویی و به‌سەرهاتێکی گرینگ یان شێعر و دەستەواژ‌یه‌کی مه‌شهوور دەکات و به‌م جۆرە ناڕاسته‌وخۆ ئاماژە به مانا و مه‌فهوومێکی تایبه‌ت دەکات و ڕەخنه دەگرێ.
مەشهووره دەڵێن "سوورە سمێڵان ببزێوە"
دەردت له کەسانێ که دەکه‌ن بادەپەرستی
**
"ان بعض الظن اثم" گه‌ر که‌سێ بێت و بڵێ
"کاکی کۆکی" تالبی ته‌حسیلی پووڵ و غازییه
له زمانی ته‌نزی مەلا مارفدا قسەی سووک و جنێو جێگه و پێگه‌یه‌کی نییه بە چەشنێک که ته‌نزی مەلا مارف وێڕای پاراستنی عیفەتی کەلام له جددیترین مەقولەکان تێپەڕ دەبێ و وەک نه‌شتەرگه‌رێک به ئامرازی تیغی ته‌نز حەول بۆ چاکسازی دەدات.
مەقامی تۆ نییه وەعز و نه‌سیحه‌ت شاعیری سووتاو
شیعار و مەسلەکی ئه‌شعاری تۆ ته‌نقید و ته‌مجیده
وەکوو پەروانه بۆ دنیا بڕۆ لە‌م خەڵکه خۆت لاده
به کارت نایه ئه‌م مه‌یدانه ئه‌سپی خۆت له‌وێ لاده
**
ئه‌گه‌رچی ئه‌م قەسیده تووند و تاڵه زەهری قەتتاله
بەیانی واقیعه تێیدا نییه هیچ ئارەزووی نه‌فسی
مەلا مارف پێداویستیەکانی کۆمەڵگای سەردەمی خۆی باش ناسیوە دەرئه‌نجامەکەشی زمانێکی سادە و ساکار لە هەمان کاتدا دەکارکردنی مەفاهیمی نوێیه.
یان له شێعری "پاکه‌تێک چایی"دا ئه‌گه‌رچی داواکارییه‌کی تاکه کەسی هه‌یه بەڵام بە زمانێکی تەنز ڕەخنه له خەلافی وەعدە و جێبه‌جێ نەبوونی بڕیارێک دەدات:
له لام وابوو عەزیزم قەدر و وەزنی پاکەتێک چایی
چ لازم بوو به تەفره و وەعده جانا، بۆچی نه‌تفەرموو
له میزان و ته‌رازووی هیممه‌تی تۆ بۆته خۆڕایی
فڵانکه‌س دوو دەنک چایی به کەس نادەم به خۆڕایی
هەروەها ئه‌مه له شێعری "وەعدەێیک دا" بەرچاوتره و شاعیر به کەنایه و تەشەر گاڵته به قەول و بەڵێنی بێ عەمه‌ل دەکات:
وەعدەیێکت دا به گۆشەی چاو و دوو ئه‌برۆته‌وە
من له لام وابوو که ئاغای شافیعی، میرزا غەنی
ئه‌هلی ئه‌نعامه دەگه‌ڵ هەر کەس، خسووس نیسبه‌ت به من
تۆ پەشیمان بوویه‌وە یا خۆ له بیرت چۆته‌وە
بۆ کەرەم جێگا و موقامی بابی خۆی گرتۆته‌وە
مه‌زرەعه‌ی لوتفی به سێسەد فەعله نادروێته‌وە
ئامانجی شێعری ته‌نزی مەلا مارف بزووتنی هه‌ستی خەڵک و گه‌ڕانه‌وە بۆ شوناسی نه‌ته‌وەییه هەر بۆیه شێعرەکانی خاوەن پله و پایه‌یه‌کی بەزرن له ئه‌دەبیاتی کوردییدا، شاعیر به‌ردەوام داکۆکی دەکات له سەر مافی ڕەوای خەڵک و ئازادییه‌کانی تاکە کەسی و کۆمەڵایه‌تی و وەلانانی خوڕافات و فیریودانی خەڵک، هەر بۆیه بوێرانه به‌رامبه‌ر به زۆرداران دەوەستێ و کردەوەی ناڕێک و هەڵس و که‌وتی به دوور له ئه‌ندێشەیان له قاو دەدات.
دەرئه‌نجام
له‌م لێکۆڵینه‌وەیه‌دا شێعرە کوردییه‌کانی مەلا مارف له ڕوانگه‌ی ته‌نزەوە له چەند به‌شی (لۆمه‌ی شێخ و خەلیفه، ڕەخنه له کۆنەپەرستی، وەسفی ئازادیخوازی و بەرنگاربوونه‌وە لەگە‌ڵ زۆرداری، سەزەنشت کردنی کردەوە و ڕەفتاری نادروستی کۆمەڵگا، هەژاری و نەداری) تاوتوێ کراون.
ته‌نزی مەلا مارف له‌خۆگری ڕەخنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیانه‌یه. شاعیر بۆ ئه‌م دژەوەستانه وشەی ناحەز و سووک به کار ناهێنێ لە هەمان کاتدا به زمانێکی بڕنده گاڵته به‌م چەقبه‌ستووییه‌ی سەدەمی خۆی دەکات، هەر ئه‌وەش بۆته هۆی جیاوازی زمان و شێعری مەلا مارف به نیسبه‌ت شاعیرانی پێش خۆی.
شاعیر له باسی گیروگرفتەکانی خەڵکدا به زەق کردنه‌وەی دواکه‌وتوویی، نه‌خوێندەواری و لاسایی کردنه‌وە به زمانی ته‌نز ته‌پڵی بێداری دەکوتێ و به‌رەنگاری ناحەزییه‌کان دەبێته‌وە.
ئه‌وەی ڕاستی بێ مه‌لا مارف ڕەخنه له گشت که‌م و کوڕییه‌کان دەگرێ و بێلایه‌نانه به چەکی ته‌نز کۆشکی ستەمکاران دەلەرزێنێ. له‌م شێعرانه‌دا مه‌به‌ستی گاڵته و گه‌پ و پێکه‌نین نییه، بەڵکوو دەرخستنی دیوی نەرێنییەکانی ناو کۆمەڵگایه، شاعیر به‌م شێوەیه باس له خەم و ئێش و ئازارەکانی دەکات له ڕووی دەمامکی پێکەنیناوی شانۆیه‌ک. به‌مجۆره تا ئه‌وپەڕی قۆناغی جیددیه‌ت هەنگاو دەنێت و زانیاری دەبه‌خشێت و کۆمەڵگا تووشی تێفکرین دەکات.
شێعرە ته‌نزەکانی مەلا مارف ئه‌گه‌رچی زەردەخه دێننه سەر لێومان، بەڵام له ناخماندا خەمێك دروست دەکات. شاعیر بایخ دەدات خوێندەواری، ئازادی، یه‌کگرتوویی، نیشتمانپەروەری، کەواتا تەنزی مەلا مارف "دەروەست"ه، هەر ئه‌و زمانه ڕەخنه‌گرانه‌یه جێگه و پێگه‌ی شاعیر دیاری دەکات و وەک پێشەنگێک بۆ چاکسازی کۆمەڵگا و باشتر بوونی ژیانی ڕامیاری ـ کۆمەڵایه‌تی تاکی کورد حەول دەدات.
سەرچاوەکان:
کۆکەیی، مستەفا (1395)؛ دیوانی مەلا مارف کۆکەیی، ئامادە کردن و ڕاستکردنەوەی: عەبدوڵڵا سەمەدی، چاپی یه‌که‌م، ئینتشاراتی هیوا
قاسمی، سمایل (2008)؛ ته‌نز و شێوە و ئامرازەکانی، وتاری زانستی، بۆکان، ئینتێرنێت
قوڕەیشی، سەید یاسین، (1396)؛ ته‌نز له ئه‌دەبی کوردی‌دا، گۆڤاری ئه‌لکترۆنیکی کۆڕی زانیاری ئه‌دیبانی کورد
سدیق، ئارام، (2017)؛ ته‌نز له چیرۆكی نوێ‌دا، ناوەندی ئه‌ندێشه، ئینتێرنێت
حلبی، علی اصغر، (1377)؛ تاریخ طنز و شوخ طبعی ـ تهران ـ انتشارات بهبهانی