تاریخ: ۱۳۹۹/۵/۱۱
"مێژوو لەژێر تیشکی زانین و لێکۆڵینەوەدا"
به پیی هه‌واڵی هاژه، پازدەهەمین کۆڕی "ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد"؛ شرۆڤە و لێکدانەوەی کتێبی "قەڵای دمدم نووسینی مامۆستا عەڕەبی شەمۆ" وەڕگێڕان بۆ زاراوەی کرمانجی خواروو: "شوکور مەستەفا" بەڕێوەبەرایەتی خاتوو "چرۆ پەرویزنیا" و بە بەشداری مامۆستای هێژا  نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی دوکتور "ڕەهبەر مەحموودزادە" و هەر وەها ڕەوانناس و ڕەخنەگری ئەدەبی "یاقووب خزری" لە فەزای مەجازیی "ژووری دیالۆگ" بە شێوەی ئانلاین و نووسراوە لە لایان خاتوونانی هۆگر بەم کۆڕ و دانیشتنانە بەڕێوە چوو.
سەرەتا بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی دیالۆگ بە نووسراوە و فایلی دەنگی بابەت و وتارەکانیان لە گۆشەنیگای تایبەتەوە تاوتوێ کرد؛ ئەو خاتوونە بەڕێزانەی لە شرۆڤەی مژاری ئەم جارەدا بەشداریان کرد، بریتی بوون لە: 
۱. "سوغڕا ڕەزگەیی لەژێر سەردێڕی: " دەروێشەکان و ئاسەواریان لەسەر قەڵای دمدم" بابەتی ئەم جارەی خستە بەر باس.
۲. "فەوزییە یاهو" بە نووسینی بابەتێک بە نێوی "ڕۆڵی قەڵا لە هێمنایەتی شاردا" بەشداری کۆڕەکە بوو.
۳. "فەڕەح پیران" ئاماژەی بە "پێناسەی قەڵای دمدم لە مێژووی کورد"دا کرد. 
٤. "جوغڕافیای قەڵای دمدم" سەر دێری بابەتی "گەلاوێژ بەیگ نیا" بوو. 
٥. خوێندنەوەیەکی ناوەڕۆکیانە لە لایان "نیشتیمان نادری"یەوە پێش‌کێش کرا.
٦. "یادداشتێک لە سەر قەڵای دمدم" ئاراستە کراو لە لایان "مریەم ئاباریان".
۷. "کەسایەتی خانی لەپ‌زێڕین لە مێژووی قەڵای دمدم"  لە لایان خاتوو "گوڵاڵە سەدیقی"یەوە ئاراستە کرا.
٨. "چرۆ پەرویزنیا" بە نووسینی بابەتێک بە نێوی " قەڵای دمدم و شرۆڤەیەکی کۆمەڵ‌ناسانه" بەشداربووی تری کۆڕەکە بوو.
 دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە وەک دەسپێکی باسەکەی خۆیان سەرەتا وتە و تەحلیلەکانی بە چەشنی خوارەوە پێشکەشی هاوڕێیانی کۆڕەکە کرد  بەڕێزیان  بەو شێوەیە دەستی پێکرد:
"دیارە ئەو بابەتەی ئەوشەو هەڵبژێردرابوو بۆ باس‌وخواس و شیکاریی ڕۆمانێکی  بەناوبانگی نووسەری کورد "عەڕەبی شەمۆ" بوو، بە ناوی "قەڵای دمدم"، کە ئیلهامی لە ڕووداوێکی تڕاژیکی ڕاستەقینەی پێوەندیدار بە مێژووی گەلەکەمانەوە وەرگرتووه بە ناوی  "قەڵای دمدم".
لە بابەت ڕووداوی قەڵای دمدم سێ دەستە سەرچاوە هەن کە بۆ ئاگادار بوون، دەکرێ ئاماژەیان پێ بدەین؛ دەستەی یەکەم، هەندێک سەرچاوەی مێژوویین، دەستەی دووهەم هەندێک سەرچاوەی ئەدەبین و دەستەی سێهەم هەندێک بابەتن کە لە حافزەی بەکۆمەڵی میللەتی کورددا ماوەتەوە. 
لە بابەت دەستەی یەکەمی نووسراوەکان واتا سەرچاوە مێژووییەکان‌دا دەکرێ بڵێین بەنێوبانگ‌ترین سەرچاوەی مێژوویی کە پڕژابێتە سەر ڕووداوی قەڵای دمدم ڕاپۆرتەکەی ئەسکەندربەیگی تورکمانە که لە کتێبی عالەم‌ئارای عەباسی‌دا نووسراوە. دیارە ئەسکەندەربەیگ مونشی و میرزا و بنووسی شاعەباسی سەفەوی بووە و لە نیزیکەوە شاهیدی ئەو ڕووداوانە بووه، هەڵبەت ڕووداوەکەی لە ڕوانگەی دوژمنەوە سەیر کردووه، نەک لە ڕوانگەیەکی بێ‌لایەنەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە زۆر وردەکاریی مێژوویی دە نووسراوەکەی‌دا هەیە کە ئەگەر کەسێک وردبینانە بیخوێنێتەوە، دەتوانێ کۆمەڵه زانیارییەکی زۆر باشی لێ هەڵێنجێ.
دوکتور مەحموودزادە لە درێژەدا گوتی: 
"دەستەی دووهەم کە بریتین لە سەرچاوە ئەدەبییەکان، خۆیان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبن. دەستەی یەکەم کۆمەڵە بەیت و باوێکە کە لەو ڕووداوە مێژووییە لەسەر زار و زمانان ماوەتەوە، واتا  ئەو بەشە دەکەوێتە بواری ئەدەبی زارەکی، ڕەنگە بەناوبانگ‌ترینیان هەر ئەو تێکستە بێت کە لە توحفەی مۆزەفەریەدا لە زمان ڕەحمان بەکرەوە تۆمار کراوە، بە زاراوەی کرمانجیش دمدم کوتراوە، دەستەی دووهەم هەر لە سەرچاوە ئەدەبییەکان بریتین لە هێندیک ڕۆمان و شانۆنامە که لە بارەی دمدم‌دا نووسراون، دیارە یەکێک لەو ڕۆمانانە هەر ئەو ڕۆمانەیه کە ئەوشەو خراوەتە بەر باس‌وخواس، واتا ڕۆمانەکەی عەڕەبی شەمۆ، ڕۆمانەکەی دیکە ئی جان دۆستە، هەروەها خانمە نووسەری مەهابادیش خاتوو نەسرین جەعفەری ڕۆمانێکی لەسەر ئەو ڕووداوه مێژووییه هەیه بە ناوی "بڵیند و نەوی"."
دوکتور ڕەهبەر لە کۆتایی‌دا  گوتی:
"دەستەی سێهەم لە سەرچاوەکان کە باسم کردن یادەوەری یان حافزەی مێژوویی گەلی کورده. لەبەر ئەوەی ئەو ڕووداوە یەکێک لە بەناوبانگ‌ترین تڕاژێدییەکانە کە لە حافزەی مێژوویی خەڵکی کورددا ماوەتەوە، زۆر قسەوباس کە تێکەڵەیەکن لە ڕاستی و ناڕاستی، بەشێک وەک حەقیقەتێکی  مێژوویی و بەشێکیش وەک خورافات لەنێو زەینی خەڵک‌دا ماوەتەوە و ئەو کۆمەڵە ڕاپۆرتە زارەکییانە پێویستیان بەوە هەیە کە هێندیک کۆمەڵ‌ناس، دەروونناس و مێژووناس تۆماریان بکەن و بەشێوەی شیکارانه قسەیان لەسەر بکەن.
یاقووب خزری بەشدار بووی دیکەی "ژووری دیالۆگ"بوو کە بەڕێزیشیان وتەکانی خۆی ئاوا دەست پێکرد: کاتێک باس لە خوێندنەوەی سەر لە نوێی دەقێک دەکەین، دەچینە حەوزەی کاری ڕەخنە؛ نووسین لەو بوارەش‌دا دەبێتە کاری ڕەخنەگرانە. ئەگەر بمانهەوێ لەو چوارچێوەیەدا دەقێک لێک بدەینەوە و تەحلیلی بکەین پێویستە خاوەن مێتۆد بین؛ 
بە ڕای من مێتۆد یەکێک لە سەرەکی‌ترین بەیسەکانە بۆ وەی خوێندنەوە لە سەر دەقێک بکرێ و لە ڕووی نیزامێکی ئیستدلالییەاە دەقێک لێک بدرێتەوە و شرۆڤە بکرێ. ئەو کارە دەبێتە هۆی وەی خوێندنەوەی دەق بە پێ‌ودانی پێوەر و ئیستانداردێک بە ئەنجام بگا و ببێتە کاری ڕەخنەیی. خزری ئاماژەی بەوەش دا کە: بابەتەکانی کە لەو کۆڕەدا پێش‌کێش کران کۆمەڵێک بابەتی باش و جێگای تێڕامانیان تێدا بوو کە زەرفییەتی کاری زیاتریان هەبوو.
ئەگەر چەمکی مێتۆد و مەکتەبی مێتۆدۆلۆژی وەک یەکێک لە سەرەکی‌ترین بنەماکانی نووسین لە قەڵەم بدەین، دەتوانین چەندین سووژەی سەرەکی وەکوو حەول دان بۆ گەیشتن بە مێتۆدێکی دیاری‌کراو لە بابەتەکانی پێش‌کێش کراودا بدۆزینەوە، بۆ نموونە تێمی ناسیۆنالیسم، پرسی ئەمنییەتی قەڵای دمدم، بوێری دانیشتووانی قەڵا، باسی غیرەت و ئازایەتی ژنانی قەڵا و هەروەها باسێکی تەحلیلی لەسەر قەڵای دمدم(تەحلیلی تڕاژێدیای قەڵای دمدم لە ڕوانگەی ژوولیا کریستێوا) و کۆمەڵێک مەوزووعی تر   ببوونە هۆی وەی کە هێندێک سووژەی تازە و جێگای تێڕامان لە بابەتەکان‌دا وەبەر چاو بێن. بۆیە پێم وایە  ئەو دانیشتنانە سەرەڕای وەی که دەبنە هۆی خوڵقانی دیسکورسی نوێ لە حەوزەی تەحلیلی دەق‌گەلی ئەدەبی‌دا، دەبنە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک قەڵەمی تازە و جیددی لە خاتوونانی ئێمەدا...بەختەوەرانە هەم پۆتانسییەلەکە لە خاتوونەکان‌دا هەیە هەم ئیرادەیەک بۆ کاری جیددی‌تر و گەورەتر. 
یاقووب خزری لە درێژەدا هێندێک باس‌وخواسی لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی ڕەخنە و مێتۆدۆلۆژی هێنایە بەرباس کە لە لایان خاتوونانی ژووری دیالۆگ پێشوازییەکی باشی لێکرا.
بەشی کۆتایی ئەو کۆڕە ئانلاینە تەرخان کرا بە کۆبەندییەک لە ڕوانگەگەلی جیاواز و بۆچوونی هاوڕێیانی ترمان، ئینجا شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەم کتێبەش کۆتایی پێ هات و خاتوونانی دیالۆگ بۆ مانگی داهاتوو تیشک دەخەنە سەر کتێبی "هاوارەبەرە و میرزا"ی مامۆستا فەتاح ئەمیری. سپاس و پێزانین بۆ هەر دوو مامۆستای بەشدار بوو لە کۆڕی ئێمەدا. هیوا دەخوازین لە داهاتوودا دەسکەوتی بەهێزتر بۆ ئێمە و خاتوونەکان بڕەخسێ بۆ گەشە کردنی ئاستی زانیاریی ژنانی کۆمەڵگا.
سه‌رچاوه: "ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد"