هاژه، ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی کۆنی کورد له یاده‌وه‌ری زۆربه‌مان تا ئێستاش شوێنگره‌وه‌یان نیه.
گۆرانییه کۆنه‌کان تا کۆنتر ده‌بن ئاسانتر دژهدهکهنه دڵ و ده‌روونی گوێگره‌وه، زۆرێک له‌و به‌رهه‌مانه هونه‌رمه‌ندان له نێو ناڕه‌حه‌تی و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و ڕێگری زۆردا به‌رهه‌میان هێناون.
چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی کورد به ژیانی خۆیان قوربانیان داوه، له ڕێگری خێزان و کۆمه‌ڵگا یاخی بوون، سزاکانی دابونه‌ریت راینهگرتن و کۆڵ‌یان نه‌دا تا خۆیان خزانده مێژووه‌وه و چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌یان چڕی، خزمه‌تی گه‌وره‌یان بۆ هونه‌ر و موسیقای کوردی به‌جێهێشت.
عه‌باس که‌مه‌ندی له ساڵی ۱۳۳۱ی هه‌تاوی له شاری سنه له داییک ده‌بێ و له منداڵی‌دا له‌گه‌ل ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری کوردی ئاشنا ده‌بێ.
سه‌ره‌تای کاری هونه‌ری عه‌باس که‌مه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌مه‌نی ۱۸ ساڵی و پاشان به نوسینی داستانی "شه‌و بوو و حه‌مه شوان" له رادیۆ سنه ده‌ستی به‌کار کرد.
دوو ساڵ دوای ده‌ستبه‌کار بوونی له رادیۆ سنه له ده‌نگ و ڕه‌نگی سنه ده‌ستی به نوسین بۆ به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤیزیۆن و شانۆنامه بۆ فیلم کرد، له په‌نای نوسین دوبلاژکارێکی زۆر به‌تواناش بوو.
عه‌باس که‌مه‌ندی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی به میرات بۆ ماوهبۆوە، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌که‌ی گۆرانی کوتنیان به عه‌یبه ده‌زانی و ده‌یانگوت نابێ ئه‌و دهنگخۆشیه له چوارچێوه‌ی خانه‌واده‌یی بچێته ده‌ر.
له‌و سه‌رده‌مه ده‌یان گۆرانی بێژ له رادیو سنه له ترسی لۅمهی خێزانه‌کانیان به‌ناوی خوازراو کاریان ده‌کرد.
که‌مه‌ندی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تووشی گوشاری خانه‌واده‌که‌ی بووه‌وه تا ده‌ستبه‌رداری گۆرانیگوتن بێت، به‌ڵام ئه‌و به‌ربه‌سته‌کانی شکاند‌و تا لوتکه نه‌وه‌ستا.
که‌مه‌ندی له ساڵه‌کانی ۵۰ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن کامکار ئاشنا ده‌بێ و یه‌که‌م به‌رهه‌می خۆی له هۆنراوه‌کانی حه‌سه‌ن کامکار تۆمار ده‌کات و هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته ده‌ستپێکێکی باش بۆ کاری پڕۆفێشیناڵی موزیک، پاشان کاری موزیک له‌گه‌ل کوڕه‌کانی حه‌سه‌ن کامکار واته گرووهی کامکار درێژه‌دا.
زۆربه‌ی ئاڵبۆمەکانی له‌گه‌ل گرووپی کامکار که باشترین میوزیکژه‌نه‌کانی کوردستان بون تۆمار کراون.
عه‌باس که‌مه‌ندی یه‌که‌مین ئاڵبۆمی خۆی به نێوی هه‌ورامان به هاوکاری له‌گه‌ل گرووهی کامکار بڵاو ده‌کاته‌وه و پاشان ئاڵبۆمه‌کانی پڕشه‌نگ، گه‌لاوێژ و کیژی کورد بڵاو ده‌کاته‌وه که ئاوازی کیژی کورد له لایه‌ن محه‌ممه‌د جه‌لیلی عه‌نده‌لیبی بۆ دانراوه.
گۆرانی و شێعره‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده که به ئیلهام له جوانییه‌کانی هه‌ورامان و کوردستان ڕازاوه‌ته‌وه سه‌راسه‌ر جوانی و هەست و دڵداریه و خوێن و کوشتار به هیچ یه‌ک له کاره‌کانییه‌وه دیار نییه.
که‌مه‌ندی زیاتر له ۷ کتێبی نووسیوه و له هه‌مان کات دا په‌ره‌ی به کاری توێژینه‌وه له بواری ناساندنی که‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌کانی کوردستان وه‌کو سه‌نجه‌رخان و سه‌یدعه‌تا و پاڵه‌وان حسێن، گوڵزار کرماشانی و چه‌ندین که‌سایه‌تی و شوێنه‌واری کۆن داوه.
عه‌باس که‌مه‌ندی دوای ساڵانێکی زۆر خزمه‌ت به هونه‌ر و موزیکی کوردی به‌یانی ڕوژی پێنجشه‌ممه له یه‌که‌مین ڕۆژی مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ۱۳۹۳ له ته‌مه‌نی ۶۲ سالیدا به هۆی وه‌ستانی دڵ له بیمارستانی تەوحیدی سنه ماڵئاوایی له ژیان کرد.