شارۆمەندی فەرهەنگدۆست و ڕەوشتبەرز خوالێخۆشبوو سەید"عەبدونناسری قازی موکری" لەو ڕۆژانەدا بە ویست و مەیلی خوای کارساز و کاربەجی بانگهێشتی دونیای هەرمانی دارماڵ لە هێمنی و هێوری و حەسانەوە و زەریای بێبنی تەژی لە بەزەیی و دڵۆڤانیی خوای ژینبەخش و گیانئەستێن کراوە و گەڕاوە لای پەروەرێنەر و خوڵقێنەرە تاک و پاک و بێمیناکەکەی، اِنّا لِلّه و اِنّا اِلَیهِ راجِعُون؛ وەنەبێ کاک ناسری قازی موکری نووسەرێکی ناسراو، یان لێکۆڵەرێکی لێزان، یان هونەرمەندێکی داهێنەر، یان خەباتگێڕێکی تێکۆشەر، یان شاعیرێکی خاوەن هەست،یان زانایەکی ئایینیی نیشتمانپەروەر، یان...بووبێ ؛ نا، هیچکام لەوانە نەبووە؛ بەڵام شارۆمەندێکی کەموێنە و ڕاست و ڕەوشتبەرز و ئاکارتەرز و لەدڵاننزیک بوو، مرۆڤێکی خاوەن خوو و خدە و ئاکارەی بەرز و تەرز بوو کە بە بۆنەی ئەوەوە کە فرۆشیارێکی هەرەناسراو و چالاکی بواری هونەری و فەرهەنگی و "کتێب" و هەروەها کەل و پەلی کادۆیی و...بوو، زۆربەی هەرە زۆری شارۆمەندانی مەهابادی دەیانناسی و زۆربەی شارۆمەندان _ بەتایبەت چینی لاو و تازەلاو _ لانی کەم دوو سێ جار ڕێیان کەوتووەتە ئەم "پێشانگا-فرۆشگە"یە ، واتە "هنرسرای ماندگار"، کە لە ناوەندی شار هەڵکەوتووە.گوڵبزەی بلاوێن و زەردەخەنەی سروشتی و دڵئەنگێو و هەمیشە حازر لە سەرلێوی کاک ناسر و هەروەها خوڵق و خووی خاکەڕایانە و ساکار و دڵگری ئەو مرۆڤە ئاکارجوانە هاوڕێ لەگەڵ سیمای دڵئەنگێو و بەژنی هەڵکشاو و قەڵافەتی تەرز و بەرزی ئەو مرۆڤە دڵودەروونپاکژ و سیماپاکە کە تێکەڵاوی شەرم و حەیایەکی نەجیمزادانە و جێنتڵمەنانە ببوو، هەوەڵین ڕۆچنەیەک بوو بەرەو دەربیچەی ڕووحی گەورەی ئەو مرۆڤە ڕەسەنە کە زۆر زوو هەر مرۆڤێکی دەکردە ئۆگری خۆی؛ هەر کەس دوو سێ جار ڕێی لەو "پێشانگا_فرۆشگە"یە کەوتبێ _کە زۆرێک لە شارۆمەندان و بەتایبەت زۆربەی هەرە زۆری چینی لاو و تازەلاو دەگرێتەوە _ ئۆگری ئەو بنیادەمە و ئاکارە و خوو و خدەی جیاواز و مرۆڤدۆستانە و ڕەسەنی ئەو شارۆمەندە دەلالە دەبوون.
کاک ناسر وەک فرۆشیارێکی کەرەسە و کەل و پەلی هونەری و فەرهەنگی و لە پەنای ئەوانیشەوە وەک فرۆشیاری بواری "کتێب"، ڕێزی تایبەتی بۆ هەر دوو لایەنی ئایین و نەتەوایەتی دادەنا و هەر بە هۆی ئەو باوڕەوە هەردوو چەشنە کتێبی گۆرینی لە "پیشانگە_ فرۆشگە"کەی دابین دەکرد و ڕادەستی ئۆگران و خوازیارانی دەکرد . کاک عەبدونناسری قازی موکری هەوەڵین کەس بوو لە مێژووی "فرۆشیاریی شمەکی کادۆیی" مەهاباد کە بە هەست و سۆزێکی خەمخۆرانە و بەرپرسیارانەوە پێشنیاری " بەکادۆ بردنی کتێب " لە جیات کەل و پەلی دی بە کڕیارانی خۆی دەدا و لەو پێوەندییەدا زۆری حەول و تەقالا دا بۆ پەرەپێدانی ناڕاستەوخۆ و شوێندانەری کەلتووری کتێبخوێندنەوە، بەتایبەت لە نێو چینی لاو و تازەلاوی مەهاباد دا و زۆرن ئەو شارۆمەندانەی کە هەر بەبیریشیان دا نەهاتووە کە ڕۆژێک لە جیات کەل و پەل و شمەکی دی ، "کتێب" بە کادۆ بۆ هاوڕێ و هاواڵ و ئاشنا و ڕۆشنا و کەس و کاریان بەرن، بەڵام کاک ناسر ئەوەی لە دڵی هاویشتوون و ئەو ڕەسم و دابە پڕبایەخە کەلتوورییەی زۆر سەرکەوتووانە بۆ ماوەیەکی زۆرکردە باو و شانازی بەو ڕچەشکێنبوونەی خۆی لەو بوارەدا دەکرد و ئێجگار دڵحەساوە و بیرئاسوودە بوو بە هۆی ئەوەوە لاوان و تازەلاوانی شارە پڕلەشانازی و لەمێژینەکەی مەهابادی فێری ئەو دابە ڕەسەن و پڕبایەخ و شوێندانەرە کردووە.
کاک ناسر بەڕاستی ڕێزی تایبەتی لە مرۆڤەکان دەگرت لە هەر تەمەنێک دا بایەن، خاوەن هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی بایەن، لە هەر ڕەگەزێک بایەن، خەڵکی هەر ناوچەیەک بایەن ، شاری یا گوندی بایەن ،خوێندەوار یان نەخوێندەوار بایەن ، دەستکورت یان دەستڕۆیشتوو بایەن... .
پێشینیانی ئێمە لەمێژە کوتوویانە :"گیا لەسەر پنجی خۆی شین دەبێتەوە" ، کاک ناسری قازی موکری ـیش شوێنهەڵگریی لە باب و باپیران و دایک و نەنکانی خۆی وەرگرتبوو ، ئەو مرۆڤە ڕەوشتبەرز و ڕەسەنە لە تۆرەمەی زانای پایەرز و نێوبەدەرەوەی ئایینیی موکریان قازی شێخ موحسینی قازی موکری بوو ، هەر ئەو زانا بلیمەتەی کە شاعیری ناوداری کورد مەلامارفی کۆکەیی بە تایبەتی پەسنی داوە و دەڵێ :" نە دیتوومە،نە بیستوومە مرۆڤی وەک قازی شێخ موحسین"؛ هەروەها ئەو کۆچکردووە لە بنەچەکەی زانای شاز و جیاواز و هەرەناوداری کورد و جێی فەخری ژنانی کوردەواری عەللامە مەلا عایشە قزڵجی بوو و دیاره هەر ئەو ئاکارتەرزی و ڕەوشتبەرزییەی لێ دەوەشاوه.
خوای تاک و بێمیناک، وێنەی ئەو مرۆڤە ڕەسەنانەمان بۆ پتر و پتر کات .
("پیری زانای بەسۆز دوێکە بە پیسۆز ئەگەڕا شار بە شار// وتی هەڵدێم لە درنج و مرۆڤی ڕەسەنم من گەرەکە")